چیڕۆکی خێوی ناو مزگەوت و سۆفی کەریمی چەرچی

لە کتێبی:
دیوانی زێوەر
بەرهەمی:
زێوەر (1875-1948)
 21 خولەک  1332 بینین
سەرەتا
ئاشکرایە تەربیەی ژنانمان بۆ مناڵ پەروەردەکردنیان زۆر نوقسانە، بەهۆی نەخوێندەواری و هەندێ چیڕۆکی هیچ و پووچی ڕابردوو کە بۆمان ماونەتەوە، بۆیە لە پێشەوە کە منداڵ شیرە خۆرەیە لای لایەکەی بە «گورگانە شەوێ، گورگانە شەوێ» ڕادەبووری، ئینجا کە منداڵەکە نەختێ هۆشی پەیا کرد بە دێو و خێو و جنۆکە و شەوە و شەولەبان خەوی لێ دەخا، بێگومان ئەم ترس و بیمە لە دڵا دەمێنێتەوە، گەورەش بێ ناوێرێ هەندێ ئیش بکا، چونکە ترس غەریزەیەکی فترییە و لەناوبردنی پێویستترە لە پەروەردەکردنی و ئەم لەناوبردنەش ئەبێ لە بێشکە و کۆشی دایک و باوەشی باوکەوە دەس پێ بکا تاکوو دەکەوێتە ساحەی ئیشکردن بەسەربەخۆیی. ئەفسەرێکی ئەورووپایی دەگێڕێتەوە دەڵێ مناڵ بووم لەگەڵ باوکما چووم بۆ دەشت، سەیری دیمەنی گوڵ و گیا و شاخ و ئاومان ئەکرد من لەبەر باوکمەوە ڕام ئەکرد دوور ئەکەوتمەوە ئەهاتمەوە بۆ لای. جارێکیان ڕام کرد گەیشتمە سەر چاڵ و شیوێک کتوپڕ سەگێ لێم دەرپەڕی، بەترس و گریانەوە ڕام کرد بۆ لای باوکم ئەویش لە باوەشی گرتم، دڵخۆشیی دامەوە تاکوو ترسم بەسەرچوو، ئێستاکە ئەفسەرم لە بۆمبای تەیارە و گوللەی تۆپ و پەلاماردانی دەبابە ترسم نییە، بەڵام کە تووشی چاڵ و شیوێک دەبم ترسی سەگەکەم دێتەوە بیر ترسم لێ دەنیشێ. ئینجا دەبێ هەموو دایک و باوکێک باسی جنۆکە و دێو و خێو بەبەیتی خلە بزانن، چونکە هەرچەندە جننی هەن وەکوو لە قورئانا ناوبراون، بەڵام گەلێ لە عولەمای ئیسلام ئینکاری چاوپێکەوتنی جنۆکەیان کردووە، کەوابوو بۆ ئەوەی هەوڵ بدەن بۆ پێگەیاندنی مناڵەکانیان بەئازایی، ئەم نامیلکەیەم پێشکەش کردن... هیوامە بەتاڵییەک لە کتێبخانەی کوردستان پڕ بکاتەوە.
