گلەیی
بۆ سەعید قەزازی
لە کتێبی:
دیوانی شێخ نووری
بەرهەمی:
شێخ نووری شێخ ساڵح (1896-1958)
2 خولەک
768 بینین
دێتە بیرت ئەو دەمەی تۆ ڕووت لە ڕووی پەیمانە بوو
من دڵ و خوێنی دڵم بۆ تۆ مەی و مەیخانە بوو
دێتە بیرت هەر بە تەنیا تۆ لە پەردەی سینەما
سینەما بووی و لەوێدا غەیری تۆ سیما نەبوو
دێتە بیرت کارەبای ڕووی حوسنی خولقی تۆ لە کوێ
شوعلە ئەفزا بوایە «نووری» زوو لەوێ پەروانە بوو
دێتە بیرت کۆمەڵی جاران و شەوگارانی زوو
گفتوگۆی مەجلیس، هەموو هەر ڕاستی، مەستانە بوو
دڵ لە باغی سینەدا بۆ تۆ لە ڕیشەی جەرگ و دڵ
ڕۆژ و شەو هەوڵی چنین و بەستنی هێلانە بوو
شارەزای ڕێ بوو، ئەکەوتە بەردەمت دڵ دێ بە دێ
شاری بێ میهر و وەفایی، ئەو حەلە وێرانە بوو
چی بەسەرهات ئەو زەمانەی ڕاستی و عەهد و وەفا
لای ڕەفیق و ئاشنایان، شێوەیی پیاوانە بوو
چۆن موبەدەل بوو بە سەفرای تاڵی ئێش و دەردی دڵ
ئەو شەرابەی شەمعی جەمعی ئاشنا و بێگانە بوو
تێگەیشتم بۆ نەماوە، شێوەیی میهر و وەفا
تاکوو ڕۆژی یەک دڵیی ئاوا نەبوو، ئاوا نەبوو
بۆ شتێ چاکە «معاذ اللهعەرەبی» بکەومە سەر زبان
ئەو خەیاڵاتەی کە من ئەمکرد، هەموو ئەفسانە بوو
زووم ئەزانی من کە قەت ناکەومەوە بیری یەکێ
واسیتەی بیرکەوتنەوەم بۆ نەقڵی ئەم بارزانە بوو
ئەو شەوەت بیرە لە بەزمی وەسڵی یارا دوو بە دوو
تا بەیانی، هەر بەیانی ڕازی دڵدارانە بوو
ئێستە تۆ بوویتە وەزیر و من مدیرێکی فەقیر
شەرتی ئینساف و مروەت، وا بزانم وا نەبوو