وڕێنە

از کتاب:
کاروانی خەیاڵ
اثر:
هیدی (1927-2016)
 2 دقیقه  1406 مشاهده
من بە خورپەی دڵ دەزانم هەستی پێی جانانە دێ
خۆشەویستی کاری خۆی کرد، شەم لە دووی پەروانە دێ
سەیرە پێم، من بۆ بە گۆشەی چاوی نەشئەی دەمگرێ
حاڵەتی وا چون هەمیشە هەر لە دووی پەیمانە دێ
گەر پەرێشانم دەبینێ ساقی نازی کەمترە
بۆیە بەینێکە وەباڵ بەستۆم، ئەویش پیاوانە دێ
لێی گەڕێ، توخوا شەماڵیش بۆنی کەزیەت هەڵمژێ
گرژ و تووڕە جاربەجارێ گەر لە داخی شانە دێ
چاوی مەستت بێ هەموو شت کێشە دەفرۆشێ، بەڵام
ئاگری فیتنە لە گۆڕی ئەو کل و کلدانە دێ
من لە دەس مەستی پەنام بۆ خانەقا برد، دەمدی شێخ
ئاوەدان بێ وردە وردە وا لە لای مەیخانە دێ
ماچی لێوت گەر بە نرخی گیانی شیرین دەس کەوێ
کەس نییە گیانی بوێ، فەرزانە دێ، دێوانە دێ
خاڵی پیرۆزەت خواپێداوە وا باش کەوتووە
هیچ بە خۆیدا نایە، ئەمما هێندە لەو لێوانە دێ
باسی جوانیت گەر لە کۆڕێ بێتە گۆڕێ یەک بە یەک
گوارە دێ ڕازێکی دێنێ، بازنە دێ، پاوانە دێ
من دەزانم شێعری من وێنەی تەواوی تۆ نییە
مەشقی ئەگریجەت دەکەم من ئەو وەکوو ڕیحانە دێ
«هێدیتخلص» لێم نەگری وڕێنە ئەوڕۆ، مەرجی ئێمە بێ
دەرد ئەگەر دەردی ئەڤین بوو، واژە هەر شێتانە دێ