«دیوان ملای جزیری» به وژینبوکس اضافه شد
«دیوانی مەلای جزیری» شیعرەکانی «شێخ ئەحمەد کوڕی شێخ محەممەد» ناسراو بە «مەلای جزیری» (١٥٧٠-١٦٤٠) لە بەناوبانگترین هۆنراوەنووسانی کوردستان و خەڵکی جزیری بۆتانە. مەلای جزیری ناسناوی ئەدەبیی «مەلێ» یان «مەلا» و «نشانی»ی لە شیعرەکانیدا بە کار هێناوە. شیعرەکانی لەبارەی دڵداری و تەسەوف و ڕاستی و خوداپەرستین. دوو وتووێژی شیعریشی لەگەڵ میر عیمادەددینی جزیری و فەقێ تەیراندا هەیە.
قاڵبی شیعرەکانی زۆرتر غەزەلن و هەروەها کۆمەڵێک تەرجیعبەند و چوارینەی هەیە و شیعرێکی موستەزادیشی هەیە کە بە زمانی عەرەبی نووسراوە، زۆربەی شیعرەکانی لەسەر کێشی عەرووزین.
تا ئێستا چەند کەس لەسەر دەستنووسە جیاوازەکان، بەم دیوانەدا چوونەتەوە و چاپیان کردووە. یەکەم جار لە ساڵی ١٩٠٤ لە بەرلین لە چاپ دراوە. لە ڤەژینبوکسدا، چاپی ساڵی ٢٠١١ی دەزگای سپیرێزمان کردووە بە پێوەر و ئاماژەمان بە جیاوازییەکانی نوسخەکانی دیکەش داوە.
سوپاس بۆ:- دادە «هۆزان عەزیزی» و کاک «ئاسۆ مەحموودی» کە لە تایپ و ئامادەکردنی دەقەکەیدا بەشدارییان هەبووە.
- کاک «محەممەد ئیسماعیلنەژاد (م.ئاران)» کە کێشی شیعرەکانی دەستنیشان کرد.