مەم و زین ٨

لە کتێبی:
شێوەزاری کوردیی موکری
بەرهەمی:
ئۆسکار مان (1867-1917)
 13 خولەک  977 بینین
دەنگی لەشکریان دا لە شاری جزیرێ
سوار سوار دەبن، قۆشەن ڕاستەی لێ دەگیرێ
میر هات و ڕۆنیشت لە دیوانێ
دەڵێ: «بێنن، قەتارێ بار کەن لە گەنج خانێ
بچن ئەو وڵاتەم بۆ بەرحەق بکەن، جا دێنم شادەوئیمانێ».
دەستی دەکرد لە عرفۆ و چەکۆ و بەنگینەی بە خەڵات بەخشانێ
دووبارە هەموو ئەنعامی دانێ
قەرەتاژدین، بانگیان کردە دیوانێ
خەڵاتێکی زۆر گەورەیان کرد، هەموو کەس بزانێ
ئینجا مەرەخەست کران دەبێ بڕۆن سبحەینێ.
هەڵستان بەبێ فکری،
هەرکەس دەچێتەوە مەنزڵی خۆی دەگری
ئەگەر ئەوێ شەوێ بوو تەواوە
سبحەینێ بەیانی داوە
شەیپووریان کێشا، ئاڵا هەڵکراوە
میر بۆخۆی هەڵستا بۆخۆی هاتە ئەو ناوە
لەشکریان بەڕێ کرد، لەشکرێکی عەزیمە، تەواوە.
عرفۆ و چەکۆ و قەرەتاژدین و بەنگینە ئەمانەتی میرمەمی زۆریان دەداوە؛
میر و کاکەمەم و بەکرئاغا گەڕانەوە بە دواوە.
میر بەدزی بە بەکری دەگوت:
«ئەگەر یایەزین بزانێ، کارمان ناتەواوە
دەبێ بڵێن، کاکەمەم سەرکردەی لەشکری بوو، ڕۆی بەو لاوە».
لە پاشان میرزێندین و بەکر کاکەمەمیان خستە زیندانێ
بەکر و میر پێکەوە چوونە دیوانێ.
تاژییەکی کاکەمەمی بوو؛ ئەگەر زانی کاکەمەمیان دە زیندانێ هاویشت، چووە دەرکی یایەزینێ.
یایەزین دەڵێ:
«قەرەواش و کەنیزی من، ئەنگۆ گەلێک دلێرن
کاکەمەم چۆتە لەشکری، ئەو تووتکە تاژییەی گەڕاوەتەوە زۆر چاکی نیگا بدێرن».
هەموو ڕۆژێ نانیان دەدا بە تووتکە تاژییەکەی، قەپی پێدا دەکرد هەڵی دەگرت، دەیبرد بۆ کاکەمەمی دە زیندانێی داویشت. هەتا چل شەوی هەر وابوو. ڕۆژێکی مزگێنیان هێنا، لەشکر هاتەوە. یایەزین کوتی: «ئەو لەشکر هاتەوە، ئەو تووتکە تاژییە بۆ وا لاواز بووە؛ جا ئەمن چ بکەم لە خەجاڵەتی کاکەمەمی» کوتی: بێنن، لەکن ئەمن نانی بدەنێ، بزانن ئەو تووتکە تێرو نەکردووە، وا لاوازە. نانیان ئاویتە بەرێ، قەپی پێدا کرد، هەڵی گرت و بردی. یایەزین بۆخۆی وەدووی کەوت. کوتی: «کچێ، بۆ کوێی دەبا ئەو نانەی؟» کوتیان: «قوربان! هەموو ڕۆژێ نانی دەدینێ، دەیبا، دەڕوا». تووتک گەیییە سەر زیندانێ بۆی بەرداوە. ئەگەر یایەزین چوو، تەماشای کرد، پێی زانی، ئەوە زیندانە، کاکەمەم دەوێدایە. یایەزین دەگری؛ دەڵێ:
«ڕووسیا بووم، بابانم وێرانە
ئەمن لەکنم وابوو، ئەتوو سەرکردەی لەشکری، چووی بەرحەق بکەی ئەو عێلانە».
