بۆ متەسەڕیفی کەرکووک
لە کتێبی:
دیوانی شێخ نووری
بەرهەمی:
شێخ نووری شێخ ساڵح (1896-1958)
2 خولەک
675 بینین
ن. ناوی جەرگم هێند برینی پێوەیە وا سیل ئەکا
و. وا خەریکە خەم شعوور و عەقڵەکەم تەبدیل ئەکا
ر. ڕۆح لە دەرچوونایە بۆ وەسڵی زولەیخای لوتفەکەت
ی. یووسفی ئاوارەکەت وا مەیلی عیزرائیل ئەکا
ب. بەرد ئەبارێنی بەسەرما یەک لەسەر یەک چەرخی دوون
و. وەک سیاپۆشان، وجوودم ماتەمێ تەمسیل ئەکا
خ. خەم وەها خوێنی دڵی هێناوەتە سەر دیدەکەم
ز. زیللەت و ئاهـ و فیغانم، شیوەنێ تەشکیل ئەکا
م. مردنم لا چاترە لەم ژینە، گەردوونی دەنی
ت. تووڕەیە دایم لە جەمعی عوشرەتم تەنزیل ئەکا
ج. جەوری ئەم غەددارە ڕەببی ڕوونەکاتە دوشمنم
ن. نەختە ئاوێکی لە ڕێدا، لێ بە بەحری نیل ئەکا
إ ئانێ بێشەی شێر ئەکاتە لانەی ڕێوی غەریب
ب. بەینێ ئەیبینی کە سەرگەڕ گەڕ بە لاشەی فیل ئەکا
ت. تا بەکەی تاڵاوی، ئەم زەهرەت بچێژم ڕۆژ و شەو
ا. ئێش و ئازارت، هەتاکەی کەیف و خۆشیم دیل ئەکا
ڕ. ڕوو لە کوێ کەم گێژەڵووکە و گەردەلوولی نەگبەتی
ز. زیندەگی و خۆشیم بە سەد مەرگ و خەفەت تەبدیل ئەکا
و. وس بە ئیتر بەسیە، هاوار و بەیانی دەردی دڵ
ی. یاری خۆت مەعنای سکاڵاکەت بە حەق تەئویل ئەکا
ت. تێدەفکرم، دێتە گوێم دەنگێ بە ئەسپایی ئەڵێت:
ح. حامییەکی خۆت هەیە ئەو حاڵی تۆ تەعدیل ئەکا
و. واز لەم و لەو بێنە، هەر بۆ ئەو بەرە شەکوای دڵت
ی. یاری پێشووی خۆتە، لوتفی خۆی بەتۆ تەشمیل ئەکا
ل. لەم قسانە لادە، نۆبەی ئیحتراماتە و سەلام
ا. ئاشنایان با نەڵێن هەر بۆ حەجی خۆی تیل ئەکا
ک. کاکی خۆمە زۆر سەلامی لێ دەکەم، سەدیقمە
ا. ئەو موئەشیرمە ئەزانم ئیشی من تەعجیل ئەکا
ئەوەلی حەرفی هەموو میسرەع ئەگەر کۆ ببنەوە
میسرەعێکە قەسد و ناوی شاعیرێ تەسجیل ئەکا
خۆت ئەزانی موخلیسە، بۆیە بەبێ پەروا ئەڵێت:
........................