بە موناسەبەتی تەبدیلی ناوی ڕۆژنامەی «ژیانەوە» بۆ «ژیان» تەقدیمە

لە کتێبی:
دیوانی شێخ نووری
بەرهەمی:
شێخ نووری شێخ ساڵح (1896-1958)
 2 خولەک  1062 بینین
دەوری تەجەدودت وەکوو ماهێ لە ئاسمان
هەڵهات و بوو بە دافیعی زوڵمەت لە ئینس و جان
نوورت ڕژانە مەجلیسی ئەفکاری عاقڵان
بوویتە ژیانی دوشمنی بەدخواهی کوردەکان
ئەی ناشری مەعاریف و ئەی خەسمی جاهیلان
ئەی موحتەرەم ژیان
ئەی نەورەسیدە، لالەیی باغی تەفەکورات
ئەی نەودەمیدە، غونچەی پەژمردەی حەیات
ئەی باعیسی تەزاهوری ئەفکار و حسییات
ئەی سەفحەی وەقایعی مەزبوتی کائینات
ئەی خادیمی مەعاریف و مەجمووعی خاترات
ئەی ڕەونەقی حەیات
ناوت لە پێشەوە کە نرابوو «ژیانەوە»
بۆ وەسڵی غونچەیە بوو لە خار و خەسا نیهان
ئێستا لە سایەی عەدل و هەوای زەمانەوە
هەر کوێرە کانییەکی ئەمەل بوو ژیانەوە
غونچەی ئەمەل، شکۆفەی مەقسەد گەشانەوە
یەعنی «ژیانەوە» کە ئەمەل بوو، بووە ژیان
ژیانێکی جاویدان
ئەمجا لە بۆ سەعادەتی ئەم قەومە فرسەتە
ئەوەل سەعادەتی غیرەتە، موستەقبەلێکی پاک
ڕووناک و بێ پەڵە وەکوو سوبحێکی نەوبەهار
هەر ئینتیزاری غیرەتی ئەفرادی میللەتە
هاوار ئەکا بە حوزنەوە، ئەی قەومی نامدار
ئیحرازی مەعریفەت بکە، بۆ ئاتییەکی چاک
ڕووناک و خۆش و پاک
ئەو بارە بەردە قورسە، ئەنسالی مازییە
جێی هێشتووە بە زیادەوە تەحمیلی ئێمەیە
با زیاتری نەکەینەوە بۆ نەسلی ئاتییە
ئەسبابی لەعنەتی بەد و تەجهیلی ئێمەیە
ئیحرازی سەد وەدیعەی ساحێب سەمەر بکەین
تەودیعی بەتنی ئاتی و عەرزی هونەر بکەین
لەوسەر حەزەر بکەین