مەم و زین ٦

لە کتێبی:
شێوەزاری کوردیی موکری
بەرهەمی:
ئۆسکار مان (1867-1917)
 13 خولەک  761 بینین
کێ بوو، لە بەنگینی گوڵباوە،
بانگ لەسەر بانگی لێ دەداوە.
کەوڵ و گۆچانی میرمەمی ڕۆی دەناوە،
بانگ لەسەر بانگی لێ دەداوە.
دەڵێ: «ئەی خوڵایە، لە وەلایەتی غوربەت چم لێ قەوماوە!»
بەنگینە دەڵێ: «میرمەم ئەمنی بۆ بەراتێ هێناوە».
چوو کەوڵ و گۆچانی هەڵگرت لە پێش میرزێندینی ڕاوەستاوە.
کاکەمەم هەڵستا بەتاقی تەنێ بۆ ماڵە قەرەتاژدینی گەڕاوە.
ئەگەر گوێ هەڵدەخا، خاتوون ئەستی دەڵێ: «خوڵایە! چ بکەم چم لێ قەوماوە؛
«ئەگەر کاکەمەم خوشکی منی نەدەویست، بۆ کەلاموڵڵای دەبەر خوشکی من ناوە؟»
میرمەم ئەگەر دەچوو، ئەگەر تەماشای کرد عرفۆ و چەکۆ ساز و چەقەنەیان ڕۆناوە.
قەرەتاژدین غەمناک ماوە.
ئەگەر بەکر ئەو قسەی دەبیستن تەواوە،
بە زەریفی لە دیوانی میری هەڵستاوە،
بۆ خزمەت یایەزینێ دەچوو زۆر خۆشی بوون هەنگاوە.
بەعاستا پەردەی یایەزینێی هەڵداوە،
بەئانقەستی دەگەڕاوە بەدواوە،
یایەزین دەڵێ:
«کابەکر! بفەرموو وەرە پێشێ، بزانم ئەوشەو لە دیوانێ چ قەوماوە».
ئەگەر بەکر وا دەزانێ، چووە کن یایەزینێ دانیشت لە دیوانێ.
یایەزین دەڵێ:
«کابەکر! بۆم بگێڕەوە بزانم، چ بووە چ سوحبەتێک کراوە».
بەکر دەڵێ:
«چ بکەم، برای توو شێت و ناتەواوە؛
ئەمن نازانم، چ بکەم برای توو نازانێ ڕێی گوزەرانێ.
حیزبابێکی خوێڕی هاتووە کەس بە مەنزڵی نازانێ،
ئەوشەو کاکی توو سێ جاری ئەتوو پێشکێش کرد، قبووڵی نەکرد لە دیوانێ».
یایەزین دەڵێ:
«پێم بڵێ، ئەو قسە چییە؛
بەکرئاغا ئەوەی قبووڵ ناکەم، ئەوە کارێکی خۆڕایییە.
ئەوەی ئەمنیان داوەتێ نێوی چییە؟»
دەڵێ «نازانم؛ کاکەمەمی پێ دەڵێن یەکی زەردەڵەی خوێڕییە!»
یایەزین دەڵێ:
«سەری بەتاڵم، ملی بەکوێنم.
بەکر، ئەوە خەتای تۆیە، سی و دوو ددانت بە گازی دەردێنم!»
بەکر دەڵێ:
«ئەمن چ بکەم، تەخسیرم چییە؟
ئەو میرمەمە پیاوێکی زۆر ناچیزەیە خوێڕییە.
برای توو پیاوان ناناسێ ئەتووی لەکن گران نییە».
ئەگەر بەکر ئەو قسەی دەکرد تەواوە،
بەزەریفی هەڵدەستا پەردەی هەڵدەگرت، دەگەڕاوە بە دواوە.
یایەزین بۆ خۆی دەگریێ و خەمناک ماوە؛
دەڵێ: «خوڵایە! ئەگەر ئەو پیاوە ئەمنی نەدەویست، بۆ لە یەمەنێ کەلاموڵڵای دەپێش ئەمن ناوە؟
لە من مل بەکوێن و بابان وێرانێ!
