ناسر و ماڵ ماڵ ٢

لە کتێبی:
شێوەزاری کوردیی موکری
بەرهەمی:
ئۆسکار مان (1867-1917)
 10 خولەک  824 بینین

قاقەزێکی شێخی عەرەبان بۆ وەزیرلئەعزەمی هات: «هەتا مانگێکی خەرجی من بدا موخاریجم بکێشێ؛ ئەوا مۆڵەتم داوە».

وەزیرەلئەعزەمی دەکا فکرێ:

«سبحەینێ دەعوایە، موخاریجی وی بەمن نادرێ».

کێ بوو لە کیای ڕدێن سپییە؟

بانگی کردە ناسر و ماڵ ماڵییە:

«بۆچ ئەنگۆ سەرباز و قۆشەنو لە وڵاتی کوێستانێ نییە؟»

کاکە ماڵ ماڵ و ناسر عەرزیان کرد بە کیای:

ئەتوو شێتی ئەقڵت نییە؟

بۆچ ئەتوو ئاگات لە دەردی مە نییە؟

بۆ نازانی، لە کوێستانێ گاگەش باوۆمەری هیچمان بەچەنگ نییە؟

بۆیە خۆمان ئەویتۆتە بەغدایە کن مامان بەنۆکەرییە،

ئەمە نابێ بچینەوە هەتا حەوت ساڵی دییە،

مەسڵەحەت ئەوەیە مەرەخەس بفەرمووی، بچنەوە سەودای بازاڕییە؛

جارێ وەزیرەلئەعزەم شلووقە، هیچ ئاگای لە خۆی نییە.

هەتا وەکو کیا و ناسر و ماڵ ماڵ ئەو قسەیان دەکرد تەواوە،

وەزیری بەغدایە دەنگی لەشکری خۆی داوە، دەڵێ:

«سبحەینێ شەڕە، نازانم دەگەڵ کێم لێ قەوماوە.

بابە ئەمن لە ماڵە خۆم دانیشتووم خوڵاگیربی، چت لەمن داوە».

سبحەینێ ئەگەر ئافتاو دەرپەڕییە،

ماڵ ماڵ ئەوێ ڕۆژێ دەهاتە بازاڕییە،

دەیدی لە هەموو دووکانە وەستا ڕۆنیشتبوو، سەرە ڕمب چاکردنە چەخماخ

دروستکردنە، سیوانکارییە.

ماڵ ماڵ دەڵێ:

«مامۆستا بازاڕ شلووغە، ئەوە چییە؟»

دەڵێ: بڕۆ بەولاوە؛ ئەوڕۆ کارم هەیە، چت لەمن داوە؟

ماڵ ماڵ دەڵێ:

«بەخوڵای ئاسمانێ!

«ئەگەر پێم نەڵێی چەکوچت لێ وەردەگرم، سەرت دادەنێم لەسەر سندانێ».

کە وەستای شیرگەر سەری هەڵێناوە،

تەماشای کرد کاک ماڵ ماڵ ڕاوەستاوە.

مامۆستا دەڵێ:

«بمبەخشە، کاک ماڵ ماڵ. بەخوڵای ئەتووم نەناسییە،

هەڵبەت ئەتوو بەو خەبەرەت نەزانییە،

دەڵێن: شێخی عەرەبان هاتووە دەگەڵ وەزیرەلئەعزەمی شەڕییە،

ئەمنیش کارم هەبوو، بۆیە ئاگام لەتوو نییە،»

ماڵ ماڵ ئەگەر ئەو قسەی دەبیست تەواوە،

دە شوێنی خۆیڕا ڕاس گەڕاوە بەدواوە،

هەتا دەهات و لە ناسری دەکرد سەلام و سەڵاوە.

ماڵ ماڵ دەڵێ:

«ناسر، نازانی چ قەوماوە؟»

کاک ناسر دەڵێ:

«ماڵ ماڵ، ئاگام لێ نییە،

«پێم بفەرموو ئەوە چییە»

ماڵ ماڵ دەڵێ:

«برالە! شێخی عەرەبان هاتووە دەگەڵ وەزیرەلئەعزمی شەڕییە.

ئەگەر نەمرم، بژیم، بمێنم،

ماینێ شێ خزت بۆ لە خاوێ دەردێنم،

زینێکی مورسەتی لێ دەکەم، تەنگانی لێ دەچەسپێنم،

قۆڵی خۆمت بۆ دە زرێیەکی عالقە وردی داودی هەڵدێنم،

مەتاڵێکی حەیزەران و حەوت قوببەییت بۆ لە ملان دەشەتێنم،

دەستی خۆمت بۆ دە ڕمبێکی نەزەری وەردێنم.