دانەر
٢/ ١٢ / ١٩٤٦
سەد جار بسم اللهعەرەبی لەباتی یەک جار
بەبێ ناوی خوا ڕێک ناکەوێ کار
سەد هەزا ڕەحمەت لەسەر پێغەمبەر
کە ئەو چاکترە لە هەموو بەشەر
ڕەحمەت لە ئەسل و لە منداڵانی
لە پاشا، لە بۆ گشت ڕەفیقانی
ڕەفیقەکانی هەموو ئازا بوون
منداڵانیشیان گورج و وریا بوون
ئێمە کە بەناو هەموو ئیسلامین
ئەبێ بەغیرەت هەروەک ئەوان بین
کوڕە مەترسە
کوڕە مەترسە کچێ مەلەرزە
جێی ئادەمیزاد گەردوونی بەرزە
ئەگەر توو هەتە تەجروبە و ئیمان
هەموو گیاندارێ ئەترسێ لێمان
خوا ئەم ئینسانەی بۆیە دروست کرد
کە هۆشی ببێ و لێکدانەوەی ورد
دروستی نەکرد کە شێتی بکا
دووچاری دەرد و ئەزیەتی بکا
کوڕم مەترسە کچم مەلەرزە
ئینسان شەریفە دەرەجەی بەرزە
باسی جنۆکە و غولی بیابان
قسەی ژنانە هی پیاوی نەزان
دایکت نەفامە عەقڵی نوقسانە
جنۆکە کوانی لە جێ و مەکانە
کە بسم اللهعەرەبیی کرد لەبەر جنۆکە
بزانە دایکت زۆر ترسنۆکە
جنن نابینرێن جسمێکی پاکن
وەک مەلائیکەی نیشتووی ئەفلاکن
ئەو کەسەی بڵێ دیومە جنۆکە
درۆزنێکی زۆر ترسنۆکە
بە خەیاڵ شتی هاتووەتە بەرچاو
ئەڵێ جنۆکەی لێ بوو کانی ئاو
والله وباللهعەرەبی هیچی نەدیوە
نە لەو کانییە، نە لەو ناو شیوە
هەتا ئەغلەبی عالیمی زۆر چاک
ئەڵێن نەیدیوە سەیدی لەولاک
شتێ کە حەتا «نەبیکەس» نەیبینێ
چۆن بۆ ئێمە ئەو خۆی ئەنوێنێ
جبریلکەس خەبەر ئەدا بە ڕەسوول
کە قورئان لەلای کێشە مەقبوول
با بیشیبینی ئەو پێغەمبەرە
ئیشی لە عەقڵی بەشەر بەدەرە
کوڕم مەترسە کچم مەلەرزە
خۆت نەفام مەکە بەقسەی هەرزە
«مێردەزمە» کوا ببێ بە بزن
قسەی ژنانە و پیاوی درۆزن
قاچی لە عەردە و سەری لە هەوا
«غۆلی بیابان» لە کوێ بووە کوا؟
ئەمانە هەموو مناڵ ترسێنن
مەلای دوعانووس بۆمان ئەخوێنن
شێخی شێت چاکەر، مەلای دوعانووس
ڕیایی ئەکەن بۆ پوول و فلووس
شێتی عیللەتە وەک گرانەتا
تۆ باوەڕ مەکە بە قسەی مەلا
ئەڵێت پێی ناوە لە منداڵیان
دەستیان لێ وەشاند لەسەر کانییان
جن دەستی کوانێ تا بیوەشێنی
جسمێکی نییە کە بیپوشێنی
وەک مەلائیکەن بێ گۆشت و ئێسقان
بەدەنیان نییە بە ڕەنگی ئینسان
جنۆکەی قژن، قژن مل باریک
نە لە کانییە، نە ژووری تاریک
ڕۆڵە مەترسە هیچ لە جنۆکە
هەموو هەڵبەستی زۆر ترسنۆکە
ئەگەر باسیان کرد هی مێردەزمە
تۆ پێ بکەنە بیکە بە گەمە
جنۆکە چۆن خۆی ئەکا بە مار
یا بە پشیلە یا خێوی ناو غار
ئەوا بوو بە مار خۆی کوتا بۆ لات
ئەی سوورەتەکەی خۆی چی بەسەر هات