سبحەینێ دەبێ ئەو کاکەمەمەی ببینم، بزانم ئەگەر ئەمنی نەدەویست بۆچ پادشایەتیی یەمەنێی بەجێ دەیەشت، ڕێی دوازدە مانگ و بیست و چوار ڕۆژان دەهاتە جزیرێ وێرانێ».
ڕۆژێکی سەر لە سبحەینانە،
چوار شێران لە سەربانی قەرەتاژدینی گرتووە دیوانە.
یایەزین کوتی: «بۆچی مەجمیعەی ئەو قاپان هەموو ڕۆژێ ناشۆن؛ بە پیسی دەچنە دیوانێ. کاکم هەر شەڕیەتی». بە قەرەواشانی کوت: «هەڵی گرن دەیبەمە حەوزی ماڵە کاکم؛ ئەمن دەیانشۆم ئەوڕۆ با هەموو شام و نەهاران وا بچێتە دیوانێ». خێڵەکی بەسەر خۆی کێشا ڕەپێش کەوت.
ئەویش قاپ و مەجمیعەی هەڵگرت، وەدووی کەوت.
چەکۆ دەڵێ:
«عرفۆ! قەرەتاژدین، میرمەم گیانە وە گیانە!
«ئەو بڵندەی بەڵەک چاو کێیە، دێتە خوارێ بۆ ڕازی کانیانە».
عرفۆ دەڵێ:
«چەکۆ! میرمەم، قەرەتاژدین، ئەزو ببم بە قوربانە!
ئەو خاتوونە ئەو خاتوونێیە، ئەگەر ئەو سێ شێرێ بەتەمانە».
یایەزین ژنخوشکی قەرەتاژدینە. ئەوان لەبەر قەرەتاژدینی شەرمیان کرد دەنگێ بکەن. قەرەتاژدین کوتی: «کەلاموڵڵایان بۆم بێنن». قەرەتاژدین کەلاموڵڵاهی خوارد بۆ عرفۆ، چەکۆ، کاکەمەمی کوتی: «هەتا ئەمن زیندووم یایەزین ئینگۆ هەرسێکانە؛ ئینجا هەرچی خوڵا دایێ ئی وی بێ». قەرەتاژدین کوتی: «بڵا کاکەمەم بچێ ڕێی لێ بگرێ، نەکوو بڵێ: برا چکۆڵەم، بە پیاوم نازانن». چەکۆ گوتی: «هەر کەسێک یایەزینی پێ قایل بێ، ئەو برا گەورەمان بێ».
«ئەمە سێ برا هەبوون ئەسپ بۆزە،
هەرسێک ساحبی گورز و کەمەند و ئەسپابی قۆزە.
هەڵستە بڕۆ یاخوڵا یاری خۆت موبارەک بێ، دوامین پیرۆزە».
عرفۆ دەڵێ:
«ئەمە سێ برا هەبوون ئەسپ ئاڵە،
هەرسێک ساحبی گورز و کەمەند و شیر و مەتاڵە.
لاوە! میرمەم هەڵستە بڕۆ یاری خۆت موبارەک بێ، دوامین حەڵاڵە!»
کاکەمەم هەر ڕاوەستا پووشکەی دە عەرزی وەژەنی، دەنگی نەکرد.
قەرەتاژدین دەڵێ:
«میر مەم لەمنت کەوێ دەگەڵ ئەوێ سەخوونێ دەگەڵ ئەوێ تانێ!
ڕەبی خوڵا! ئەو برایانەت لێ نەستێنێ، هەتا خوڵا دەکا دیوانێ.
هەڵستە، بڕۆ دەشقەمی پیاو قسێکی لە ماشووقەی خۆی بزانێ».