جا برالە! سبحەینێ یا لە مەیدانێ خۆم بەکوشت دەدەم، یانە نانت بۆ لە

وەزیرەلئەعزەمی دەستێنم».

ناسر دەڵێتەوە ماڵ ماڵییە:

«برالە! وا نییە، وەکی دییە»

ئەگەر نەمرم، بژیم، بمێنم،

ئەمن ماینی شێ خز لە خاوێ دەردێنم،

ئەمن زینێکی مورسەتی لێ دەکەم، تەنگانی لێ دەشەتێنم،

ئەمن قۆڵی خۆم دە زرێیەکی ئاڵقە وردی داودی هەڵدێنم،

ئەمن مەتاڵێکی حەیزەران و حەوت قوببەیی لە ملان دەچەسپێنم،

ئەمن دەستی خۆم دە ڕمبێکی نەزەری هەڵدێنم،

سبحەینێ لە مەیدانێ، یا خۆم بەکوشت دەدەم، یان نانت بۆ لە وەزیری دەستێنم».

هەردووکیان تەدارەکی خۆیان دەگرت؛ خێوەتێکی دوو سەریان کڕی، ئەسپابی لەشکریان دروست کرد؛ بۆ سبحەینێ هاتنە خزمەت کیای: «قوربان! ئەمە سبحەینێ دێینە دەعوایە». کیا دەفەرمووی: «وەرن، هەڵدەن لە تەرەفێکەوە».

سبحەینێ لە بەغدایە دەنگی لەشکری درا، وەدەرکەوت قۆشەن لە دەورەی بەغدایە ورت. وەزیرەلئەعزەم دەسەر شێخی عەرەبانی کرد:

«ئەمن جەنگی مەغڵووبەی ناکەم، سبحەینێ مەیداندارییە».

شێخی عەرەبان فەرمووی:

بەچاوان! سبحەیانێ

ئەگەر ڕۆژهەڵات، ئینشاڵلا دەگرین گۆشەی دە مەیدانێ.

ئەگەر خەبەریان بەیەک داوە،

وەزیر هێنای، ساز و چەقەنە و لۆتی و ڕەقاسی داناوە،

دەڵێ: کێیە بۆ سبحەینێ دەستی لە سینگی خۆی داوە؟

سوباتێ بکا وەزیر بۆ خەڵات و بەراتێی ڕاوەستاوە،

هەر کەسێ سوباتم بۆ بکا مووچە و مواجبێکی زیادی بۆ دەکەم تەواوە.

سبحەینێ هەر کەس بۆخۆی چووە مەیدانێ دەستی دا شیری خۆی ڕاوەستاوە.

پاڵەوانی شێخی عەرەبان هات لەولاوە،

دەستیان بە داوایە کرد؛ ئی شێخی عەرەبان سەری پاڵەوانی وەزیریان بڕی،

بردیانەوە بەدواوە؛

وەزیرەلئەعزەم زۆری خەمناک ماوە،

دەڵێ: «کیا! بزانە ئەمە چمان لێ قەوماوە

شێخی عەرەبان چی بەسەر ئەمەوە داوە.

دیسان ئەگەر سبحەینێ بەیانی داوە،

پاڵەوانی وەزیرەلئەعزەمی چوو لە مەیدانێ، ڕاوەستا، نەعرەتەی لێ داوە؛

دوێنێ کێ بوو هات لە مەیدانێ ئەو سوباتەی کرد، ئەوڕۆش بێ واوە»

جووتێک پاڵەوانی شێخی عەرەبان ڕکێفی لێ داوە،

هات و گەیییە مەیدانێ، دە پاڵەوانی وەزیری خوڕی: «ئەسپابان دانێ، بگەڕێوە

دواوە»

پاڵەوانی وەزیری دەڵێ:

«ئەگەر نەمرم، بژیم، بمێنم،

زگت دەدڕم، هەرتک چاوت دەردێنم

ئەگەر نەمرم، سەری شێخی عەرەبانیش لە بۆ وەزیری دێنم».

ئەو پاڵەوانانە داوایان دەکرد لە مەیدانێ،

هەتا ڕۆژ وەردەگەڕا، دەگەیییە مەحەلی چێشتانێ،

شێخی عەرەبان دەنێرێتە خزمەت وەزیری:

«بڵا، ئەوڕۆ پاڵەوان وچانیان بێ، هەتا سبحەیانێ».

