خدرە شێت

از کتاب:
کاروانی خەیاڵ
اثر:
هیدی (1927-2016)
 11 دقیقه  1142 مشاهده
زۆر کەس هەیە لەو دنیایە
کەیفی دەگەڵ شێت هەر نایە
بیبینێ بێزی هەڵدەستێ
دەچێ دوور لێی ڕادەوەستێ
خۆ ڕاستە شێت بێ ئەنوایە
بەڵام من خۆم لەلام وایە
شێتی نەک هەر زەرەر نییە
لە شێتی باشتر هەر نییە
من شێتکی گێژ و هێڕم
بێجگە لەوەش، شەلم گێڕم
لە ماڵێدا ژنم، خەسووم
بە شێتە شێت دەکەونە دووم
هەر دەمبینن خاو و خێزان
لێم دەکەن بە چەپڵەڕێزان
کوڕەکەی خۆم ئەو بچکۆلە
بانگم دەکا بابە حۆلە
کێ بخلیسکێ لە حەسارێ
جنێو بۆ من دادەبارێ
هەر چی ناشیرن و کرێتە
دەڵێن ئیشی خدرەشێتە
منیش لە پێشدا وا نەبووم
ئێستە بەو ناوە ڕاهاتووم
ئەگەر بە شێت ناوم نەبەن
ناوێکی ترم لێ هەڵدەن
ئیتر جوابیان نادەمەوە
هەر لاشیان لێ ناکەمەوە
ئێوارێ، سبەینێ، شەوێ
لەسەر نانی، وەختی خەوێ
لێکدا لێکدا ژن و خەسووم
وەک کەو ئەخوێنن بەرەوڕووم
یەکیان لەو بەر یەکیان لەو بەر
ئیتر سەرم داوێنە سەر
قەت ناهێڵن سەرم هەڵێ
ئەم لێی بڕا ئەویان دەڵێ
حۆلە کەی نانخواردن وایە
یان هێرە لاچۆ لەو لایە
یەک ئەڵێ چڵمت بستڕە
بۆ بە دایم لوتت پڕە
یەک ئەڵێ قسە نازانی
بۆ ئەدوێی لەگەڵ میوانی
حەیای ئێمەش ئەبەی گێژە
ئەو زبڵەی بەرە بیڕێژە
ئەوی قەت منی نەدیوە
وەک کێچ دە کەوڵم خزیوە
دەگەڵ: فیتوو، هێ هێ و هۆ هۆ
جاڕزیان کردووم چەقەسرۆ
ئەوانەی وا بە ملهوڕی
«شێت»یان بەسەر مندا بڕی
جا چۆن دەس لە من هەڵگرن
ئەوان خۆ لە من شێتترن
زۆریش هەوڵ ئەدەم تێ ناگەن
دەڵێم بەڵکوو لام لێ لادەن
تووڕە بم، ئەڵێن چی بووه؟
شێتە خۆی هەڵمساندووە
پێبکەنم، لە هەموو لاوە
پێم ئەڵێن لە سەری داوە
هەر چی بیکەم منی ڕەبەن
ئەوان قسەی خۆیان دەکەن
هەر نەمتوانی بەنیان بادەم
منیش خۆم ناراحەت ناکەم!
