گەراجی ناوشار

لە کتێبی:
دیوانی شێخ نووری
بەرهەمی:
شێخ نووری شێخ ساڵح (1896-1958)
 12 خولەک  682 بینین
گەراجەکانی ناو شاری
دەرگای داخست بە زۆرداری
ئەمری دەرکرد لە سەر تا خوار
گەراج ببرێتە، قەراخ شار
پاش دوو سێ ڕۆژ داخرانی
خاوەن گەراج نەیئەزانی
ڕووبکاتە کوێ بۆ ئەم کارە
ئەم دەردە چۆن ئەکرێ چارە
خێر خواهێ چووە لایان
پێی وتن گەلی برادەران
ئیشێکە تازە ڕووی داوە
هەر لە ئێوە نەقەوماوە
لەم نەوعە هەر ڕۆژی جارێ
وەک بەختەباران ئەبارێ
ئیش پێک نایە بە دۆژدامان
تەدبیر پێویستە بۆ فرمان
هەڵسن بچن بۆ لای خانم
ئیشی گران، لا ئاسانم
کام ئیش زۆر قورس و گرانە
لای خانم زۆر زۆر ئاسانە
کام ئیش گرانتر فرمانە
موحتاجی یەک سەرقەبڵانە
فکرتان هیچ موغبەر نەبێ
ئیش نییە لای مەیسەر نەبێ
هەڵسان چوونە لای خانم گیان
سەری خۆیان جوان جوان قەبڵان
دەرگای گەراج کرایەوە
گەراج لە جێی خۆی مایەوە
دەست و تەرازووت خواتەوە
خوا زوو بۆ خۆی بتباتەوە
میوانداری و چەرەسی خانم
خانم دەڵاڵی خۆی هەبوو
هەموو ڕۆژێ بەیانی زوو
ئەی نارد بۆ ناو شار بپرسێ
کێ شتێکی لێ هەڵدەسێ
دەڵاڵ ئەچوو ئەخولایەوە
ماڵێکی بۆ ئەنایەوە
خەبەری ئەنارد بۆ ماڵیان
کە بۆ پرسینی ئەحواڵیان
خانم ئیمڕۆ، پاش نیوەڕۆ
تەشریف ئەهێنێ بۆ لای تۆ
میواندارییەکەت بەجێ بێ
حەز ناکا بێگانەی لێ بێ
ژن ئەکەوتە شین و زاری
پیاو نیشتە دەریای غەمباری
هەردوو ئەگریان ئەیان وت
بەڵا بەسەرمانا باری
چونکی زۆر باش ئەیانزانی
جێیە بچێ بە میوانی
ئەو ماڵە باش وێران ئەبوو
قەرزاری سەد دووکان ئەبوو
وتیان ماڵمان بەقوڕ گیرا
چارەش نییە «إنا للهعەرەبی»
دیدەنی ئەم وەک کەس نییە
پیپسی کۆلاو چەرەس نییە
میوە، چکلێت، شەکەرلەمە
بۆ میوانی نرخ کەمە
چەرەسی ئەم شاهانەیە
سەرپەرچەم و گەردانەیە
یا بازن، یا پاوانەیە
دەستێ جلی کوردانەیە
حێل و مێخەک، لاگیرەیە
پشتێنی پێچکە لیرەیە
تەعلیماتی بۆ دەر ئەکرا
بەپێی وەزیفە دائەنرا
هەیە پشتێنێ هەڵئەگرێ
هەیە بەبازنێ ئەمرێ
ڕیعایەتی ئەمەی ئەکرد
بەویجدان بوو خوا هەڵناگرێ
چەرەس بەپێی دەس کەوتن بوو
لە زۆر زۆر، کەم کەم ویستن بوو
لەمانەی بۆ دانەنرایە
بەکەیفی خۆی هەڵنەستایە
وای بەحاڵی کابرای فەقیر
هەردوو پێی ئەکەوتە زنجیر
ئیشی تەواو ئاڵۆزا بوو
پتی لەکەند، ڕووی لە «با» بوو
دەست و تەرازووت خواتەوە
خوا زوو، بۆ خۆی بتباتەوە
قەسابەکان و گران کردنی گۆشت
قەساب لە سەد و شەستەوە