بە کاکەمەمیان کوت: «هەڵستە بڕۆ». کوتی: «کوڕە ماڵ خەرانەبوو! نوێژی نیوەڕۆیێ بێ، نێوەڕاستی شاری جزیرێ بێ، سێ شێری وەک ئەنگۆ ڕاوەستێ لێرە، ئەمن چلۆن پشتم دەنگۆ دەکەم، دەچم بۆ نوێژی نیوەڕۆیێ، ڕێ چلۆن لە خوشکی میری دەگرم؟ وەڵڵاهی! دڵم بتۆقێ ناتوانم بچم». عرفۆ هەڵستا دەگەڵ چەکۆی، قەرەتاژدینی، لە سەربانی چوونە خوارێ؛ ئەسپی خۆیان هێنادەرێ؛ سوێندیان خوارد بە قورعانێ: «ئەگەر یایەزین قسەی دەگەڵ کاکەمەمی یەک بێ، هەرچی لە کووچان، لە سوقاقان قسێکی بکا، فزووڵی بکا، سەری دەبڕین».
کێ بوو لە کاکەمەمی گوڵباوە،
کەوڵی قاقمی بە ملی خۆیدا داوە،
گەلێکی خۆش بوون هەنگاوە.
عرفۆ دوعا و ئایەتولکورسیی دەخوێند دەیکردن تەواوە،
هەتا دەچوو لە ڕازی کانیێ لە یایەزینێ دەیکرد سەلام و سەڵاوە.
یایەزین عەلێکی وە میرمەمی قەلەندەر نەداوە،
یایەزین دەڵێ:
«لاوە! لاو مەبە و تڕۆ
خەڵقی جزیرێ ئەوا لە سەربانان بووە کۆ بەکۆ
ئەگەر حاجەتی ئاوێت هەیە، دەسنوێژی خۆت هەڵگرە بڕۆ».
میر مەم دەڵێ:
«خوڵایە چلۆن خانەم بووە وێرانە
هەزار نەحلەت لە بابی خۆم دوامین لە بابی هەموو پیاوانە
ڕێی دوازدە مانگ و بیست و چوار ڕۆژان پادشایەتی یەمەنێ بەجێ بێڵە بە قسەی ژنان هەڵستە وەرە ئێرەکانە؛
ئێستا دەڵێ: «لاوە! ئەگەر حاجەتی ئاوێت هەیە، دەسنوێژی خۆت هەڵگرە و بڕۆ خەڵق شمر و شەیتانە».
کێ بوو لە میر مەمی گوڵباوە،
کەوڵی بە سەر شانی خۆیدا دەدا، بەعاجزی دەگەڕاوە بە دواوە. یایەزین گوتی: «خوڵایە! ئەوە ئەوا هات، قسەی خۆی کرد، ئەمن دڵم شکاند؛ کەلامی خوڵای ئەوی ناگرێ، ئەمن دەگرێ، بەجوانی دەمرم، بەکافری دەمرم. بڵا بانگی کەم، بگەڕێتەوە، دەشقەم دوو قسانی دەگەڵ بکەم». یایەزین بانگ دێڵێ:
لاوە! هەی لاوە!
ئەگەر حەزرەتی جبرایلی خۆشەویستە، نیدای بۆ خۆشەویستی وی هێناوە،
لاوە ئەتوو، ئەو خوڵایە کە حەزرەتی مووسای لە نووری خلقەت کردووە، هەوەڵی سبحەینان هەزار و یەک کەلامی لە بارەگای خوڵای دەکا تەواوە؛
لاوە، بەشقی ئەو خوڵایەی، ئەگەر عەزرەتی عیسای ڕوحوڵڵای لە نووری خلقەت کردووە، مردووی لە قەبرستانان پێ دەژیاوە؛
لاوە هەرچەند مۆمن و مەلایکەتن دەتێنمە تکایە
بۆ خاتری من، ئەو جارەکە بگەڕێوە دواوە!»
ئەوجار کاکەمەم بە شانی ڕاستەیدا گەڕاوە،
تەمەنای لە خوڵای دەکرد، لە پێغەمبەری دەپاڕاوە،
هەتا دەچوو لە ڕازی کانیە لە یایەزینێ دەیکرد سەلام و سەڵاوە.
یایەزین دەڵێ:
«ئەلەیکوموسەلام وەڕەحمەتوڵڵاهی، سەر هەرتک چاوی من، میرمەم شۆڕەلاوە!