میر مەم دەڵێ:
«یایەزین، گیانە!
چل شەوە، بە قسەی بەکری جێگام زیندانە،
شام و نەهارم بووە بە جەمی سەگانە».
یایەزین دەڵێ:
«هەی لە خۆم ڕووڕەش و بابان وێرانێ
تاقە کوڕەی براهیم پادشای یەمەنێ بێتە شاری جزیرێ بە قسەی منی سەر بەتاڵ و بێ خودانێ».
میرمەم دەڵێ:
«ئەی خوڵا، بە ڕەحمەتی تۆم شوکرانە
ئەمن نەمزانی لە شاری جزیرێ بەکر وا شەیتانە
لە خۆم خانەخەراپ و ماڵ وێرانێ،
هیچ جوابی دیم نییە بەغەیرەز شوکرانێ
زوڵفی خۆت بکە تەناف، بزانە دەرم نایەنی لە زیندانێ.
سەری من ئەگەر دەرتهێنام، لەسەر کۆشی خۆتی دانێ
جا ئەودەمێ شوکرانەبژێرم، ئەگەر پێمەردی خوڵام بێنەسەرێ بۆ گیانکێشانێ».
یایەزین دەڵێ:
«ئەگەر براهیم پادشای یەمەنێ بزانێ
دێ، شاری جزیرێ وێران دەکا، لەسەری کوڕی خۆی لە حەولاد و تایفەی من دەبڕی ڕێ گوزەرانێ».
ئینجا مەلیک ڕێحان هاتووە لەولاوە،
سەرتاپا خوار خۆی دە قوڕێ هەڵکێشاوە،
دەڵێ: «یایەزین، بە قوربانت بم، ئەوە چ بووە، چ قەوماوە؟»
یایەزین دەڵێ:
«مەلیک ڕێحان، ئەتوو هاتووی، بە قوماربازی دەگری.
ئەتوو نازانی، چاک نابی، چونکە لە ئەولادی بەکری؟»
مەلیک ڕێحان دەڵێ:
«قوربانت بم، ئەمن کوێرم بوو چاوە
لە من وایە میرمەم سەرکردەی لەشکرییە چووە، ماڵ و تاڵانی هێناوە.
ئێستا سەڵام لێ ڕابوو، دەڵێن: لە زیندانێدا زەلیل و مەحتەل ماوە».
ئینجا مزگێنی هات، لەشکر و قۆشەن لە شاری جزیرێ بوو بڵاوە
ئینجا خەبەریان بە یایەزینێ داوە.
یایەزین ئەگەر وا دەزانێ،
سەرتاپا خوار خۆی هەڵدەکێشا دە قوڕ و خمخانێ،
بە کووچەی شاری جزیرێدا دێ، دەست دەکا بە گریانێ.
عرفۆ و چەکۆ و قەرەتاژدین ئەسپێکیان بە پێشکەش بۆ کاکەمەمی هێنابوو؛
ئەوا دەیگێڕن لە کاروانسەرایە و لە کۆڵانێ.
یایەزین دەڵێ:
«قەرەتاژدین ئاغاکەتان کوانێ»
ئەنگۆ بۆ ئاغایەتێو بەجێ هێشت، چل شەوە جەمی دەگەڵ جەمی سەگانە لە زیندانێ».
بەنگینە دەڵێ:
«ئەگەر نەمرم، بژیم، بمێنم،
دەبێ لەشکر و قۆشەنی شاری یەمەنی بێنم،
دەبێ ڕیشەی حەولادی میر و بەکری دەرێنم».
عرفۆ دەڵێ:
«ئەمن عرفۆمە،
بەرانێکی بە ئەسرۆمە،
میری برات لە شانانڕا دەگرۆمە»
قەرەتاژدین دەڵێ:
«ئەمن قەرەتاژدینم،
لە پڵینگەکانی چەنگ بەخوینم
ئەگەر نەمرم، میری برات دە شانانڕا دەردێنم».
چەکۆش دەڵێ:
«ئەمن چەکۆیەکم بەناوە
لە سوێ میرمەمی کوێرم دەبووە هەرتک چاوە.