گۆشتیان کرد بە سەد و هەشتا
پاشا لە کردەوەی قەساب
وەک عەلیشیش ڕقی هەستا
پۆلیسی نارد بەدەستو برد
قەسابەکانیان جەلەب کرد
هەموویان بەجارێ گیران
پاچ و بێڵ درایە دەسیان
ناردنی بۆ کرێکاری
بۆ قوڕگرتنەوە و بەردکێشان
قەساب زۆر باش ئەیانزانی
ئیش سەرناگرێ بەئاسانی
ناردیانە خزمەت خانم خاس
بۆ عەرزی شوکرانە و سوپاس
پێی وت، هەرچی بڵێ خانم
ئەیخەمە سەر ڕۆح و گیانم
بفەرموو قەسابەکان بەربن
مەهێڵە تووشی زەرەر بن
ڕێکەوتن و سەری قەبڵان
مژدەی هێنایەوە بۆیان
خانم تەلەفۆنی هەڵگرت
پاشای هێنایە جرت و فرت
پێی چۆنت وت ڕێکەوتن
خۆت چەندت ویست لێم وەرگرتن
قەسابیان بردەوە سەرا
چوونە ژوورێ بۆ لای پاشا
ڕووی تێ کردن، وەکو برا
وتی ئیشتان تەحقیق کرا
ڕاستە حەیوان، زۆر گرانە
ئەم زیاد کردنە حەقتانە
هەرا بۆ سەد و هەشتا بوو
بەدوو سەد بەر بەڕەڵڵا بوو
لە باتی بیست، چلی چووە سەر
سواری پاشا بوون وەکو کەر
قەساب ئەیانووت بەجارێ
ئەم زەمانە خێر ئەبارێ
کێ بیستوویە کرێکارێ
پاچێ لێدا بە دینارێ
دەست و تەرازووت خواتەوە
خوا زوو بۆ خۆی بتباتەوە
شاعیر و خوێندەوار
لە نزیک بێ، یا لە دوور بێ
شاعیر ئەبێ، با شعوور بێ
بەناخۆشی گریانی بێ
بەخۆشی شاد و مەسروور بێ
بەڵام گریانی ئەم شیعرە
کوڕووزانەوەی بە فیکرە
بە ئاشکرا یا بە دزی
چاک و خراپی هەرچی دی
وەک کامێرا ئەیگرێ زوو
چاپی ئەکا و ئەیخاتە ڕوو
تاڵ و شیرین هەرچی نۆشی
خۆشی بینی، یا ناخۆشی
ئەبێ بێتە سەر زوبانی
بیخاتە چوارچێوەی جوانی
بە شیعری خۆش و ڕەوانی
کامەرانی، پەرێشانی
حاڵ و وەزعی نیشتمانی
هەتا هەتا، هەتا مانی
بڵێ و بیکا بە شیعری جوان
بێ ماندوو بوون، بەبێ وچان
ئەم شیعرانە لە چاپ ئەدرێ
لە چاپ نەدرێ، لەبەر ئەکرێ
. . . . . . . . .دەقی نائاشکرا
یەعنی نامرێ
بەدیمەنی خۆش و ناخۆش
پێکەنین و گریانیان بێ
ئەم گریان و پێکەنینە
ئەم شایییە، یا ئەم شینە
بە هەڵبەستی ڕێک و ڕەوان
بیخەنە بەرچاوی جیهان
ئەمە حاڵی شاعیران بێ
کردەوەی خوێندەواران بێ
عومەر عەلیش وا نێررابێ
لایوسئەل و بەڕەڵڵابێ
هەرچی بکا پرسی نەبێ
لە هیچ کەسێ، ترسی نەبێ
ئەبێ بەشمان هەر زیندان بێ
دەرکردن و تێهەڵدان بێ
***
کردەوەی ئەنساری سەلام
مەعلوومە لای خاس و عەوام
ئەیانەوێ نیشتمانیان
بپارێزن لە خوێن ڕژان
نەوەک تەنیا نیشتمانیان
بەڵکو گەلی سەر ڕووی جیهان
لە برسێتی و ماڵ وێرانی
لە بێ ئیشی و سەرگەردانی
لە قونبەلەی زەڕەو تینی
