جووت و گا شتێکی چاکە

لە کتێبی:
دیوانی شێخ نووری
بەرهەمی:
شێخ نووری شێخ ساڵح (1896-1958)
 2 خولەک  707 بینین
لە باسی هەر شتێ پیا ڕاگەیشتین ئێمە نووسیمان
ئیتر با بێینەوە سەر باسی جووتیاری و زەوی کێڵان
لە پایزدا خەریکی جووت و تۆو چاندن ئەبی تا سەر
لە ماڵی خۆت ئەنوویت و بێ عەزیەت ئاوی ئەدا باران
لە جەردە و دز بەدوورە، قەت مەترسە هیچی لێ نایە
لە هاوینا لە پاش دروێنە، بێیتە سەر خەلە و خەرمان
وەرە تۆ پێگەیشتووی وەختی هاوینیش تەماشا کە
وەکوو بامیە و تەماتە، کاڵەک و لۆبیا و باینجان
جگە لەو پارەیەی خاوەن زەوی ئەیخاتە گیرفانی
بەڕاستی خزمەتێکی زۆر ئەکا، بۆ هاوڵاتییەکان
کەڵەمە و نیر و هەوجاڕێک و جووتێ گای لەڕ و بێ فەڕ
ئیتر دەسمایەی ناوێ، وەکوو دوکانی بازرگان
بەقاڵی و ئەم شتانە هیچ نییە کە وەختێ نابووت بوو
لە باخەڵیا ئەڵێ ئەسپێ گۆرانی سەوزەڵێ تۆم گیان
زەوی و زار دەوڵەتێکە نامرێت و قەت لەناو ناچێ
فەقیر و دەست نەڕۆییو نابێ قەت، خاوەنی دەغڵ و دان
بیناغەی دەوڵەمەندی هەر بە جووت و گا ئەبێ قایم
بە جووت و گا ئەڵێن، عەرز هەڵدڕین و پارە دەرهێنان
تکاتان لێ ئەکەم لەم ئیشەدا تا پێشکەون چاکە
بەڵام دووبارە پێویستە حکوومەت بێتە یاریدان
لە باسی تووتن و کڕیار و لادێییش بنووسم با
کە پارەی پێ بوێ، دێت و هەزار ڕوپیە ئەبا زستان
بەهارێ سەد دێراو تووتن ئەکات و وازی لێ دێنێ
ئەما تووتن چ تووتن، ورد و پیس و بێ گەڵا و کێشان
وەچ و دارک زیاتر ناوی تووتن بێ بە تۆی نادا
هەموو هەر دار و بەرد و زبڵ و پووش و قشپل و ئێسقان
بچیت و پێی بڵێی ئەو تووتنە باتمانی چەند یێژێ:
«بە سێ لیرەی عەجەمیی کەمتری نادەم بەسەد قورحان»
لە ئەرزی وشک و ڕەق، تووتن پەیابێ و واشی بفرۆشن
کەوابوو با هەموو دەست کەینە، جووتیاری و زەوی کێڵان