خوشکێ یایەزین، گلەیییانم لێ مەکە، کوێرم بووە هەرتک چاوە
ئێستا دەبێ شاری جزیرێ تەخت و تاراج بکەم، بیکەم بڵاوە.
خوشکێ، پێم بڵێ، بزانم میرمەم مردووە یانە ماوە».
یایەزین دەڵێ:
«چ بکەم ئەمنی قەلەندەر و ماڵ وێرانێ
نەمردووە و نەماوە؛ ئەوە زەلیلە لەنێو زیندانێ».
ئینجا ئەو چوار شێرە بە گریان دەهاتنە خوارێ لە کۆڵانێ،
هەموویان دەهاتن، دەگەینە سەر زیندانێ.
دەیانگوت: «یایەزین! میری بکوژین یا کاکەمەمی دەرێنین لە زیندانێ؟»
یایەزین دەڵێ:
«بە قوربانو بم، دامەمێنن،
جارێ کارێکی وا بکەن کاکەمەم بۆ دەرێنن»
ئینجا یایەزین کەزیی خۆی بەعاڵقە بەعاڵقە کرد ئاوێتیە زیندانێ
کاکەمەم ئاوێتیە ئەستۆ و بنەنگڵی خۆی؛ دەستیان کرد بە هەڵکێشانێ.
یایەزین دەڵێ:
«بیدەن بەمن». سەری خۆی هەڵگرت، لەسەری کۆشی خۆی دانێ
کاکەمەم دەڵێ:
«یا ڕەبی، بە ڕەحمەتی خوڵای دەبژێرم شوکرانێ
یایەزین! ئەمن چاوم نابینێ؛ عرفۆ و چەکۆ و قەرەتاژدین و بەنگینە کوانێ؟»
یایەزین دەڵێ:
«جەرگم بڕا، کەسم نەماوە
ئەتوو نازانی، ئەوانە لە لەشکری گەڕانەوە، پاکت لە دەورێی ڕاوەستاوە؟»
کاکەمەم دەڵێ یایەزین،
«پێیان بڵێ گەردنم ئازاد بکەن؛ دەوڵەت زیاد و ماڵی ئاوا
لە توو دیدار ئاخرەت بووم، لە ئاهی دایک و بابم مەخسوودم نەبوو تەواوە».
یایەزین، ئەگەر وا دەزانێ،
دەست دەکا بە چەمبەر و گریانێ.
بە ڕەحمەتی خوڵای میوان دەهاتنە سەر کاکەمەمی بۆ گیان کێشانێ.
کێ بوو لە کاکەمەمی بەڵەک چاوە،
چاوی خۆی لە ڕووی یایەزینێ کرد بڵاوە.
عرفۆ و چەکۆ و قەرەتاژدین و بەنگینە دەست دەکەن بە گریانێ،
میرزێندین هەڵدەستا دەهاتە کن ئەوان لە دیوانێ
ئەویش وەک ئەوان دەس دەکا بە گریانێ،
دەڵێ: «خوشکێ، یایەزین! بڵا کاکەمەمی هەڵگرین بیبەینەوە دیوانێ».
بەنگین دەڵێ:
«ئەی میر، بە قوربانت بم، چ دەستانی مەکەنێ
«ئەمن ئەمانەتی براهیم پادشایە دەبێ بیبەمەوە یەمەنێ».
میر دەڵێ:
«بەنگینە، گیانە!
«ئەمن نەمزانیوە کوڕی براهیم پادشایە هاتۆتە ئێرەکانە
ئەمن دەزانم جزیر لەسەر ئەوی دەبێ وێرانە،
مەسڵەحەت ئەوەیە دەبێ، هەر لەکنە خۆم بێ گۆڕ و گۆڕخانە».
قەرەتاژدین دەڵێ:
«دەبێ هەر لێرە بێ، چونکە لە یایەزینێ میوانە».
عرفۆ و چەکۆ دەڵێن:
«بە دەستی خۆن دەیبەینە گۆڕخانە.
چونکە میرمەم ماشوقێی یایەزینێیە، هەتا مردنێ یایەزین خوشکی هەمووانمانە».