لە بۆمبای هایدرۆجینی
لە فڕۆکەی پەلاماردەر
لە ساروخی ماڵ وێرانکەر
لە تێکچوونی ئەخلاقی چاک
لە شێوانی ڕەوشتی پاک
دوور بن هەموو شار و وڵات
بۆ ئەمەیە هەوڵ و خەبات
کەچی بەقانوونی شەیتان
شەیتان پەرستی بێ ئیمان
تاجرانی مەرگ و مردن
شەریکەی گیان لەناو بردن
ئەنساری ئاشتی لایان
تاوانە، ئەوپەڕی تاوان
سەلام کرا بەشەڕ، نەک خێر
ئەنساریشی بە شۆڕشگێڕ
ئاشتیخوازی وەتەن پەروەر
مامۆستای کوردی هونەروەر
بلیمەتێکی دانشوەر
«گۆران»ی دەم پڕ لە گەوهەر
کردیان بە ئەنساری سەلام
یەعنی موستەحەقی ئیعدام
گرتی نایە بەندیخانە
وتی جێگای تۆ زیندانە
بە قانوونی ئێمە وایە
زیندان جێی ئاشتی خوایە
دەست و تەرازووت خواتەوە
خوا بۆ خۆی زوو بتباتەوە
شێخ لەتیف شێخ مەحموود
پایەی بەرزی کۆشکی شێخان
لە بن و بنچینە دەرهێنان
ئاشکرابوو، وەک ئەم ڕۆژە
ئەوەل بەند بوو لە پڕۆژە
وەک لە پڕۆژە نووسرابوو
بەدەمیش ڕاسپێررابوو
وەکوو جووی نابووت لە پڕا
پاشا بەدەفتەرا گەڕا
حەمە بچکۆلی بەرچاو کەوت
شەو تاکو سبحەینێ نەخەوت
حەمە بچکۆلی پشدەری
«عومەر عەلی» ناردیە سەری
وتی بێت بۆ سولەیمانی
بۆ ئیشێکی زۆر پەنهانی
هێنایانە خزمەت پاشا
کڕنۆشی بەندەگی کێشا
بۆ تەفرە، لەبەری هەستا
ئەمجا ڕووی کردە «حەمە ئاغا»
وتی بیستوومە تۆ پیاوی
پیاوێکی ئازاو بەناوی
ئەڵێن دە ساڵ بەر لە ئێستا
«شێخ لەتیفکەس» قینی لێت هەستا
لەشکری ناردۆتە سەرتان
بۆ تاڵان و بۆ کوشتنتان
ساف لە ساف تاڵانی کردوون
سەروەت و سامانی بردوون
چەند فەلاح و پیاوی کوشتوون
خۆتان بەهەزار حاڵ دەرچوون
بڕۆ دەعوایە، بەرپا کە
حەقی خۆت ئێستە داواکە
من ئەم حەقەت بۆ ئەسێنم
ڕیشەی لەبن دەرئەهێنم
حەمە بچکۆل، وتی پاشا
خوا گەورەییت بەردەوام کا
زۆر دەمێکە ئەمە بووە
ساڵەهای بەسەرا چووە
هەرچەند لەیەک ڕاست بووینەوە
بەڵام دوایی ئاشت بووینەوە
تازەکردنەوەی ئەم کارە
بۆ عەشیرەت عەیب و عارە
پاشا وەک لێی بدەی کوتەک
وەک ژێ و کەوان هاتەوە یەک
وتی ئینگلیز ئەمری داوە
وەزیر خەتی وا کێشاوە
ئەبێ ئەم کارە هەر بکرێ
نابێ دەقیقە دوا بخرێ
ئەم شێخانە نابێ ببن
ڕەگیان ئەبێ دەربێ لە بن
بە هەڕەشە و بەترساندن
بە تەماعی حەق بۆ ساندن
«حەمە ئاغا» هاتە سەربارێ
کە خوێن لە دڵی ببارێ
شاهێدی زوور لەم لاو لەولا
بەزۆری شەق پەیدا کرا
بەقانوونی عەشایەری
لەعنەت لە بابی دانەری
مەحکەمەی بۆ تەشکیل کرا
مودەعی و شایەت بانگ کرا