***
پارەکە ڕۆژی جێژن بوو
ماڵم پڕ لە پیرێژن بوو
خێزان و خەسووم دووبەدوو
هەردووک خۆیان ساز کردبوو
دەچوونە سەردانی خزمان
هەر دەمام منی بەستەزمان
پێیان قاڕ بوو منیش بەرن
منداڵیشم پێ هەڵگرن
هەر دووک جلکی نوێیان لەبەر
یەکی تاسێکی زێڕ لەسەر
خەسووم شانەی لە دەستا بوو
لەبەر ئاوێنە وێستابوو
بانگی کردم: لە کوێی حۆلە؟
بۆ چوویە ئەو ژوورە چۆلە؟
گوتم: وەڵڵا خاتوونی خۆم
ئەوە قاپ و کەوچک دەشۆم
گوتی: وەرە، ئیتر ئەوڕۆ
ئاقڵ بە کۆڵانان مەچۆ
وا من و کیژەکەم ئەڕۆین
نیوەڕۆش لای ئەوان ئەخۆین
تۆش خۆت ساز کە ئەو نەورۆزە
ئەتنێرمە جێژنە پیرۆزە
بچۆ جل و جۆرت بێنە
وریاش بە شتی مەشکێنە
شێت و شێتبازی وەلا نێ
ئەوەش جێژنانەکەت، هانێ
لە پێوە تا تۆقی سەرم
جلکی نوێیان کردە بەرم
هەر بۆ تەشقەڵە بە ئەنقەست
خەسووم پشتێنی بۆم دەبەست:
- ئای ئای هێڕە ئەوە لە کوێی
- بۆ هەر بەولا و بەولا دادێی
بۆ نازانی باش ڕاوەستی
دەڵێی نەمەیوی هێند سستی
لوتت هێندە هەڵمەهێنە
دەست لە گیرفانت دەرێنە
ئیتر بۆ هەر ماڵێ کە چووی
هەر لە دەروازە ئاوا بووی
وەک خەرتەلی هەڵمەنیشە
بچۆ سەر کورسی دانیشە
خۆت وا دانێ کە تۆش شتی
تێ گەیشتی چم پێ گوتی؟
هێڕە ئیتر نەچی لەوێ
پەڵە وە جلکت بکەوێ
کێ خزم و دەرا و سێمانە
ئەو کاغەزەش لیستەی وانە
ماڵی خاڵم، خوشکە پەریم
لەوێوە، ماڵی کاک کەریم
چوزانم، هەمووم نووسیوە
دەزانم هیچت نەدیوە
نەکەی لێت تێک چێ وریا بە
جێژنە پیرۆزەیه و دابە
ئەوی لە تۆ گەورەترن
دەستیان ماچ کە لە پیاو و ژن
بەڵام بۆ گچکە وا نییە
گچکە ماچکردن چا نییە
شیرنی تەنیا دەنکێک بخۆ
زۆریش لەسەر قسە مەڕۆ
هەر چی خواردت مڵچەت نەیە
مڵچەت بێ سەرشۆڕی مەیە
شۆکۆڵاتیش ئەوی هەبن
بێدەنگ بیانهێنەوە بۆ من 
جێژنانەش لە کەس وەرنەگری
دەزانم بۆ پارە دەمری
لە هیچ کوێ زۆر دایمەبەستە
هەر تاوێکت پێ چوو هەستە
هەتا لە چەنگی ڕزگار بووم
باوەڕ کە لە خۆم بێزار بووم
هاتم لە دەرکێ بچمە دەر
خێڵەی ژنم گەیشتە سەر:
دەک هێڕە لەت و پەت کرێی
یاخوا وەبەر خەنجەر درێی
خۆ دەستی دایکمت ماچ نەکرد
خوایە هێڕە بۆ هەر نەمرد؟!
گەڕامەوە زەلام، زەلام
بە دەستی خەسوومدا نووسام
گوتم ئیشی ویش بڕاوە
تەشقەڵەی تری نەماوە
کە چی هات خۆی گەیاندە لام
چەپۆکێکی هەر پێدا دام
پاڵەپەستۆی دام بۆ دەرێ
بەڕێی کردم بۆ سەفەرێ!!
کە چوومە دەر هەر ئەو کاتە
بەو ژیان و بەسەرهاتە
لە کوچە لاقم ڕاکێشا
هێند پێکەنیم زگم دێشا
***
ئەوجار وەک بارگینی بێ ناڵ
وەڕێ کەوتم بۆ هەوەڵ ماڵ
دەرکەم کوتا زۆر پێ نەچوو
هەستێک لە حەوشە پەیدا بوو
کیژێکی گچکە هاتە دەر
خشتیلە و خاوەن سەروبەر
هەر منی دی بە هەڵەدا
خۆی بە دەرکی ژوورێ دادا
هاواری کرد.... دایە، دایە
شێتێک ئەوە لە دەرگایە
وەک زاواکەی پوورم دەچێ
گوتێ: بچۆ، بڵێ... با بێ
نیزیک ببۆوە ڕێگەی دوور
بسم اللەم کرد و چوومە ژوور
ماچم کرد دەستی گەورە ژن
ئەویش پرسی لە حاڵی من
کیژی گەورەیان خوێندکار بوو
زانین لە ئاکاری دیار بوو
پاش تاوێک ئەویش هاتە ژوور
بەڵام چ بێ وەک بووکی سوور
هەستام گوتم: بووکە سوورە
تۆ چەند ساڵ ئەبی؟ ببوورە!