بەنگین دەڵێ:
«بێ ئاغا و بێ وەتەنین
چونکە میرمەم غەریبەیە، بڵا بچین بۆخۆمان قەبری بۆ هەڵکەنین».
میرزێندین دەڵێ:
«خوڵاکەی! بەنگین چت لەو قسەی داوە
نەمزانی کوڕی براهیم پادشایە؛ کوێرم بێ هەرتک چاوە
لەمێژە ناردوومە قەبری بۆ هەڵکەناوە».
کاکەمەمیان بردە سەر تاتەشوارێ و شۆراوە،
هەڵیان گرت بۆ گۆڕخانان، لەوێ تەسلیم بەخاکێ کراوە،
بانگێکی خۆشیان لێ دا، گەڕانەوە بە دواوە.
ئینجا ئەگەر شەو بەسەردا هات هەڵی کردە ڕێژنەی بارانێ،
یایەزین ئێستا بۆ کاکەمەمی دەس دەکا بە گریانێ:
«تاقە کوڕی براهیم پادشای یەمەنی جوانەمەرگ بوو لە سەری من بابان وێرانێ
حەڵاڵی دنیایەم لێ حەرام بێ هەتا خوڵا دەکا دیوانێ؛
چ بکەم لە خۆم ڕووسیایێ، قەلەندەرێ
بۆ دایک و بابی میرمەمی دەگەینە یەمەنێ خەبەرێ
داخوڵای، شاری جزیرێ دەگەڵ تۆپ و تۆپخانەی یەمەنێ چی بە سەرێ
چ بکەم، لە چەنگم دەرچوو، ئەمن مل بەکوێنێ
شاری جزیرێم لێ خرا دەکەن کەسم لە ئەولادێ نامێنێ».
کێ بوو لە بەنگینەی دڵسووتاوە،
دەهاتە خزمەت یایەزینێ دەیگوت: «یایەزین! چاوم کوێر بوو، ئاغام نەماوە».
یایەزین دەڵێ:
«بەنگینە! ئەمن بابانم خەرابوو تیرم لە جگەرێ دراوە».
بەنگینە دەڵێ:
«دەبێ بەبێ کەسی بڕۆم، بۆ شاری یەمەنێ، دەوڵەت زیاد و ماڵێ ئاوا».
یایەزین دەڵێ:
«هەیڕۆ! چ بکەم، ئەمنی قەلەندەری
هەڕۆ، بڕۆ بە خوڵات بە زامن دەدەم، بە ئەمانەت بە پێغەمبەری».
کێ بوو لە بەنگینی گوڵباوە،
ئەسپ و تاژی دە خمی دەنا و بۆ یەمەنێ گەڕاوە.
دوازدە مانگ و بیست و چوار ڕۆژان بە شین و گریانی ئاژواوە، هەتا دەگەیییە
دەرکی براهیم پادشای یەمەنێ بانگ لەسەر بانگی لێ دەداوە».
براهیم پادشا وەدەرکەوت، دەڵێ: «بەنگین! کاکەمەم چی لێ هات و چی لێ قەوماوە؟»
دەڵێ: «براهیم پادشا، بە قوربانت بم! دەردێکی گەیییە، عەمری حەقی بەجێ هێناوە».
براهیم پادشا دەڵێ:
«بەنگینە، چ دەکەی لەمنی بێ کوڕ و فەقیرێ
چ بکەم لە یەمەنێڕا چلۆن بگەمە شاری جزیرێ؟»
دایکی مەمی، ئەگەر وا دەزانێ، لەشکر و قۆشەنی دەنگ داوە
هەر بەو شەوەی ئاڵای هەڵکرد، بەیداغی ڕاکێشاوە
بەنگین بانگ لەسەر بانگی لێ دەدا، بۆ شاری جزیرێ گەڕاوە.
بەنگین دەڵێ:
«دەڕۆم بۆ شاری جزیرێ بۆ کن ئاغاکەی نەوجوانە».
دەهاتە خوارێ دوازدە مانگ و بیست و چوار ڕۆژانە
دەهاتە دەورەی شاری جزیرێ، داورت [؟] دایبەست تۆپ و تۆپخانە.
