من و ڕەقیب
از کتاب:
کاروانی خەیاڵ
اثر:
هیدی (1927-2016)
2 دقیقه
1353 مشاهده
ئەوە کاتی پەلامارە ڕەقیب با بێتە مەیدانێ
ئەوی ناپاک و ناحەز بوو بە کوردوستانەکەم کوانێ
هەتا نەیئەنجنم، وردی نەکەم، ئەو شێتە نازانێ
کوڕی کوردی بە تێن و تاقەتە وەک شێری نێو لانێ
هەمووی لە گیان و ماڵ ڕابردووە مەیلی نیشتمان نانێ
ئەگەر سەد ئەفسەری نازدار و سەرهەنگی بەنێوبانگە
لەجێی سەر نێزە گەر هاڕەی فڕۆکە و نەعرەتەی تانگە
لەلام هیچە فیشەکدانی بەری پێم خشڵی لاجانگە
کە دیتی تاقە کوردێکی بە غیرەت دیارە لە ڕوانگە
چەق و چۆ دەیگرێ و دەگری بەتاو وەک ڕێژنی بارانێ
لەژێر چەنگم ڕەها نابێ ئەگەر سەد گیانی هێنابێ
ئەگەر کفنی دڕیبێ سەد کەڕەت، ئەوجار دەبێ ڕابێ
لەجێی کفنی سپی گیانی لەنێو گێژاوی خوێندا بێ
لەشی بێ ڕوح وەکوو زریان ڕنوی بەفرانی هەل نابێ
دەبێ هەڵچندرێ ئەو جار لە شیو و باسکی کوێستانێ
وەها نەخشی دڵی خەمدیوە مەیلی خاکی ڕەنگینم
بە تۆفانی جەفا دانامرێ هاڵاوی ئاگرینم
لەسەر سەفحەی دڵم جێگیرە بۆتە دین و ئایینم
وەتەن ئەی نیشتمانی خۆشم ئەی مەڵبەندی نەسرینم
ئەتۆی ئارامی دڵ بۆیە بەبێ تۆ ناگرێ سامانێ
دە سەنگەردام و ناترسم دڵم پر تین و هێزدارە
دەبێ بڕوا بەبەر پێما ئەگەر سوێسن، ئەگەر خارە
لەلام زۆر خۆشترە کوژرانی ناو سەنگەر لە سێدارە
بە نوکی نێزەکەم جەرگی ڕەقیب وەک قەل لەسەر دارە
نەشێواوم کوڕێک نیم کەس بڵێ بۆ گەل لە ڕوح نانێ