بۆ بێکەس

لە کتێبی:
دیوانی شێخ نووری
بەرهەمی:
شێخ نووری شێخ ساڵح (1896-1958)
 2 خولەک  399 بینین
جەژنی نەورۆز بوو لە گردی یارە
کۆ بووبوونەوە ئەهلی ئەم شارە
لە ژن و لە پیاو، لە شێخ و ئاغا
لە کاربەدەستی میری کەس نەما
کە نەهاتبێ بۆ ئەم نەورۆزە
بۆ زەماوەند و جەژنە پیرۆزە
لە سەفارەتا زانای ئیستیعمار
مێجەر ئەدمۆنسی، یەکەم موستەشار
بە توورەکەی مل، پڕ لە فێڵەوە
بەدرۆ و ئیشی چەوت و چوێڵەوە
ئەویش لە پڕ هات خۆی کرد بەناوا
هەر چاوێکی کرد بە چوار لە تاوا
من بەبیری خۆم زەینم وا بۆی چوو
بۆ ناوەرۆکی نەورۆز هاتبوو
تێبگا مەبەس لە نەورۆز چییە
بێ ناوئاخنە و جەژنی پەتییە
یا پڕە لە شت، ئەم هەمانەیە
ڕوو لە سەردەشتشوێن ە و مەبەس بانەشوێن یە
بێکەس
بێکەس ئەناسن چەند فیداکار بوو
بۆ نیشتمانی، کە چەند بەکار بوو
بۆ سەعادەتی قەومی کورد بێکەس
سەرشۆڕی و بەزین لای عەیب و عار بوو
بێکەس لە ڕێگای بەرزی میللەتا
ملی بکرایە بەدار و پەتا
لای وابوو ڕوتبەی شاهەنشاهییە
ڕێی وەتەن نەبێ، ڕێی گومراهییە
بەندیخانە لای کۆشکی وەزیر بوو
گۆرانی و بەستەی زڕەی زنجیر بوو
بەتەنگ ئازار و ئێشەوە نەبوو
لای بێکەس مەعنای وەتەن ئەمە بوو
سەر، بەرز بوونەوەی بۆ سێدارە و پەت
ئەو سەربەرزییە دەس کەس نە ئەکەوت
ئەمە ئایینی پاکی بێکەس بوو
هەر بەرزی وەتەن لای ئەو مەبەس بوو
سەرنجم دا دان جیڕ ئەکاتەوە
لە داخی «ئەدمۆنس» پیش ئەخواتەوە
لە پڕ هەڵسایە سەرپێ ئازانە
ڕووی کردە «ئەدمۆنس» وتی مەردانە
پەنجەی کێشایە ناو هەردوو چاوی
وتی لە دەس تۆ من بۆ کوێ بڕۆم
«بیست و حەو ساڵە من ڕەنجبەری تۆم
بەنان و ئاو و جل و بەرگی خۆم
خزمەتم کردی لە ئێران و ڕۆم
کەچی ئێستاکە هەر من ڕەنجەڕۆم
گوناهم چ بوو، بەم دەردەت بردم
بەناحەق بۆچی وا سووکت کردم»
ئەم هەڵەبەستەی خۆی، جوان بۆ خوێندەوە
«ئەدمۆنس» هەروەها تاس ئەیبردەوە
ئێستەش تا ماوم ئەم دەنگە خۆشە
لە پەردەی گوێما ئەزرنگێتەوە
کوردیش ئەمێنێ و ئەم شیعرە جوانەی
بە فاتیحاوە ئەخوێنێتەوە