گوتی: بە قسەی دایک و بابم
هەر نۆزدە ساڵ دەبم و نابم
لەبن لێوم، گوتم، لەوێ
ماچ نابێ کوشینی دەوێ
گوتی: چی چی؟ نێرە زەلام
ئەو تەوسە چ بوو پێتدا دام؟
گوتم: دەستت دەڵێم ئەتۆ
ڕاوەستە بەسەرم مەڕۆ
من تەمەنم بۆتە سی ساڵ
ئەتۆش نۆزدەی بە حاڵەحاڵ
کە وابێ من گەورەترم
جا بۆیە دەبەرت مرم
ئەگەر دەستت ماچ کەم نابێ
خەسووم گوتی ئەبێ وابێ
لە قاقای پێکەنینیان دا
شیرنی و شتی تریان هێنا
دەگەڵ قسەی زەلام زەلام
تا توانیم شیرنیم خوارد بەڵام
شۆکۆڵاتە نەرمەکانم
سەبرێک داویشتە گیرفانم
ئیتر ئەبوو بڕۆم لەوێ
تا لێم وەدرەنگی نەکەوێ
پێڵاوەکانم دەست دانێ
دە پێم نەکرد تا کۆڵانێ
ئەگەر سەیری گیرفانم کرد
پڕ بوون چی تریان نەدەبرد
ئەوی لە کاغەز نووسرابوو
سەری هەموویانم دابوو
هەر مابوو ماڵی لالەخان
ماڵی تۆزێک دوور بوو لێمان
دەستە خوشکی خێلەی من بوو
عەیب نەبێ! بێوەژن بوو
مێردەکەی دوو ساڵ لەمەوبەر
ئەمری هەقی گەیشتە سەر
هەستا بارگە و بنهی تێک نا
ئەو ژنەی لەپاش بەجێ ما
هەر چەند لە هیچی کەم نەبوو
لەسەر وەشڕا بێ خەم نەبوو
لە کۆشک و لە پارە و تەلار
هەمووی هەبوون هەزار هەزار
سایە چەور و دەست بەخێر بوو
بەڵام ئەویش وەجاغ کوێر بوو
لەدوای ڕەحمەتی، لالەخان
کەوتە ناو سەروەت و سامان
سینگ و بەرۆکی خۆم تەکاند
بۆ وێ دەلاقانم وەراند
***
دەستم بۆ جەرەس درێژ کرد
دەرکەم هەر لە ڕێسمەش نەبرد!
لالەخان دەرکی کردەوە
ئیتر هەر واقم بردەوە
ئای لەو ژنە خانومانە
ئای لەو لەشە نەرم و جوانە
زاری وەک دەمی خونچە تەنگ
پرچی ڕەشی وەک شەوەزەنگ
لە عەیبەت لاجانگی تەرزی
پەرەنگی گوارەی دەلەرزی
کراس لە سینگس دەخزی
مەمکی دادەگرت بە دزی
تاوێک عەبەسام! لەدوایی
ڕۆژباشم کرد بە ئەسپایی
کە ئەو وەڵامی دامەوە
تۆزێک منیش بووژامەوە
بە ڕووخۆشی گوتی: فەرموو
ئەحواڵت چۆنە لەگەڵ زوو؟
گوتم: دەسەر سەرت گەڕێم
باشم ئەگەر باش بێتە ڕێم
گوتی: ڕاستە تۆ گۆڕاوی
شێت بووی لەسەرخۆ نەماوی؟
گوتم: ئەگەر ڕاستت دەوێ
مەرگی منت ڕەپێش کەوێ
ئەگەر شێتیش نەبام ئەتۆ
شێتت هەر دەکردم ئەوڕۆ
بەڕاست تۆ تەمەنت چەندە؟
زەردەی هاتێ دەتگوت قەندە
گوتی: وەک بێتە خەیاڵم
من ئێستە سی و یەک ساڵم
گوتم: جا بێ زەنا زەنا
بێنە دەستت ماچ کەم دەنا
هەر بە خەسووم بگاتەوە
ڕەش و شینم دەکاتەوە
ئەویش هێندەم پێ پێکەنی
بە پێکەنین خۆی کرد خەنی
دەستی هێنا بەڵام چ دەست
لە تاوان لێوی خۆم دەگەست
ڕاست باشە، بەڵا لە درۆدا
درۆ ناکەم لە ڕووی تۆدا
منیش زۆر بە تامەزرۆیی
ماچم کرد نەمکرد نامۆیی
لێوم بە دەستیەوە نابوو
هێشتە دەستم بەر نەدابوو
گوتی: من قاوەم لێناوە
تۆ شەربەت دەخۆی یان قاوە؟
گوتم: قاوەم پێ خۆش نییە
شەربەتیش نازانم چییە!
