گلەیینامە
از کتاب:
سروەی بەربەیان
اثر:
قانع (1898-1965)
1 دقیقه
904 مشاهده
کاکی شاعیر! وا دیارە ئارەزووی مەیدان ئەکەی
هەجوی شێری بێشەڵانی کۆمەڵی کوردان ئەکەی
چیت لە دەست دەرچوو کە ئێستە وێڵ و سەرگەردانی بۆی
بۆچ بە ناحەق هاوبەشی (....) پێپان ئەکەی؟
سەد هەزاران نەوجوانی شێرەزای میللەت کوژان
ئێستە مەیلی ئیلتیامی (....) کوردان ئەکەی؟
خۆڵەمێشێ بوو لە ماڵی ئالی ئەییووب وایە کرد
ناری نەمروودی لە ژێر چی مەخفی و پەنهان ئەکەی؟
شۆڕەسوارانی غەیوورم چاوی خۆیان هەڵبری
کاکە گیان تۆ چۆن خەیاڵی سەرکزیی کوردان ئەکەی؟
مارەکەی شێخ هۆمەرە، زۆر چاک لە من حاڵیتری
دەردی دواکەوتووی وڵاتم تۆ بە چی دەرمان ئەکەی؟
مام و باپیر و برا و عەشرەتم کوژران و چوون
تازە سوڵحی حەربی بەینی ئادەم و شەیتان ئەکەی!؟
بێرە مەیدانی سەداقەت، پێم بڵێ کوێت ژان دەکات
ناوێری هەڵمەت لە کەر دەی، شەڕ لە گەڵ کورتان ئەکەی؟