مادەی یەکەم لەم قانوونە
وەک ئاوێنە ساف و ڕوونە
ئەڵێ حوکمی لەبنەڕەت
نابێ بۆ ئەهلی مەملەکەت
قانوونێکە عەشایەری
دانراوە بۆ کۆچەری
حوکمی هەر بۆ کۆچەریانە
بە پێی عورف و عادەتیانە
هەموو حوکمی ئەم یاسایە
بۆ ئەهلی دەشت و چیایە
پاشا گوێی نەدایە قانوون
حوکمی خۆی دا بێ چەند و چوون
کۆچەری و دانیشتووی ناو شار
کردنی بەیەک بۆ ئیستیعمار
لە نەوەی قوتبی ڕەببانی
کاک ئەحمەدی سولەیمانی
شێخ لەتیفی ئازا و نەبەرد
وەتەن پەروەر، نەترس و مەرد
یەکەمین لاوی کوردستان
دڵسۆزی پاکی نیشتمان
قەرەقۆشی ڕاسپێرراو
حاکمی نەخشە بۆ کێشراو
بەخۆڕایی بەبێ تاوان
خۆی و هەندێ، ئازادخواهان
یەکی بەچوار ساڵ حوکمی دان
ناردنی بۆ ناخی زیندان
مەبەستی گەورە هەر ئەم بوو
لەسەر چاویان، تانە و تەم بوو
دەست و تەرازووت خواتەوە
خوا زوو بۆ خۆی بتباتەوە
تۆش بخۆ حاڵت زۆر خۆشە
ئەو شەربەتەی ئەمان چێشتیان
تۆش ماوەیە لێی بنۆشە
با تێ بگەی تامی زیندان
پیرۆزتان بێ بەندیخانە
هی خۆتانە، بۆ خۆتانە
«کارەساتی خوولە پیزە، کوشتنی و شکاندنی پەیمانی حکوومەت کە درابوو بە برا و خزمەکانی و بەکوشتدانیان لە لایەن هاوڕێکانی خۆیانەوە»
خوولە پیزەی چەتەی مەشهوور
جووتیارێ بوو لە شەڕ بەدوور
زۆڵم و زۆری «بانی شاری»
دەری پەڕاند بە زۆرداری
بانی شاری کوشت و دەرچوو
لە داخی شورتە یاخی بوو
بەفیراری زۆر مایەوە
ئاژاوەی زۆری نایەوە
لە شەڕێکا خوولە کوژرا
تەرمی لەو چیایە نێژرا
پاش بەینێ میری پێی زانی
خولەیان لەگۆڕ دەرهانی
بۆ ئەوەی عالەم بیبینێ
هێنایانە سولەیمانی
«ساڵح کۆییکەس» ڕەفیقی بوو
ڕەفیقێکی شەفیقی بوو
لە پاش ئەوەی خولە کوژرا
لەگەڵ براکەی وەک برا
لەم کۆسپەوە بۆ ئەم هەردە
لەم دارەوە بۆ ئەو بەردە
لەناو چیای فیراریا
لەناو دەوەند و داریا
ئەگەڕان و ئەخولانەوە
بەم چیا و بەم کێوانەوە
هەموو وەک یەک تاواندار بوون
لەدەس حکوومەت فیراربوون
لە دوای خوولە، براکانی
ئیشی خۆیان وا چاک زانی
لەپیاو خەراپی واز بێنن
خۆیان بەچاکە ڕابێنن
بڕیاریان دا تا بمێنن
دڵی کەس دانەچڵەکێنن
ناردیانە لای مەردی دلێر
قائیمقامەکەی شارباژێڕ
وائەزانم «بایز ئاغا» بوو
نەوەی دزەیی ئازا بوو
ئیشی زۆرباش، بۆ ڕێخستن
بەڕەحەتی لێی دانیشتن
مانگانەی بۆ ناونووس کردن
کە دانیشن هەتا مردن
دەستیان دایە حەیوانداری
فەلاحەت کردن، جووتیاری
«ساڵح کۆیی»و هاوڕێکانی
ئەوانیش هەر وازیان هانی
دانیشتبوون بێدەنگ، بێ سەنگ