بە من بێ ئەوان هەڵگرە
شۆکۆڵات لەوان خۆشترە
گوتی: شیرنی قەیدی نییە
من مەبەستم «ئاوەکی»یە
***
هەر ئەوەندەی گوت و هەستا
لەسەر قسەم ڕانەوەستا
چوو بۆ شەربەت بە کوتەکوت
منیش لە دڵی خۆمدا دەمگوت:
- شەربەت، شەربەت، شەربەت چییە
دەی جا چ بوو ئاوەکییە
ڕەنگە پێی وابێ بە فیزم
نازانێ لەخۆ دەمیزم
تا توند لەوێ بێ شل چییە
شۆکۆڵات بۆچی وەک وییە
وەڵڵا، لەسەر ئەو جوانییە
فڕی بە دنیاوە نییە
من لەوەدابووم هاتەوە
دەتگوت خەون دەمباتەوە
شووشەی لە پێشم هەڵچنی
گڵاسی دانان لەکنی
ئەوجار لەسەر کورسی نەرم 
خۆشی دانیشت بەرانبەرم
ئیتر من تەکبیرم چ بێ؟
گوتم: چی ئەبێ با ببێ
هەر ئەو گڵاسێ یەک ئەمن
تا شووشەمان هێنان لەبن
بەتاڵم کرد نە یەک نە دوو
هەر هات و سەرم گەرم بوو
هەوەڵ قومی پێم خۆش نەبوو
تۆزێک ڕەگی تاڵی هەبوو
دوایی ئاگام لە خۆم بڕا
خەسوو مەسووم لەبیر نەما
گەرم داییسام وەک ئاگر
بە خۆم نەبوو، ترسام ئاخر
من دانیشتبووم لەخۆڕا
هۆدە لە دەورم دەسووڕا
پەنجەرە و دەرک و لاشیپان
هیچی لەجێی خۆیان نەمان
مشکم لێ دەبوو بە زەلام
ئەوەش قەیدی نەبوو بەڵام
لالە کە هیچ عەیبی نەبوو
دەگەڵ خێلەی لێم تێک دەچوو
سێ سەعاتیش پتر پێ چوو
من سەرەگێژەم هەر لێبوو
ئەوجار ئیتر پاڕامەوە
هێندێ دڵخۆشی دامەوە
تۆ بۆ لە خەسووت دەترسی؟
گوتم دەشزانی و دەشپرسی
ئاخر من هۆشم چا نییە
ئیشم لەجێی خۆیدا نییە
گوتی: کێ دەڵێ تۆ هێڕی؟
هێڕی چی تۆ دەڵێی زێڕی
ڕۆژ خەریک بوو ئاوا دەبوو
تیشک ڕووی لە حەوا دەبوو
هەر چەند دڵم هەر نەیدەویست
بەڵام قسەی ئەوم نەبیست
بە نابەدڵ هاتمە دەرێ
ڕۆژم ئاوا بردە سەرێ
کە کیسە و قەننەم دەس دایە
هاتم بگەمە بێڵایە
باش بوو ئەوەم لەبیر نەچوو
ئەوەندەشمان گوت دووبەدوو
ئامان لای خەسووم باس مەکە
نەء تۆش هیچ مەڵێ شێتەکە
***
هاتمەوە ماڵ بە قنە قن
ئەو ڕۆژە نا ڕۆژی دوای من
خێزان و خەسووم لێ بڕان
بچنە دیتنی لالە خان
هەر تاوێک لەوێ بوون و زوو
هاتنەوە زۆریان پێ نەچوو
ئیتر بەناو ماڵێ وەربوون
هەردووکیان دە گیانم بەربوون
خێزانم ڕووی خۆی دەڕنی...