جینن ناگۆڕێن، گۆڕین مەحاڵە
هەرکەسێ وای گوت قسەی بەتاڵە
هیچ دەستوەشێن نین جنۆکەی فەقیر
هەموو عەبدی خوان بە زکر و تەکبیر
ئەوەی کافرە دەستەی شەیتانە
ئەوەی ئیسلامە دۆستی خۆمانە
کوڕم مەترسە کچێ ئازا بە
لە سەرگوزەشتی کۆن تەوەلا بە
خێوی ناو هۆدە غۆلی بیابان
هێندە درۆیە ناکرێ بەیان
درۆ لەو زلتر باسی شەوەیە
منداڵ خنکێنە ئیشی ئەوەیە
منداڵ نازکە؛ کە هاتە دنیا
بە لووت ئەتوانی هەناسە بدا
شتێ کە بەری هەناسەی بگری
شین ئەبێتەوە ئەتاسێ و ئەمری
ژنانیش ئەڵێن ئەی شەوە گرتی
مامانیش ئەڵێ دیم خرتە خرتی
هەموو بەجارێ ئەبنە درۆزن
بەخوا نە شەوە خۆی لێی دا نە جینن
بێ چرا بڕۆ مەترسە بۆ ژوور
ئەمما بێ ڕەفیق مەڕۆ بۆ ڕێی دوور
کتێب گرەکان مەلای زبان لووس
ژن تەفرە دەرن بۆ جەڕی فلووس
کوڕە مەترسە لەو فاڵگرانە
کتێبی بخە ناو ئەدەبخانە
ئیشی سبەینێ هەر خوا ئەیزانێ
مەیکڕە ڕمل جەفر بە نانێ
دینەکەی ئێمە بێ غەل و غەشە
ئەوەی لێی لادا بەخوا ڕووڕەشە
خێڵی جنۆکە ناچن بۆ کوێستان
یا بۆ گەرمیان لە وەختی زستان
کە سەرما و گەرما نەزانن چییە
ئەم هاتوچوونەی بڵێ بۆ چییە
ڕۆڵە مەترسە لەم قسەو باسە
قسەی کەسێکی بێ مێشک و کاسە
کە کەسێ وتی ئەم ڕۆژە شوومە
بزانە ئەوە قسەی مالومە
چونکە موسڵمان عەقیدەی پاکە
شەمە و یە کشەمەی هەموو لا چاکە
چاکی و خراپی راجع بە خۆتە
بە ناحەق لە دەست شەممەر و ڕووتە
قەل ئەقیڕێنێ بۆ پێت ناخۆشە
منداڵ ئەپژمێ بۆ ئیشت بۆشە
تووشی ڕێوی بی بۆچ کارت چاکە
ئەگەر کەروێشکە بۆچی هیلاکە
گەرمات تووش بێ سەفەرت باشە
وا دڵت خۆشە ئەڵێی یوڵداشە
ئەمانە قسەی پیاوی نەفامە
باوەڕ بەمانە شەرعەن حەرامە
ڕۆڵە سڵ مەکە لەم قسانە
هەموو بە بەیتی خلەی بزانە
سەر گوزەشتەی خێوی ناو مزگەوت
مزگەوتێ ئەبێ دوور لە ئاوایی
عیبادەتخانەی زاتی خودایی
خەڵقی دێ بۆ نوێژ ئەچوونە ئەوێ
ڕایان ئەبوارد تا نیوەی شەوێ
لە تەنیشت مزگەوت دوو هۆدە هەبوو
غەریبە و مێوان بۆ خەوتیی ئەچوو
یەکێکیان ئاوا یەکێکیان وێران
پڕ لە سیسرک و قالۆنچە و ماران
کەس نەی ئەوێرا بە شەو تیا بنوێ
ئەیان گوت خێوی هەیە بە شەوێ
چونکە یەک دوو کەس، تیایا مردبوو
بەخێودار هودە، ناوی سەند بوو
شوهرەتی خێوی ئەو ژوورەی مزگەوت
کەوتە دنیاوە هەیبەتی سەرکەوت
پیاوێکیش ئەبێ فەقیر و کەساس
بێ کەوش و کەڵاش بێ کەوا و کراس
لەبەر فەقیری بێزار بوو لە خۆی
خوا نانی بڕی پێغەمبەریش دۆی
