جووت و گا

لە کتێبی:
دیوانی شێخ نووری
بەرهەمی:
شێخ نووری شێخ ساڵح (1896-1958)
 2 خولەک  812 بینین
شارەزوور تاکوو بڵێی جێگەیەکی بەردارە
خۆڵی زیو، ئاوی بەدێراو ئەڕژێنێ پارە
کوردە تۆ بۆچی ئەڵێی: ڕووتم و بێ لانە و بان
خاوەنی جووت و ماڵات و مەڕ و ڕان و شوان
بایی تارانییەکە وێژەبەرە و ئاسنەکەت
پارە دەرهێنەرە لەو ئەرزە ڕەقە گاسنەکەت
ئەوی پێویستە لە جووتێ، هەموو داری بەڕووە
نیر و هەوجاڕ و نەقیزە و کەڵەمە و دەستەدووە
وەردی پارت هەموو ئاڵتوونە، بە هۆڕ و بە جەواڵ
وشکە وەردت هەیە، قەت ناتەوێ دەغڵی تەڕەکاڵ
تۆو ئەکەی بەو زەوییە دێمەوە تاوەختی پەڵە
شین ئەبێ، دان ئەگرێ، نەک یەکێ، بتبێ دە پەڵە
زەرد ئەبێ وەختی درەو دێ، ئەچی بۆی ئەگری سەپان
درەو ئەکرێت و ئەکێشرێت و ئەبێتە خەرمان
بڕۆ گاگێرەی تێ بەستە، شەنی کە بەشەماڵ
هۆڕی لێ داگرە، دەرکی بدروو، بیکەرە چاڵ
بێینە سەر باسی مەڕ و مێگەلت، بۆت ئەکرێ لە شیر
ڕۆن و دۆ، ماست و کەرە، کەشک و فرۆ و پێستە پەنیر
بەڕە و هۆڕت خوری، چیغ و دەوارت لە مووە
چاکی لێ وردبییەوە، هیچی بەپارە نەبووە
هەر لە بەرگن ئەکرێ، خورج و فەرەنجی و لاکێش
دێتە بەردەستت بەخۆڕایی، بەبێ عارەق و ئێش
کوتە جاوی شڕی خۆتە، ئەچی ئەیکەی بە کەڵاش
لە مەرەز بوزوو ئەڕێسیت و ئەشیکەی بە کەواش
ناکڕی شت لەم و لەو، گەر بتەوێ تا ئەمری
هەموو بۆت ڕێک ئەکەوێ، کۆمەڵ ئەبێ هەر لە خوری
شۆک و دۆشاوی گەزۆت بۆ ئەگرێ داری بەڕوو
ئەتەوێ پارە پەیاکەی، بە کەتیرە و مازوو
ڕەزەکەت، گەر بتەوێ پارەی لێشاوی هەیە
مێوژ و باسووق و ترێ و هیزەی دۆشاوی هەیە
چ بڵێم پووش و بەلەک، چیلکە و زەل، لیژنەیی دار
ئەچی ئەیهێنی بە باری کەر و ئەینێرییە شار
هەموو ئەدرێ بەشت و مەک، بە کەلوپەل بۆ ماڵ
ڕائەبوێری بەدڵی خۆت و مناڵت هەموو ساڵ
مەلەوانم لەبنی گۆمی زمانا بە هەزار
ناوی کوردی دەرئەهێنم بە جەواڵ و بە خەرار