شەوێ دی، ئەگەر ئەو گێچەڵە لە دیوانێ دەقەومی بۆچی لە منی مل بەکوێنت نەگێڕاوە،
ئەلەیکوموسەلام وەڕەحمەتوڵڵاهی، سەر چاوی من، بابان وێرانێ
ئەتوو شەوێ دی بۆچی ئەمنت لە کاکم قبووڵ نەکرد لە لای دیوانێ؟
ئەگەر خۆت بە پیاو نەدەزانی بۆچی دەبەر ئەمنت دەنا سی جزووی قورعانێ؟»
کاکەمەم دەڵێ:
«یایەزین، ئەتوو گەلێک ساحب خاتری
کاکەمەم نەهاتووە فینجان فینجانی قاوەی بە سەدەقەسەر وەرگری
خوڵا غەزەبی حەوتەبەقەی ئاسمانێ ببارێنێ لە شانی کابەکری
یایەزین! ڕۆژم لێ هەڵات گەیییە محەلی چێشتەنگاوێ
ڕوومەتی یایەزینێ گەلێک بەمن زەریفترن لە شووشەی گوڵاوێ
بریا ئەو دەست و جام بام، ئەگەر یایەزینێ دەیاوێتمەوە سەر ڕووی ئاوێ
ڕۆژم لێ هەڵات، گەیوەتە نیوەڕۆیێ،
ڕوومەتی یایەزینێ گەلێک زەریفترن لە گوڵی لیمۆیێ
بریا ئاودەست و جام بام، ئەگەر یایەزین بە دەستی موبارەکی دەیاوێتمە سەر ڕووی جۆیێ
ڕۆژم لێ هەڵات، گەیە فەسڵی ئێوارێ
ڕوومەتی یایەزینێ گەلێک زەریفترن لە دەنکی دە هەنارێ
بریا ئەو تاس و تەبەق بام، ئەگەر یایەزین بە پەنجەی مەبارەکی دەیاویتمە سەر تاتەشوارێ
ڕۆژم لێ هەڵات گەیییە مەحەلی نوێژی شێوان
ڕوومەتی یایەزین گەلێک زەریفترن لە گوڵی دە مێوان
بریا ئەو دەست و جام بام و ئەگەر یایەزینێ بە پەنجەی موبارەکی دەیاویتمەوە
سەر قەمبەڵی دە لێوان
ڕەببی خوڵایە! ئەتوو ڕەحمبەری، دەگەڵ یایەزینێ چیدی نەنبێ نێوان
ڕۆژم لێ هەڵات گەیوەتەوە نوێژی خەوتنێ
ڕوومەتی یایەزینێ گەلێک زەریفترن لە گوڵی دە سوێسنێ
ڕەببی خوڵاگیرم بی، ئەوێ ڕۆژێ دەکا دیوانێ دەگەڵ دیوان کردنێ
یایەزین! بە خوڵای، ئەمن دەست لە توو هەڵناگرم هەتا ڕۆژی مردنێ
یایەزین! ئاورم تێ بەربوو، جگەرم سووتاوە
غەریبی شارانم بەنگینەشم لێ هەڵبڕاوە
شاری یەمەنێم لە چەنگان چوو، ئەویشم دە پێناوی توو ناوە
یایەزین! ئەگەر ئاگات لێم نەبێ، زۆر خراپم لێ قەوماوە
ئەمن و توو وا لێک نابینین مراد و کاوێ
گەردنی توو گەلێک زەریفترە لە شووشەی گوڵاوێ
ئەگەر دەتوانی بە دەستی موبارەکت، زمانم شکا بمدەیە چۆڕێک ئاوێ!»
یایەزین دەڵێ:
«ملم بەکوێنە، دڵم بە تازی
«گورگ ئاوڕی میرزیندێنی گەلێک بێ ڕەزاترن لە مووی بەرازی
ئەتوو چلۆن دەتوانی بە نوێژی نیوەڕۆیێ لە نێوەڕاستی شاری جزیرێ جامی ئاوێ لە من بخوازی؟»
کاکە مەم دەڵێ:
«یایەزین، هێزی جگەرم، چرای چاوانم!
