بولبول فیداتم
لە کتێبی:
دیوانی شێخ نووری
بەرهەمی:
شێخ نووری شێخ ساڵح (1896-1958)
2 خولەک
1590 بینین
بولبول فیداتم، بولبول فیداتم
حەیرانی سۆز و دەنگ و سەداتم
قوربانی ورشەی باڵی خێراتم
فیدای زانیاری و مێشکی وریاتم
لەو تۆزە مێشکەی خوا بە تۆی داوە
زانیاران هەموو سەریان سوڕماوە
دەمێکە مەیلی لای یاران ئەکەم
تاسەی دیدەنی، نازداران ئەکەم
بدە لە شەقەی باڵی نەرم و سووک
بڕۆ تا چەمی خاسەی ناو کەرکووکشوێن
لە وێوە باخچەی، خانەقا دیارە
مێرغوزارێکی، تەڕ و ئاودارە
بنیشەرەوە، سەر لقی چڵێ
دەس کەرە ناڵە، هەردەم بۆ گوڵێ
شمشاڵی گەرووت دێنێتە خرۆش
دڵی دڵداران دەهێنێتە جۆش
ڕاسپێریم هەیە، گوێ بگرە بەزەین
بچۆرە خزمەت شێخ «کاکە حوسەینکوڕی سەید ئەحمەدی خانەقا»
بڵێ: ئەی نووری دوو دیدەی «نووریناسناوی ئەدەبی»
نووری خەریکە، بمرێ لە دووری
عەقڵ و شعووری وا نزوول ئەکا
مەیلی هاتنت بۆ قەیتوول ئەکا
زۆرم پێ خۆشە، وەک خونچەی بەهار
بگەشێیتەوە لە دەم جوێبار
ئاواتەخوازم، ڕۆژێ هەزار جار
چۆن شەماڵ ئەدا لە چیا و نزار
بە سروە دڵم فێنک کاتەوە
خەمی کۆن و نوێم لە بیر باتەوە
پێکەوە لە گوێ ئاوێ دانیشین
ئەو بە پێکەنین، من بە گریە و شین
بێنمەوە بیری، بەزمی ئەو شەوە
ئێستاش نازانم، خەیاڵە، خەوە
ئەو شەوە ماری ئەگریجەی ماری
لە هەستم ئاڵا، بە لەنجە و لاری
گێسووی وەک ماری، ماری لە ئەستۆم
نەوعێ ئاڵابوو، پێم نەبوو بڕۆم
وای بێهۆش کردم، بە بادەی چاوی
عەقڵ و شعوورم، نایە پێناوی