بۆ ماتەمی «٦»ی ئەیلوولی ساڵی «١٩٣٠» وتراوە
لە کتێبی:
دیوانی شێخ نووری
بەرهەمی:
شێخ نووری شێخ ساڵح (1896-1958)
3 خولەک
882 بینین
دووبارە دڵ لە داغی وەتەن پڕ لە میحنەتە
لەم مەنزەرەی فەلاکەتە، لەم دەرد و حەسرەتە
حەقییە فەلەک بە جارێ سەری خۆی لە خوم بنێ
بگری فەلەک بە شینەوە بۆ ئەم موسیبەتە
بەر قاپی سەرا بووەتە دەشتی کەربەلا؟
یا مەزبەحەی گرۆهی، وەتەن خواهی ئوومەتە؟
ماهی موحەڕڕەمە ئەمە، شینی حوسەینە یا
ئەیلوولە ڕۆژی شیوەنە، ماهی فەلاکەتە؟
هەر نەعشی لاوی کوردی ستەمدیدەیی غەمە
غەڵتانی خوێنە، نائیلی ڕوتبەی شەهادەتە
هەر نەونیهالی کوردە، بەخوێناوی ئاڵەوە
گەوزانی خاک و خوێنە، شەهیدی شەجاعەتە
هەر ناڵە ناڵی لاوە، بەدەم گوللەوە ئەڵێ:
یاڕەبیی کەی نیهایەتی دێ، ئەم موسیبەتە؟
ئەم باغە بۆ بەجارێ وەها بوو بە گۆمی خوێن؟
بۆ مەنزەرەی لەتافەتی بۆ بوو بەم قەساوەتە؟
ئەمووت گوڵێ نییە، کە نەسووتێ دڵی بە کورد
ڕوو زەرد نەبێ، لە مەنزەرەیی ئەم فەجاعەتە
ئەم باغە، ئەم گوڵانە، کەچی هەر لە نەشئەدان
نەمزانی گوڵ کە بێ دڵ و حس و حەمییەتە
لەعنەت لە بەرگی سووری گوڵاڵە و دڵی ڕەشی
چۆن ماو بۆچی هەڵنەوەری بەم فەلاکەتە
قەومی نەجیبی سامکەس، ئەمە بێ عەدلی ئەوەلی
ئاخۆ نیهایەتی چ بێ، ئەم لوتف و ڕەحمەتە؟
ئەی «عصبة الاممعەرەبی» وەسیی ئەقوامی ڕووی زەمین
بێ دەنگیی لەم مەزاڵیمە، شێوەی مورووەتە؟
وەک داری لیژنە، مەیت و جەنازەی شەهیدی کورد
لەم باغە کەوتووە، ئەمە ڕەسمی عەدالەتە؟
لەم عەسرەدا، کە عەسرەی تەرەقی و تەکامولە
ئەم سەر بڕین و کوشتنە، شەرتی حیمایەتە؟
بۆ کەعبە کەچ ئەبێ، کە کەسێ ناوی حەق بەرێ؟
حەق گۆ لە بەرچی، قیسمەتی هەر دار و لەعنەتە؟
ئەی کۆمەڵی شەهیدی وەتەن، خوێن ڕژاوەکان
تیذکاری ناوی ئێوە، لە جێی فەرز و سوونەتە
وا تێ مەگەن، کە ڕەنگی کفنتان ئەچێتەوە
ڕەنگی ڕژاوی ئێوە، بناغەی حەمییەتە
ناچێتەوە بە لێزمەی لافاوی زوڵم و زۆر
ڕەنگێکی سابیتە، ئەسەرێکی جەلادەتە
ئەشرافی کوردە، دەستی لە قفڵی کەلەپچەدا
حەپس و زەلیلە، مەزهەری زلل و حەقارەتە
ئەم ڕەنگە، خوێنی مێشکی پژاوی سیاوەشە
بەرگی گوڵی بیساتی، زەمینی حەمییەتە
تابووتەکانی ئێوەیە، بەشانی کوردەوە
ئیعلان ئەکا نەتیجە، کە بەرزی و سەعادەتە
ئەیلوول و ڕۆژی شوومی شەشی تاکو نەفخی سوور
ڕۆژی عەزا و ماتەمی ئێوەی وەسییەتە
ئەم ڕۆژە، ڕۆژی شیوەن و گریانە تا ئەبەد
ئەم ڕۆژە، ڕۆژی ماتەم و ڕۆژی عیادەتە
ئەم ڕۆژە، ئەم مەزاڵیمە، تا ڕۆژی ڕەستخێز
سەر لەوحەی سەحایفی تەئریخی ئوومەتە
ئاهی شەهیدی وەتەن، خوێن ڕژاوەکان
تەئریخییە و ئەگاتە خوا، ئەم هەناسەتە