بیستبووی ناوی ئەو ژوورە پیسە
وتی: چیمە لەم ڕیس و گوریسە
من کە بێ ئاو بم منداڵم بێ نان
ئەچمە ئەو ژوورە تەسلیم ئەکەم گیان
سەری ڕێگای کرد تا هاتە مزگەوت
شەو چووە هۆدە بۆ خۆی تیایا خەوت
لە نیوە شەوا شتێکی دی هات
چووە گۆشەیەک لێی ڕاکشا مات
کابرا کتوپڕ بەدەستە و خەنجەر
لای دەرگاکەی گرت کە نەچێتەدەر
بوو بەنۆبەچی ئەو شەوە نەنووست
بزانە چۆنە خێوی بەد سروشت
کە ڕۆژ بووەوە، دنیا ڕۆشن بوو
لێک ئاشکرایی دۆست و دوژمن بوو
پیاوە سەیری کرد سەگێکی بێ فەر
لێی ڕاکشاوە لات و لەڕ و گەڕ
وتی ئەوانەی شەو لێرە نوستوون
هەموو لە ترسی سەگەگەڕ مردوون
وایان زانیوە کە ئەوە خێوە
لە ترسا گیانیان چووە لە جێوە
ڕۆڵە واهیمە ئینسان ئەکوژێ
وەکوو گیانلەبەر خوێنی ئەمژێ
مەیخەرە دڵت واهیمە و خەیاڵ
واهیمە گەورەش ئەکا بە منداڵ
ڕۆڵە مەترسە لە خێو و لە دێو
نە لە ئاوایین نە لە شاخ و کێو
بدەرە قسەی پێشینان سەرنج
دێو لە کوێ بووە لە کوێیە درنج
تاریخی عەجەم قسەی جوولەکە
دێو و درنجیان کرد بەتۆڵەکە
ئەڵێن دێو هەموو وان لە کێوی قاف
پێی باوەڕ ئەکا نەفامی دڵساف
کێوی قاف ئەڵێن بە دەوری ئەرزا
ئیحاتەی داوە دێو لە جێی بەرزا
هەرچی مناڵی ئێستا بخوێنێ
درۆی وا زل! زل هیچ ناسەلمێنێ
خوێندەوارەکانی دەوری پێشوو
زوو تابع ئەبوون بە وتاری جوو
ئەیان خستە ناو کتێبی خۆیان
قسەی جوولەکە و ئیران تۆران
ئێستا کەوا هۆش کراوەتەوە
کەس دەرگای درۆی زل ناکاتەوە
ڕۆڵە بخوێنە
ڕۆڵە مەترسە کوڕم بخوێنە
لەناو عالەما زوو خۆت بنوێنە
ئەگەر کەڵوڕی، ئەگەر بڵباسی
کە خوێندەوار بووی ڕێی خۆت ئەناسی
بەڵام ئاینی ئابائو ئەجداد
تۆ مەیدە بەباد وەک ڕەنجی فەرهادکەس
ئاینی ئەوان بگرە بخوێنە
بە خوێندن کارت ڕەونەق ستێنە
عادەت و کردەی باو و باپیرت
غەیبەتی مەکە حەڵاڵ کە شیرت
هەر دینێکیان بوو بگرە ئەو دینە
ئەمە ڕەوشتی قەومی دووربینە
میللەتی ژاپۆن کە زۆر پێشکەوتوون
لە سایەی عیلم و مەعریفەت دابوون
لەگەڵ ئەم حاڵەش کەوا زۆر بەرزە
شوێن عاداتی کۆن لەلایان فەرزە
دین و ئاینێ کەوا بوویانە
تێکیان نەداوە هەر لەم زەمانە
پادشای خۆیان لەلایان خوایە
هەندێ ڕووی لە بت، هەندێ لە گایە
بەشی زۆر کەریان کە گاپەرستن
دائم خەریکی کاری دروستن
خیرافاتی سەد هەزار ساڵەیان
هەر ماوەتەوە لای پیر و جەوان
ئەتۆش بەخوێندن هیچ مەغروور مەبە
لە دینی باو و باپیر دوور مەبە
عیلمت بخوێنە دینیش ڕاگرە
