لەشکری

لە کتێبی:
شێوەزاری کوردیی موکری
بەرهەمی:
ئۆسکار مان (1867-1917)
 5 خولەک  663 بینین

بابی لەشکری دەڵێ:

«دڵم ڕاناوەستێ لەبەر ئەوان خەمان، لەبەر ئەوان گلەیییان.

ڕۆژم لێ هەڵات لەلای کێوی ئادێ، شەبەقێکی دەدا بنی بێنارێ، ئی دیکەم وە زارگەلییان،

بەلایەکمدا دێ کوولەکوولی شوانان، بە ئی دیکەمدا قەیتوولێکی ناسکە بێرییان

چووڕە چووڕە بازیم لە بناگوێیان خۆش دێ لەسەر دەستی دە قوشچییان

هەڵات هەڵاتی شینکێ ماڵوێران، ڕقەی چۆغەداری، ناسکەی دە تووڵە و تاژییان

دەبەر نازدارێمدا هەیە کراسێکی لەوی دە قەنەوزییان

خڕخاڵی زێڕ ڕاناوەستن لە بەلەکان، دەکەونە سەر شلکەی پانییان

دەڵێم شیرێکی بکڕم بە سەد قورۆشی، بیدەم لە سینگ و مەمکی گراویێ خان

سولەیمان بەگی قوڵی بەگان؛ چەند دەکەم چ مووی لێ نابڕێ، لەبەر دوڕ و یاقووت و فەرەنتییان

بەو شیرەی زەحمەت درا سینگ و مەمکی وی، دەڵێم بچم شکایەتێ بکەم لە ڕەبی عالەمییان

ئێستا ئەو ڕۆیوە، ئەمن بەجێ ماوم بۆ غەریبییان

سوێسن و هەڵاڵم لێ پەروەردە بوون لە کۆسرەتی شاڵەبەگییان

کێلی سەرینێم هەڵێن لێی هەڵگرن ڕستە و قەلێدەی دە تاژییان

حەیفێک و سێ سەد موغابن لە بۆ خان سولەیمانی قوڵی بەگان. ئەگەر بێ حاڵ دەبوو بە پیاڵەی ژەهرەماری لە کۆڵانی دە ڕۆمییان

هیچ کەس لەو ڕۆ بەدەر بە ڕۆمییان نەکا متمانێ

بەنۆکەری خۆیان غەیانن خوڵا دەزانێ

بۆچیان دەخوێنیەوە کە ڕۆژی قۆشەن دێتە مەیدانێ؟

سولەیمان بەگی قوڵی بەگان کە زرێی دەبەر دەکرد، قتڵاوی لە خۆی دەدا،

دەستی دەدا زەرگی، بە ژەهرەماری خزمەتی دەکرد بە دیوانێ

ڕۆمی! یا خوڵا چاوو کوێر بێ، لەجیاتی قاوەی ژەهریان دانێ

ڕۆمی زۆر بڵحن، مەرد چاکان دەبڕن لە مەیدانێ

دەبێ سوڵتان بەو کارەی نەزانێ».

لەشکری دەڵێ: «ئەگەر نەمرم، بژیم، بمێنم

خوێنی خان سولەیمان بەگی خۆم ئەمن دەستێنم

بەئیزنی خوڵای ئنشاڵڵا، سەد ئینشاڵڵای لەسەرە».