ئێستا ئەمن غەریبی هەموو شارانم
لەوەش بێ تیپ و سپاتر بم، هێشتا میری برای خۆت بە مەیتەر و نۆکەری خۆم نازانم
غەریبەی شاران، لەبەر خاتری توو زۆر بێ مەکانم
هیچ کەس نازانێ یایەزین چەند جوانە
بۆم بەجێ هێشتووە تەخت و مەکانە
هەرچێکی ژنە، پێشکاریان شەیتانە
ئێستا چۆڕێکم ئاو ناداتێ؛ دەڵێ خەڵق شەیتانە!»
کێ بوو لە یایەزینێ بەڵەک چاوە
دەستی دەدا جامی ئاوێ، بازنەی لە دەستی خۆی دەرهێنا، ئەنگوستیلەی لە قامکی خۆی ڕاکێشاوە
گوارەی لە گوێی خۆی دەرهێنا، دەرزی لە بەرۆکی هەڵکێشاوە، دە جامی ئاوێی ناوە
جامی لە سەرینچاوەی کانییێ، هەڵدێنجا، بە دەس کاکەمەمی داوە
کاکەمەم ئاوەکەی خواردەوە، بازن و ئەنگوستیلە و کرمەک و هەمووی دە باغەڵی خۆی ناوە
جامی بەدەس یایەزینێدا. یایەزین دەڵێ: «ئینجا میرمەم دەوڵەت زیاد و ماڵی ئاوا»
کاکەمەم دەڵێ:
«لە خۆم غەریب و خانەوێرانێ
ئێستا غەریبی شارانم کەس قەدرم نازانێ
یایەزین! بە زاتی خوڵای بە حەقی قورعانێ
ئەمن لێرە ناڕۆم هەتا دەگەڵم دانەنێی جێ ژوانێ».
یایەزین دەڵێ:
«سەری بەتاڵم، بابانی وێرانم!
چل قەرەواشم هەیە هیچ کەسێکیان بە هومێد نازانم
چ جێیان شک نابەم، نییە متمانم
بۆیە وا خەجاڵەت و سەرەوێرانم».
میرمەم دەڵێ:
«ئەمن غەریبم بەجێیەکی چاک دەزانم.
ئاورم تێ بەربوو، چۆقەم دەکەوتێ:
مەحەلی چێشتانی سوڵتانی ژوانمان میعراجی مزگەوتێ».
یایەزین دەڵێ:
«خوڵایە! چلۆن ڕووم ڕەشە، بابانم وێرانە!
مزگەوتی کاکی من لە لایەکی دیوان گیراوە؛ لێی ڕۆنیشتوون وەکیل و وەزیری کەوڵ بەشانە.
لە تەرەفی دیکەی لێی ڕۆنیشتوون سۆفیی بەرماڵ لە ملانە.
ئەوا لە میعراجی مزگەوتێ مەلا مەسەلەی دەخوێنێ لە بەحسی دنیا و قیامەتانە
لە پێشخانان نۆکەر و قەننەداری بەردەستانە
ئەگەر مزگەوتی کاکی من چۆڵ و ئەحەدولقەندەهار دەبێ، بە کوڵینچکانی بەجێ دەمێنن دوازدە کوێری حافزولقورعانە.
لە لایەکی تەکیەیە، لە تەرەفی دیکەیان خانەقاڕۆنانە
ئەوهە بۆ موسڵمانان چاکە، تێدا بێنن شادەوئیمانە
یاڕەبی بە کاری توو سەد جار شوکرانە»
کێ بوو لە کاکەمەم و یایەزینی گوڵباوە
قەول و قەراریان دەبوو تەواوە
ئەوا ڕۆژ لە نیوەڕۆیێ وەرگەڕاوە
میرمەم دەڵێ:
«یایەزین، عەمرەکەم! دەوڵەت زیاد و ماڵی ئاوا»
یایەزین دەڵێ:
«توخوڵا! مەڕۆ لەکن ئەمنی هەژاری
بەنگینە لەکنت نەماوە بە خەمخواری
چ بکەم، کێ دەڵێی بنێرمە کنت بە خزمەتکاری؟»
کاکە مەم دەڵێ:
«یایەزینێ چاو جوانێ!