بێ بەزم و ڕەزم و بێ ئاهەنگ
بەینێ بوو خوولە کوژرابوو
براکانی دامەزرابوو
بەڕەحەتی دانیشتبوون
لە ئارادا هیچ نەمابوو
پاشا کە تەشریفی هێنا
بۆ گرتنیان بڕیاری دا
بەڵێنەکەی میری شکان
خۆی و شورتە چوونە سەریان
بەسەد فێڵ و فڕ و پیلان
سەرنەکەوتن بۆی نەگیران
براکانی خوولە دیسان
کەوتنەوە ناو شاخ و کێوان
«ساڵح کۆیی»و هاوڕێکانی
لەگەڵیانا گیانی گیانی
پشتی یەکتریان گرتبوو
دووربوون لە دێ و ئاوەدانی
بیری زۆر کردەوە پاشا
هیچ نەما هەوڵی بۆ نەدا
بۆ ئەوەی یا بیانگرێ
یا بەکوشتن لەناویان با
سەری برد و سەری هێنا
ئاخری وا بڕیاری دا
وەک ئێران چۆن بێ ئازایی
«سمکۆکەس»یان کوشت بەخۆڕایی
ئەمیش هەروا نامەردانە
بیانکوژێ بە حیزانە
لووت بەرزی ڕوتبە و جێگا بوو
لایوسئەلو بەڕەڵڵا بوو
بیگرتایە، بیکوشتایە
بە لێدان سەد بمردایە
هەرچی بکردایە ئەچوو
پرسینەوەی هەرگیز نەبوو
ئەندامی حیزبی تۆران بوو
دوژمنی گەورەی کوردان بوو
خوێن ڕشتنی کوردی لە لا
زۆر بێ نرخ و زۆر ئاسان بوو
بۆ کوشتنیان قەراری دا
پیلانی بەم ڕەنگە دانا
«ساڵح کۆیی»و هاوڕێکانی
لاسیان بدا بەپەنهانی
جێگەیان زۆر سەخت و شوومە
تەعقیبیان بێ بەروبوومە
خوێنی پۆلیس بۆ بڕێژین
خۆیان بەخۆیان بکوژین
کاربەدەستی ئەمنی بانگ کرد
پەردە ئەسراری بۆ لابرد
هەڵیان بژارد لە ژن لە پیاو
جاسووسی باوەڕپێکراو
یەکێکیان ناردو زوو ڕۆیی
بە پەنهانی «ساڵح کۆیی»
دی و دەسی خۆی باش لێوەشاند
سەلامی پاشای پێگەیاند
پاشا ئەڵێت، هەتا ماوم
ئیشی ئەنێمە سەر چاوم
خۆی و هاوڕێی عەفوو ئەکەم
ئیشی باشیان بۆ ڕێک ئەخەم
ئەوەی لە دونیا دەس کەوێ
ئەو بیەوێ، من نامەوێ
هەتا بڕکا قسەو هێزم
لە شەڕ و شۆڕ ئەیپارێزم
هەموو هاوڕێی لەکارا بێ
خۆشی ڕەئیس عورەفا بێ
ساڵح کە گوێی لەمانە بوو
دینی بەشەیتان دا بە شوو
دوعا خوازی لە ئیمان کرد
خوا حافیزی لە ویجدان کرد
نایە ئەولاوە عەیب و عار
نامووسی خۆی دا بەدینار
نەنووستن تاکو بەیانی
تا فرسەتیانی لێ هانی
وەنەوزیان نەدا و نەنووستن
لە خەودا هەموویان کوشتن
دەست و تەرازووت خواتەوە
خوا بۆ خۆی زوو بتباتەوە
***
«عومەر عەلی» کە نێرراوە
لەوێ نەخشەی بۆ کێشراوە
دوژمنی کورد هەرچی بکا
نابێ کوردێ باسی بکا
بۆ ساڵح کۆیییە لۆمە
ئەم سێ شیعرە لەگەڵ تۆمە
ئەوەتی دونیا دونیایە
ئادەمیزادی وا تیایە
لەو کەسانەی کوردیان ناوە
شتی وەها ڕووی نەداوە
ئەوەندە تۆ بێ ویجدان بی
نابێ لە توخمی کوردان بی