وەزیر فەرمووی:

وچاندان نییە، دەبێ یەکیان یەکێ بکوژن لە مەیدانێ

«بێ سووچ و تاوان بۆچی هاتۆتە سەرم، لێم دەبڕێ ڕێی گوزەرانێ؟

ئەمن هومێدم خوڵایە دەگەڵ پێغەمبەری ئاخرزەمانێ.»

پاڵەوانی شێخی عەرەبان سەری پاڵەوانی وەزیری بڕی بردیەوە بەدواوە،

وەختێک بەسەردا هات ڕۆژئاوا،

تەماشایان کرد، تەدارەکی دوو غەریبان گیراوە.

وەزیر گوتی:

«ئەوە کێن، دێن دەهانایە؟

ئەوە غەریبەن بێنە کن ئەمن زۆریان بدەمێ گەنج و خەزێنە و ماڵی دونیایە».

نایبی وەزیری چووە کن ئەوانە:

«وەرن؛ بابم، وەزیر تەڵەبو دەکا بەدڵ و بەجانە».

دەڵێن: «قوربان! نایەینە کن وەزیرەلئەعزەمی، وەزیری گەلێک گەورە و گرانە.

ئەگەر شێخی عەرەبان بەدەستی بەستە و سەری شکستە هێنامانە ئێرەکانە،

ئەودەمی بەوەزیرەلئەعزەمی عەرز بکە، جا بەنۆکەرمان بزانە».

نایب هاتەوە خزمەت وەزیرییە:

گوتی: «نایب، ئەوەت نەناسییە؟»

نایب دەڵێ: غەریبەی شارانن: نازانم نێویان چییە؟

یانە هێند مەردی چاکن قبووڵ ناکەن کەمییە؛

یانە ئاشقن، ئاگایان لە خۆیان نییە،

یانە ئەوە ڕووتن، لات و لووت، پەیدا دەکەن نانییە».

کێ بوو لە ناسر و ماڵ ماڵی نازدارە،

نوێژی شێوان سوارە بوون ئەو جووتە برا و سوارە.

یەک دەچووە ئەوسەری، یەک دەچووە ئەوسەری؛ بەقۆشەنی شێخی عەرەباندا دەهاتنە خوارە.

حەدی ماڵ نوستنان بوو، دەبوو بەچریکەچریک و هاوارە.

باب دەگەیییە کوڕی، لێی دەدا، دەیگوت: «نەیکەم قوتارە».

ماڵ ماڵ دەپێشدا گەیییە چادری شێخی عەرەبان، ڕستەی هەڵبڕی ئەوجارە.

شێخی عەرەبان دەرپەڕی ڕمبێکی لێ دا، کردیە ئێخسیر بەیەکجارە،

سەری شێخی خوێنی پێدا دەهاتەخوارە.

دەودەمیدا گەیییە ناسری نازدارە.

گوتی: «شێخی عەرەبان هەر دەکوژم یەکجارە».

ماڵ ماڵ دەڵێ:

«ئەو غەڵەتەی مەکە، ئەوە ئێخسیری منە، بۆ وەزیری گەلێک بەکارە».

ناسر و ماڵ ماڵ شێخی عەرەبانیان گرت، بۆ مەنزڵی خۆیان هێنا خوارە،

گەینە مەنزڵی لەوێ بوون بەرقەرارە.

لەشکری شێخی عەرەبان تێک نیشتووە، ئاساری بڕا بەیەکجارە.

ناسر و ماڵ ماڵ دێن لەپێش شێخی عەرەبان، ڕادەوەستان ئەستۆ خوارە

شێخ دەیفەرموو: «ڕۆنیشن» ئیکلامیان دەکێشا سێ جارە.

گوتی: «ئەنگۆ چ کەسن؟» ناسر گوتی:

«قوربان! ئەو ئاغایە، ئەمنیش نۆکەرێکم لەوی دە بێکارە».

حوکمی کرد، ماڵ ماڵی دانا ئەو جارە.

دەگەڵ شێخی عەرەبانی کرد گوفتارە،

ئافتاوە و لەگەنی هێنا بەیەکجارە،

گوتی: «بێنە سەری خۆت بشۆ، بڕۆ نێو لەشکری خۆت ئەوجارە».

گوتی: «سەرم ناشۆم، ناگرم قەرارە؛

سوباتی ئەنگۆ لە عەرزێ نادەم، بەحەقی پادشای جەبارە

خوڵاگیری وەزیرەلئەعزەمی بووم، سەرم نابێ قوتارە».

لەوێ ڕۆنیشت، هەتا سبحەینێ بوون بەرقەرارە.

ناسر و ماڵ ماڵ گوتیان:

«قوربان! ئازادمان کردی؛ سەری خۆت هەڵگرە بڕۆوە خوارە».