ڕۆحی خۆمت قوربان دەکەم دەگەڵ سەرتاپای ئێمانێ.
ئەو قسانە پێکەوە دەکەین ئینشاڵڵا سبحەیانێ».
کێ بوو لە میرمەمی گوڵباوە،
دەیگوت: «یایەزین، عەمرم! دەوڵەت زیاد و ماڵی ئاوا»
یایەزین دەڵێ:
«چ بکەم ئەمنی قەلەندەری
میرمەم، هەڕۆ بڕۆ، بەخوڵات بەئامان دەدەم، بەزامن بەپێغەمبەری».
کێ بوو لە میرمەمی گوڵباوە،
بۆ خزمەت عرفۆ و چەکۆ و قەرەتاژدینی گەڕاوە
دەچوو لە هەرسێک برایان دەیکرد سەلام و سەڵاوە.
چەکۆ دەڵێ:
«ئەتوو بزانە لە کاری خوڵای ئاسمانێ
میرمەم بەخێرێیەوە لە سەفا و سەیرانێ
ئەو یایەزینی ئەمن تێ بەڵەدم، ساحب ئیعلایە؛ هیچ کەس مەتڵەبێی لێ نازانێ».
میرمەم دەڵێ:
«قەرەتاژدین! لێم مەدە بە شیران، مەمکوژە بە توانجان
مەرد ئەو مەردە نییە بچێتە ڕێی کچی دە کرمانجان
مەرد ئەو مەردەیە لە کیژی دە میران وەگێرێ بازن و باجان».
عرفۆ دەڵێ:
«یاڕەبی، بەخێرێیەوە، لاوە
ئەو یایەزینی بەڵەک چاوە
لەکنم قسەی دەگەڵ هیچ کەسی نابێ تەواوە».
کاکەمەم دەڵێ:
«عرفۆ! مەمکوژە بە شیران
مەرد ئەو مەردە نییە بچێتە ڕێگای کچی دە وان فەقیران
مەرد ئەو مەردەیە بازن و گواران بستێنێ لە کیژی دە میران».
کێ بوو لە میرمەمی بەڵەک چاوە
لە عرفۆ و چەکۆ و قەرەتاژدینی دەیکرد سەڵاوە
بازن و گوارەی لە باغەڵی خۆی دەرهێنا، لە پێش ئەوانی ڕۆناوە.
دەیگوت: هەر کەسێکی ئەوەی هەڵگری، کاکەمەم نۆکەرە لە پێش دەستی ڕاوەستاوە.
قەرەتاژدین دەڵێ:
«یاخوڵا میرمەم نەمری!
خوڵاوەندی میری مەزن دەستت لە عەمری بگری!
ئەوە هەر قابیل بە تۆیە هەڵی بگری
ئەتوو گەورەی هەموانی؛ دەبێ هەرکەسە کەوشی توو لەسەر چاوی خۆی ڕابگری»
عرفۆ دەڵێ:
«میرمەم، گیانە! ئەمنت دەبمە نۆکەر لەبەردەستانە».
چەکۆ دەڵێ:
«میرمەم! بە براگەورەییی توو سەد جار شوکرانە»
ئینجا میرزێندین بە نۆکەرانی گوت: «بڕۆن کاکەمەمی بێننە ئێرەکانە».
نۆکەری میری دەهاتن بە لینگدانە
دەڵێ: «سەلاموعەلەیکوم میرمەم؛ میر فەرمووی تەشریفی موبارەکت بێتە ئێرەکانە».
ئەگەر میرمەم وا دەزانێ
عرفۆ و چەکۆ و قەرەتاژدین هەڵدەگری، دەچێ بۆ دیوانێ.
کێ بوو لە میرمەمی گوڵباوە
دەگەیییە دیوانێ، لە میری دەکرد سەلام و سەڵاوە
دەڵێ: «عەلەیکوم ئەسەلام و ڕەحمەتوڵڵاهی بەخێرێی، شۆڕە لاوە!»