ڕۆڵە! سولەیمان بەگ ئەتوو دیوتە، ئەگەر لەشکر و قۆشەنت دەکرد ئەوبەر ئەوبەرە

شاش و پەڕی تێلتاوسی دەنا لەسەرە

سوڵتانی ئەستەمبووڵێ دەیفەرموو هیچ کەس نیەتی ئەو نۆکەرە

ڕۆڵە! لەجیاتی قاوەی لە فینجانی ژەهرێت کرد نەزەرە

ڕۆڵە! ئەوا خانم و خاتوون دەگرین ئەوبەر ئەوبەرە

ڕۆڵە، هێندێکی مل بەکوێنە، هێندێکیش خاک بەسەرە،

ڕۆڵە! دڵم نایە هیچ کوێت لێ بکەم بەگۆڕخانە و بەموغبەرە

ڕۆڵە! هەتا بەسوڵتانی ئەستەمبووڵێ نەدەم ئەو خەبەرە

ڕۆڵە! جەرگ و دڵم سووتا، لێم خرا بووە هەموو جگەرە

ڕۆڵە! بڵحەڕۆمی زۆر بێ خیرەتن، لە بەختی من هەژاری

نە بەپیادەی دەگەمێ نە بەسواری

حەیف و سێ سەد مەغابن لە بۆ خان سولەیمان بەگی قوڵی بەگان بێهۆشیان

دەکرد بە پیاڵەی ژەهری وەک ژەهری ماری

ڕۆڵە! بە گولەی عرووس و ئینگلیسی برینداری

ڕۆڵە! بچم ئەرەسوو و لوقمانی بێنم بەیەکجاری

برینانت دەرمان بکەن ڕزگارت بکەن لە زەمانی

سواری ئەسپی خۆت ببیەوە، دەڵێن: تەماشای بکەن لە عارەب سواری

ڕۆڵە! شەڕی دەوڵەتییە ئەوا هاتۆتە سەرت پۆستەی خوندکاری

دەبێ بچیە دیوانێ خزمەت سوڵتانی، مووچە و مواجبی خۆت وەرگری بە یەکجاری

سوار ببی ئینشاڵڵا ببیە سەرکردە، ئاڵای سوڵتانی وەرگری، گەورەی قۆشەنی بی بەئیختیاری

ڕۆڵە! ئەتوو بۆ سەر هەڵنایەنی لە بۆ لەشکری، خوێنت لە دەم و سمێڵان دەباری؟

ڕۆڵە! دڵم ڕاناوەستێ لەبەر ئەوان خەمان لەبەر ئەوان گلەیییان

ڕۆڵە! ڕێم نەبوو ڕاببرم لە بۆ کوێستانی هەڵەدنییان

ڕۆڵە! لێرە ڕۆنیشم، یا بچمە مەملەکەتی هیندییان

ڕۆڵە! ڕێم نەبوو ڕابرم لەبەر سەیاح و قاسیدی هەموو دەوڵەتان، دوامین لەبەر

سەرباز و تفەنگچییان

دڵم بەخەمە، گەلێک بەخەیاڵە

ئاورم دە بەدەنێ بەربووە، غورزەمە، لێ هەڵگرتووم، کەماڵە».

ئەوا میوانی دەوڵەتیم هاتوون لەشکری دەڵێ: «داخوڵا! خان سولەیمان بەگی

قوڵی بەگیان لە ماڵە؟

لە بۆت بە قۆپەنی بیزایە هەڵبڵێم، دەهاتە دەرێ، غورزەم بەغورزەم ماڵ بەماڵە

لە بۆت بەکەڵەبابی سپی هەڵبڵێم لە دەربەندی بازیان چغەی خۆم لێ نەکا بە گۆپاڵە

لە بۆت بە سی کوێرە هەڵبڵێم لەسەر شەت و بەحرانم لێ نەکا بە گاڵەگاڵە

ڕۆڵە! دەگەڵ تۆمە بۆچ وا بێ فیکری؟

چاوان هەڵنایەنی لە بابی خۆت بفکری

بۆچ هەڵناستی جڵەوی ئەو میوانانە بگری؟

دەترسم بای شەماڵ بێ، جێی خان و میر و سوڵتان لە من بگری

خان سولەیمان بەگی قوڵی بەگان بێ بۆ خۆی بە سوارەی، بە سپا و لەشکری

لە شینکێ ماڵوێران ڕستەی خۆی ڕاکێشێ بکەوێتە دووی بڵێ: ها بیگری نەگری

حەیفێک و سێ سەد موغابن بۆ خان سولەیمان بەگی قوڵی بەگان بە پیاڵێکی

ژەهری و ژەهرەماری لە کۆڵانی ڕۆمییان خەجڵی

حەیفێک و سێ سەد موغابن بۆ نەڕێکی وەک خان سولەیمان بەگی قوڵی بەگان

ئەگەر بێ حاڵ دەبوو بە پیاڵێکی ژەهرەماری لە کۆڵانی دە ڕۆمییان»