بەهار

لە کتێبی:
دیوانی شێخ نووری
بەرهەمی:
شێخ نووری شێخ ساڵح (1896-1958)
 1 خولەک  1151 بینین
ساقیا مەی بێنە تێکەڵ بەزمە بادی نەوبەهار
لالە و ڕەیحان، گوڵ و نەسرین لەگەڵ یەک بوونە یار
وا شەبستانی چەمەن پڕ بوو لەبەر بووکی سەبا
بووکی تازەی گوڵ ئەڕازێنێتەوە بێ ئیختیار
حەقیەتی ئیتر کە موشتاقانە سەرووی نەوجەوان
نەونیهالانی چەمەن، با پەردە بگرێتە کەنار
مەوسمێتی، سێو و گوڵ بێنن متوربەی کەن لەیەک
لەم چەمەنزارانە، وەک وەسڵی دوو یاری غەمگوسار
دەست لەمل یەک عاشق و مەعشووقە وا دێن و دەچن
وەک بەدەم بادی سەباوە، بەرگ و باری شاخسار
قەترەیێ باران لە دڵ ئەشواتەوە، تۆزی کەدەر
لا دەبا بایە، لە ڕوخساری قەدەح نۆشان غوبار
ڕەشبەڵەک بوو، هەڵپەڕین، ئاڵانە سەر سەرچاوەکە
بۆیە سەرچاوەی دڵم، ڕووناکە عەینی سەرچنار
ئاڵاو واڵا پێکەوەن، وەک گوڵ لەگەڵ ڕەیحانەدا
دەستە بەستراوە، وەیا دەستە خەریکی گیرودار