بەهاری کوردستان
از کتاب:
کاروانی خەیاڵ
اثر:
هیدی (1927-2016)
4 دقیقه
1801 مشاهده
چەند لە خونچەی بەربەیانی جوانە زەردە و پێکەنین
بۆ نەمامی بەژنی تۆ سەد هێندە چۆپی و هەڵپەڕین
دیمەنی شیرین و کۆڵمی سوور و بەژنی ڕێکوپێک
کەس تەماشای تۆی نەکرد وەک من کە نەیگوت ئافەرین
گوێت لە من بگرە گوڵم تاکوو بە کوردی پێت بڵێم:
باسی کوردستانی گەورە یان بەهەشتی سەر زەمین
لەشکری بای وەعدە هات و تەپڵی شادی گرتە دەس
نایە بەر پێ شاخ و هەرد و کەویەبەفری هەڵدڕین
ئاوەچۆڕەی کەوتە بن، بەفری نواڵە و شیو و دۆڵ
تک تکەی دەڕژێت و دەترووسکێ وەکوو دوڕڕی سەمین
خاکەلێوە هات بە ئاڵای دەوڵەتی نەورۆزەوە
دایکوتا پەرچەم لەسەر کوێستانێ وێنەی فاتحین
هەوری پۆل پۆل و گەواڵی دان بەسەر یەکدا شەماڵ
جێگە تەنگ بوو، پێکی دادان پێچەوانە و ڕاستەقین
کوێر و کەڕ سەرسامن، ئەو دەڕوانێ، ئەو گوێ هەڵدەخا
یان شریخەی هەورە یان بەرقی بریسکە و تێکخوڕین
خۆرنشین دەیدا بەسەر خۆیدا کە بۆ ڕۆژ هەڵنەهات
ڕۆژهەڵات دەیدا بە ئەژنۆیدا لە تاوی خۆرنشین
دایڕژاند باران بە خاکی کوردەواریدا چلۆن
هەر وەکوو فرمێسکەکانی من لە دووری تۆ گرین
چیمەنی کردۆتە پایەندازی بووکی سەر چڵوک
شەونمی کردۆتە گوارەی گوێی گوڵاڵەی سوور و شین
بولبولی مەست هەڵوەدای یاقووتی ناو پیرۆزەیە
دەردەداری عیشقە کەنگێ سەر دەنێتە سەر سەرین
چۆن بنووسم من کە چۆن شللێر و بەیبوون لێک دران؟
چۆنی تاریف کەم کە چۆن مەندۆک و بیزا تێک بەزین؟
توولە ڕێواسی سەری هەڵدا، دڕی پەردەی حەیا
ناسک و تورت و سپی وەک قۆڵی یاری نازەنین
بانەمەڕ هات و هەواری بۆ نشیمەن هەڵبژارد
وەک لەسەر تەختی زومەڕڕەد دابەزێ سوڵتانی چین
بۆ بەخێرهێنانی میوانی بەڕێزی هەردوبۆ
چاوەڕێ وێستاوە داوێن پڕ لە لالەی عەنبەرین
ڕاپەری قومری سەری خونچەی پساند و خستیە پێی
وەک کە شێوەی کوردەکانە گاو و گەردوون سەربڕین
بای شنە بۆ پێشوازی نەرم و هێدی کەوتە ڕێ
زێڕوەشانی کرد سکەی بێ نەخشی پەلکی یاسەمین
خێڵ ئەوە بارگەوبنەی هەڵبەست و گەورەی قافڵە
کاروانی بردە سەرچاوەی ژیان و دابەزین
وەک قەڵای ئەو عێلە بێ سەرهۆزی سەنگین و گران
چادری هەڵداوە نۆ ئەستونەک و سێ لا بەرین
لاوی شۆخ و شەنگە سەرگەرمی جلیت و تەقڵەیە
بێریە باسکی هەڵ دەکا دەڕوا بە قاقای پێکەنین
لایە کاڕەی مێگەڵی پاراو و نرکەی شەکبەران
لای تری حیلەی کەحێلی تۆسن و ئەسپی بەزین
زمزمەی جوتێرە، دەنگی لاوکە، گۆرانییە
هەڵپەڕینە، داوەتە، شەکوایە، ئێخەدادڕین
شوانە بلوێری وە ناڵین خستووە بەیتی کۆن دەکا
کاکە مەم خۆی وای نەزانیوە هەواڵی خاتوو زین
گەرچی شیرینە بەسەرهاتی سیامەندیش دەڵێ:
هەر لە پێناوی وەتەن سەر بەرز ئەکا هەڵئاوەسین
یانی ئەو خاکە گەلێک لاوی لەدەس داون بەڵام
حەیفە بۆ غەیری شەهیدانی وەتەن گریان و شین
تا بە چاوی خۆت ببینی هەرچی ئەوڕۆ لێی دوام
دەستی من بگرە وەرە ئەی خۆشەویستم با بچین
ناتەوێ کۆشکی بڵیند و بورج و قەسر و سەرسەرا
ئەستەڕمکان و قەندیلمکان و سامڕەندمکان و سپیڕێزمکانت کە دین
زۆری پێ ناچێ کە ئەمن و تۆ بە کوێری دوژمنان
پێکەوە سەربەست و ئازاد هەر لەناو گەلدا دەژین
دەستی یەک دەگرین و وێکڕا سەیری کوردستان دەکەین
ئێمە کۆیلەی کوردەکانین وەک سیامەند نامرین
هێندی من دیتم لە ڕابوردووی ژیانم سوێر و تاڵ
هەر بە ڕزگاری وڵاتم دەکرێ ساڕێژی برین
لەو بەهارە خۆشەدا، لەو شادییە پیرۆزەدا
پێشکەشی بەژنی جوانی تۆ سڵاوی ئاگرین