گوتی: «سەرم ببڕن دەبێ سوباتی ئەنگۆ ببێ بەرقەرارە».

سبحەینێ هەڵستان و بۆ خزمەت وەزیری چوونە خوارە.

وەزیر لەسەر بەرماڵێ بوو، دەیگوت: «یا خوڵای کەرەمدارە!

ئەوجار لە چەنگی شێخی عەرەبانم بکەی ڕزگارە»

ئەگەر تەماشای کرد، دوو کەسان ئێخسیرێکیان هێنا خوارە.

دەیگوت: «خوڵایە! ئەوشەو شەڕ لە چ تەرەفێکی کراوە لەو شارە؟»

تەماشای کرد، سێ کەسان ئیکلام و تەمەنایان دەکێشا ئەوجارە.

وەزیر ئاوڕی دەداوە، تەماشای دەکا، ئەوە شێخی عەرەبانە، وا بێ ئیختیارە.

ڕاس بۆوە، قۆڵی گرت، لەکنە خۆی دادەنا ئەوجارە،

وەزیر دەڵێ:

«شێخی عەرەبان! ئەتوو عەرەبستانت پێ کەم بوو پێشکێشت بێ ئەو شارە،

بلا لە چەنگی توو ببم ڕزگارە».

شێخ دەڵێ:

«ڕووڕەش بووم و خەجاڵەتبارە؛

بفەرموو، جەللابت بێن لە ئەستۆم دەن ئەوجارە.

وەزیر! لەو جووتە نۆکەرەی خۆت بکە پرسیارە

قەت باب کوڕی خۆی وا لە تەنگانەی ناکا ڕزگارە

لە هیچ دەوڵەتان وەچەنگ ناکەون ئەو ئەمیندارە،

ئەوە نۆکەری تۆن خزمەتیان وا بەکارە

نۆکەری چاک بۆ ئاغای دایم وەک برای بەرقەرارە».

ناسر و ماڵ ماڵ جوابیان داوە:

«ئەمە نۆکەری وەزیری نین، نۆکەری شێخی عەرەبانین هاتووین لەولاوە».

وەزیر دەڵێ:

«ڕۆڵە! هەرچی دەفەرموون، بەسەر ئەو چاوە».

ناسر و ماڵ ماڵ لە وەزیریان کرد حاشایە،

دەڵێن: نۆکەرییەت ناکەین نامانەوێ ماڵی دنیایە.

وەزیر دەڵێ:

«بۆچیو ناوێ ماڵی دنیایە؟»

دەڵێن: وەکیل و مامی مە کیایە.

نۆکەر تەعین کراوە،

چوون کیایان لەولاڕا هێناوە،

کیای گەیشتێ لە دیوانی وەزیری کرد سەڵاوە، دەڵێ:

«وەزیر! ئەوە برازای منن، ئەو سوباتە بۆ توو کراوە.

لە عەوەزی ئەو خزمەتەی ئەوساڵ حەوت ساڵە لە کوێستانی گاگەش باوۆمەری دەرکراوە».

وەزیر فەرمووی: «تەڵەب بکەن ماڵی دنیایە؛

هەرچی تەڵەب بکەن دەیاندەمێ بەغەیرەزی شاری بەغدایە».

ناسر و ماڵ ماڵ وەجواب هاتن بەیەکجاری:

«ئەمە هەر وڵاتی کوێستانمان دەوێ بەئیختیاری؛

دەبێ مەزن باوۆمەری بکوژین، قەت نەبێ پرسیاری،

خەرج و بێگارێ نادەین بەبەغدا شاری،

ئەگەر نەماندەنێ وڵاتی کوێستانێ بەیەکجاری،

لێرە دەبینە نۆکەر ناڕۆینەوە لە شاری».

ئەگەر ناسر و ماڵ ماڵ ئەو قسەیان دەبوو تەواوە،

وەزیرەلئەعزەم دەستی لەسەر سەری ڕۆناوە،

جێبەجێ حوکمیان بۆ سادیر کراوە،

بۆیان مۆرکردن، وەرگیراوە

خەرج و بێگاری وڵاتی کوێستانێ هەڵگیراوە

مەرەخەستیان کردن گوتیان: «دەوڵەت زیاد و ماڵی ئاوا».

گوتیان: «قوربان ئەگەر ئەمە نۆکەرین عەرزێکی دیکەمان ماوە.

«قوربان سەری شێخی عەرەبان دەبڕی یا مەرەخەستی دەکەی تەواوە؟»

وەزیر فەرمووی:

«ئەوە برای منە، عەرەبستانیش هەر ئی وی بێ، بەغداشم بەوی داوە».