بۆ دۆستێکی قەدیمی
بۆ متەسەڕیف «مستەفا قەرەداغی»
لە کتێبی:
دیوانی شێخ نووری
بەرهەمی:
شێخ نووری شێخ ساڵح (1896-1958)
1 خولەک
590 بینین
بەرم بۆ کێ سکاڵای دڵ لە دەس تۆ
مەگەر هەر بیبەمە لای دلبەری خۆم
بڵێم ئیتر بەسی بێ، بێ وەفایی
بڵێ جارێ لە کوێیە کەمتەری خۆم
فەلەک خستوومییە چاڵێکی واوە
کە دەس ناداتە دەستم ڕەهبەری خۆم
ئەڵێی دایم لە دووم هەڵهاتووە ڕۆژ
لە پێ کەوتم، نەگەیمە سێبەری خۆم
لەبەر تانەی ئەم و ئەو نادیارم
وەکوو ئەخگەر لەبەر خاکستەری خۆم
نیازی من لە ئێوە یەک نیگاهە
کە بەڵکو زوو بکەم، چارەسەری خۆم
لزووم ناکا بە شەرح و بەستی ئەحواڵ
کە ڕەمزێ کافییە بۆ داوەری خۆم
ئەگەر لوتفت لە حەق من هەروەها بێ
ئەبێ لەم شارە من دەرکەم سەری خۆم