زەندەقت دەچوو لەکنی
تێڵایەکی لە دەستا بوو
لەسەر دەرفەت ڕاوەستابوو
خەسووم هەر کەفی دەپڕژاند
دەهات و دەچوو دەیقیژاند
جا من بڵێم چی دەگەڵ تۆ
ئەتۆ و ناوخزم و هاتوچۆ؟
منیش ئاگام لە هیچ نییە
هەر نازانم ئەوە چییە
- شێتەی ئاگا لەخۆ بڕاو
ئەتۆ و غەڵەتی وا گڵاو؟
لێرە هەستای حۆلی لاپان
ئاوا چوویە لای لالەخان؟
هەر ناوی لالەخانی برد
لە ئەژنۆ بەرەژێرم مرد
لەشم سڕ بوو، دڵم لەرزی
لەوێ کەوتمە سەر عەرزی
هاتم بڵێم سووچی وی بوو
من ئاوکیم لە کوێ دیبوو
نەیهێشت قسەکەم دەربڕم
نەیهێشت هەر دەم هەڵپچڕم
کڕ بە کڕ دەنگت دەر نەیە
ئاگات لە دم و لەوسی هەیە؟
دەمگوت هەر گێل و ناوریای
نەمدەزانی وا ماخولیای
دەگەڵ دەستەخوشکی ژنێت...
جا چت پێ بڵێم خدرە شێت؟
ئاخر ئەو کاتە ئەتۆم نارد
چەند کەڕەتم بە تۆ ئەسپارد
هەر جێیە چووی وەک عیسانان
ڕاست بچۆ ژووری میوانان
لای لالەخان بۆ وات نەکرد؟
بە جارێ حەیای ئێمەت برد
لەوێ لە دەرکێ ڕاوەستای
هەر چەندی حەولی لەگەڵ دای
هەر گوێت نەدایە دووربەدوور
گوتت تەنیای نایەمە ژوور
ئەسپاردەی منت لەبیر کرد
ئەویشت ئاوا دڵگیر کرد
چی دیش ڕقم هەڵ مەستێنە
هەستە ملی خۆت بشکێنە
ئەو پارەی بگرە و هەر ئێستە
ئیتر لە هیچ کوێ مەوێستە
هێندێک شیرنی بکڕە و دیسان
بچۆوە بۆ لای لالەخان
بەڵام ئەوجار بچۆ ژوورێ
داوای لێ بکە لێت ببوورێ
با گلەییم نەهێتە سەر
بەڵکوو لە دڵی بچێتە دەر
***
پارەم وەرگرت و چووم گەڕام
باژێرم هەموو کرد بەڵام
شتی تر ئەقڵم نەیبڕی
منیش هەر ئاوەکیم کڕی!!
دەستم بە سمێڵاندا هێنا
ئەوجاریش ملم لەڕێ نا
بۆ لای ماڵی لالەخان چووم
بەڵام هەر بە دەستووری زووم
دەستەو داوێنی بووم هەتا
هیچ گرێی لە دڵدا نەما!
ئاوا دڵی ویشم داوە
کێشەی خەسووشم بڕاوە
ئەوەندەش ماوە پێت بڵێم
بەو شەرتە دە دڵی نەگری لێم
ئەگەر ئەقڵت هەیە کاکە...
ئەتۆش هەر خۆت شێت کەی چاکە
شێتی نەک هەر زەرەر نییە
لە شێتی باشتر هەر نییە
کێ ئەقڵی پارسەنگی دەوێ
شت هەر وەگیر ئەو دەکەوێ
لەوەشدا کێ دەمکا لۆمە
ئەویش هەر ئاواڵی خۆمە