یایەزین ناردیە کن میرزێندینی: «مەرەخەس بفەرمووێ، دەچمە سەر قەبری کاکەمەمی». میر تەگبیری بە بەکری کرد، کوتی: «مەرخەستی بکەم، یا نەیکەم؟»
کوتی: قوربان! مەرەخەستی بکە، دەزانم، بە هاواریەوە دێن؛ دەشقەم بۆ خاتری یایەزینێ خەراپەمان نەکەن». میر فەرمووی: «بڵا بچێتە سەر قەبران، مەرەخەستە». یایەزین بەگریانێ چووە سەر قەبران. ئەوە یایەزین گەیییە سەر قەبری کاکەمەمی. بانگی کاکەمەمی دەکا.
دەڵێ: «خوڵایە، نە بەکەبرێنی، نە بەسەبرێنی
بۆخۆت گیانان دەدەی، گیانان دەستێنی
کاکەمەم، عەمرەکەم، ئەتوو نابێ جارێکی سەر هەڵێنی؟»
کاکەمەم دەڵێ:
«خاتوونێ! بۆ وا شێت و کەم ئەقڵی؟
ڕوومەتی تۆم گەلێک جوانترن لە دەسرۆکەی گوڵ گوڵی
هەتا دنیا خەرا دەبێ، پیاو سەر هەڵنایەنێ لە ماڵە گڵی».
یایەزین دەڵێ:
«خوڵایە، بەغەیرەز ئەتوو کەس نییە بمێنی
ئەمن چی دیکەم بۆ مەجووزاتان نەژێنی
ئەمن بە کێلی کاکەمەمیەوە بمرێنی.
خوڵایە، ئەتوو کەریمی، قادری»
میوانی خوڵای دێ، ڕۆحی لە یایەزینێ وەردەگری.
خەبەریان دا بەمیرزێندین: «یایەزین مرد». میر بە بەکری فەرموو: «بڕۆ، قەبری بۆ هەڵکەنن». کوتیان: «قەبری هۆ لەوێ هەڵکەنن». هەرجێکی پاچیان لێ دا بوو بەروو لە هیچ کوێ هەڵنەکەنرا؛ لەکن کاکەمەمی نەبێ. قەبریان تەواو کرد. یایەزینیان تەسلیم کرد. دایانپۆشی کوتیان: «یاڵڵا بڕۆینەوە». شەقژن لە قەبری کاکە مەم و یایەزینێ هات. بەکر کوتی: «ئاحا! دەست هەڵناگرن ئەوا لە قەبریش چوونە باڵی یەک»:
بەکرئاغا دەڵێ:
«میر ئەتوو میرێکی ساحب خاتری
لە هەموو کاران عەیب و عاران لە من دەگری
خوشکی قەعبەی توو لە قیامەتێش دەس لە خەڵقی هەڵناگری».
میر کوتی: «هەموو کارێکی پێ کردم، دەنجا بیکوژن»
بەکر خۆی ئاوێتە نێوانی قەبری کاکە مەم و یایەزینێ. خوێنی بەکری لە نێوانی قەبری کاکەمەم و یایەزینێ کەوت، ئێستا بوو بە زی لەوێ شین بوو.
کاری وان بوو تەواوە
عرفۆ سەرتاپا خوار خۆی دە قوڕێ ناوە
چەکۆش خۆی لە خمی داوە
بانگێکی خۆشیان لە بۆ مەم و زینان لێ داوە
بە خەمناکی هەر کەسە بۆ ماڵە خۆی ڕۆیەوە و گەڕاوە
خەبەریان بە براهیم پادشای دا، یایەزینیش مرد، لەکن کاکە مەمیان ناشت.
کێ بوو لە براهیم پادشای زەنوێرە
کوتی: «ئیدی کەس پێم نەڵێ لە پاش مەم و زینان شاری جزیرێ نیگابدێرە
سبحەینێ پاکی نوغرۆ دەکەم دەچۆمی جزیری دەکەم سەر بەرەو ژێرە».
