بۆ یانەی سەرکەوتن

لە کتێبی:
دیوانی شێخ نووری
بەرهەمی:
شێخ نووری شێخ ساڵح (1896-1958)
 2 خولەک  1099 بینین
دوێ شەو لە خەوا سیروەی بادی سەحەر ئەنگووت
وەک سوبحی بەهاران
شەو عاقیبەتی هات و دڕی سوبحی گریبان
ڕۆژ بووەوە لە کوردان
غونچەی فەرەح و نەشئە، دەمی دایەوە پشکووت
وەک چهرەیی یاقووت
ئافاقی ئەمەل بوو بە چەمەنزار و گوڵستان
وەک ڕەوزەیی ڕیزوان
ئاونگی مەسەڕڕەت لە گوڵستانی ژیانا
وەک دوڕ لە بەیانا
پەخشانە لەسەر پەرچەمی گوڵ، کاکۆڵی ڕەیحان
وەک لەعلی درەخشان
نێرگز قەدەحی کەیلە، لە بادە شەوی شەبنم
پڕ زەوق و تەرەننوم
جامی زەڕی داناوە لەسەر پەنجەیی ئیحسان
وەک ساقی بێ ڕەقسان
شەوبۆ کە بە شەو بۆی هەبوو بۆ بەزمی تەماشا
کردی لەوە حاشا
بەم نەشئەیە سەد شووشە گوڵاوی گوڵی پڕژان
وەک شاهیدی بوستان
مینا لە زەفافایە، بە سەر سەرییەوە تارا
وەک گوڵ لە بەهارا
ڕەقسیانە لەگەڵ یاسەمەن و عەرعەری بوستان
پڕ نەشئە و خەندان
فەریادی مەسەڕڕەت لە کەژ و کێو و نزارا
ئیعلانە لە شارا
قاسپەی کەو و هاژەی چەم و بەفراوی چیاکان
خۆش لەهجە و ئەلحان
من هەر موتەحەییر، ئەمە یاڕەب چ ئەسەر بێ
بۆچی و چ خەبەر بێ؟
ئەم کەیفە چییە پڕ لە نەباتات و لە ئینسان
بۆ چین هەموو شادان
تاکە سەنەمێ، لەب شەکەرێ، غونچە دەمانێ
شمشادی مییانێ
شیرین سوخەنی تازەی تەڕ، مادەری کوردان
وەک یووسفی کەنعانکەس
گورج هاتە تەکەللوم وتی: ئەم عەیش و سروورە
ئەم شایی و سووڕە
بۆ «یانەی سەرکەوتن»ە ئەم عالەمە شادان
هاتوونەتە جەولان