ئینجا کە سبحەینێ بەیانی داوە
براهیم پادشا لە خەوێ هەڵستاوە
دەڵێ: «چ بکەم؟ لە عەیبەت میرمەمی کوێرم بوون هەرتک چاوە».
ڕووی تۆپ و سەربازی دە شاری جزیرێ کراوە.
بەنگینە ئاغای چووە بۆخۆی سەرکردەیە و زگی سووتاوە.
ڕووی دە ماڵە بەکری کرد؛ هەرچی گەییێ سەری بڕی، سینگی هەڵێناوە.
ڕووی دە ماڵە میرزێندینی کرد، قەتی یەک خەلاس نەبوو، یەکی نەماوە هەتا بەجارێکی ئاساریان بڕاوە.
جا خاتوون ئەستی کوێنی دەبەر خۆی کرد، چوو لە پێش براهیم پادشای ڕاوەستاوە،
دەڵێ: «پادشا، مەم و زین چوون، ئاساری ماڵە بابم بڕاوە».
براهیم پادشا دەستی دەستۆی خاتوون ئەستێ کرد، کوتی: «ئەتوو کچی منی ئەتووم لە جێی کاکەمەمی ڕۆناوە».
دەستی دەستۆی خاتوون ئەستی کرد، چووە سەر قەبری مەم و زینان بیانکا تەواوە.
گەینە سەرقەبران، دەگەڵ لەشکر و قۆشەنی بانگێکی خۆشیان لێ دەداوە.
کێ بوو لە براهیم پادشای نەوجوانە،
کوێراییی گەیییە هەرتک چاوەکانە،
دەڵێ: «بە سەرینی پیری بەشم بێ کوڕی و زگ سووتانە.
ڕۆڵە! خاتوون ئەستی نایەمەوە شاری جزیرێ؛ شارێکی بەدقەدەمە، ویستراحەت گرانە.
ڕۆڵە! شارەکەی یەمەنێ، بێ کوڕی ئاغای و سەرەوێرانە».
خاتوون ئەستی دەڵێ:
«لە سوێ مەم و زینان وەختە وەرگەڕێم لە دینی،
هیچ باب و برام نەماون، لەکنیان ڕۆبنیشم بە پەرژینی».
براهیم پادشا دەڵێ:
«ڕۆڵە! شارەکەی جزیرێم بە بەرات دا هەتا مردنێ بە قەرەتاژدینی»
«ئینجا ئەمن کاکەمەمم چوو، هۆم کەوتۆتەوە بەنگینی».
قەرەتاژدین دەڵێ:
«چ بکەم براهیم پادشا؟ ئاغایەتیم پێ ناکرێ، جەرگم بڕاوە،
«خزمەتی میرمەمم گەلێک نەکرد، ئەمەگم بەهیچێ دراوە.
«خوڵا دەزانێ کوڕی تۆیە؛ بڵا ئەمن هیچ کەسم لە شوێنەوارێ نەماوە».
سبحەینێ تەدارەکی دەگرت هەتا حەوت ڕۆژان هەر خێر و قوربانی بۆ مەم و زینان کراوە،
لە پاشان ئاڵایان هەڵکرد و بەیداغیان ڕاکێشاوە.
جزیر بە قەرەتاژدینی تەسلیم کرا. گەڕانەوە بە دواوە.
براهیم پادشا لە حەسرەتان کوێری بوون هەرتک چاوە.
دوازدە مانگ و بیست و چوار ڕۆژان لەشکریان هێناوە بە دواوە
داخل بە شاری یەمەنێ دەبوو، هەموو کەس خۆی دە قوڕێ ناوە
بەنگینی کردیە کوڕی خۆی و بەسەر شاری یەمەنێی داناوە.
یا ڕەببی! «ڕەحمان بەکر نەمری» بەچوار ڕۆژان ئەو بەندەی بۆ ساحبی ئاڵمانێ کرد تەواوە،
ئیسای ڕوحوڵلا لەسەر ساحبی ئاڵمانی ڕاوەستاوە
ئاغای ساحب بە ساق و سەلامەتی لە هەموو دەریایان پەڕیوە لە دایک و خوشکی خۆت بکە سەڵاوە.