دین بەکردەوەی چاکت لە ڕێی نیفاقت
دینە ئەمر ئەکا بە ئیتفاقت
دینە مەنع ئەکا لە ڕێی نیفاقت
دینە ئەمرەکا لە شەڕی دوژمن
ببە بەقەڵغان بۆ پاسی وەتەن
دینە ئەمرەکا بەیاریدەدان
لەگەڵ یەکتری وەختی لێقەومان
گاور و جوولەکە و هیندی و ژاپۆنیا
لەسەر ئاینی ئەون لە دنیا
تۆش موسڵمانی ئاینی ئیسلام
فەرامۆش مەکە ئیتر وەلسەلام
سەرگوزەشتەی خوشک و برایەکی ئازا
کوڕم بۆت ئەکەم حیکایەتی خۆش
تۆش گوێی لێ بگرە و وریا بە و بەهۆش
زەمانی پێشوو لە بەینی دوو کێو
دێیەک کرابوو وەک بارەگای دێو
دە پازدە خانوو خەڵقی تێدا بوو
ئیشی گەورەیان ڕاوی دەعبا بوو
بە چەک ئەیان کوشت حەیوانی کێوی
بە تەڵە دانان دەڵەک و ڕێوی
بە پارەی پێستی ئەم حەیوانانە
ڕایان ئەبوارد هەموو شاهانە
مام سەلیم ناوێ ماڵی لەوێ بوو
لە پاش کوێخاکە گەورەی ناو دێ بوو
تەنیا کوڕێک و کچێکی هەبوو
لەو وڵاتەیا وێنەیان نەبوو
کوڕ ناوی سەردار کچیش گوڵبەهار
کوڕ بێچووە شێرێ کچ گوڵی بەهار
کچی کوێخای دێش ناوی خونچە بوو
نازک و نازدار خاوەن لەنجە بوو
هەموو ڕۆژ بۆ لای گوڵبەهار ئەچوو
تەنیا گوڵبەهار دەستە خوشکی بوو
غونچە و گوڵبەهار بە ڕۆژ و بە شەو
لای یەکتری بوون غەیری وەختی خەو
لەم هاتوچۆیەی خونچە و گوڵبەهار
سەودای کەوتەسەر بێ چارە سەردار
بەداوی زولفی خونچە وا گیرا
نەدەهات هیچی تری بەبیرا
تیری مۆژگانی برینداری کرد
بە غەم و غەمزە گرفتاری کرد
لە حاڵی سەردار خونچە بێ خەبەر
نەیزانی گڕی خستووەتە جگەر
خونچە وەک پەیکان چەقیبووە دڵی
نە دەنیشتەوە گریان لە کوڵی
ئاخیری خونچەیش بە عیشقی سەردار
بوو بە قومری شەیدایی سەردار
باسی سۆفی کەریمی چەرچی
سۆفی کەریم ناو ئەهلی گەرمیان
بۆ پێستە کڕین ئەچوو بۆ کوێستان
هەموو ساڵ ئەچووە دێیەکەی ناو کێوان
لە ماڵی سەلیم ئەبوو بە میوان
شتی گەرمیانی ئەبرد بە دیاری
خۆی خۆشەویست کرد خۆی کرد دیاری
پیستەی ئەکڕی هەرزان و گران
هی ڕێوی و دەڵەک هی بزن و بەران
لە پاش چەند ڕۆژێ ئەگەڕایەوە
بۆ وڵاتی خۆی ئەکشایەوە
چەند ساڵ بەم نەوعە هاتوچۆی ئەکرد
بنای دۆستی بۆ ئاسمان ئەبرد
بوون بە ئاشنا سەلیم و سۆفی
سۆفی لەو ناوە هیچ نەما خۆفی
هەروەکوو برا وابوون لەگەڵ یەک
کاریان ڕێک ئەخست هەردوو بەکۆمەک
سۆفی کەریم خوازبێنی گوڵبەهار ئەکا
ڕۆژێ بە جووتە سەلیم و کەریم
هەردوو نیشتبوون بێ غائلە و بیم
ڕووی کردە سەلیم سۆفی بەخۆشی
وتی ئەی ڕەفیق تۆ ساحێب هۆشی
تێکەڵی و خۆشی دیاربوو مەحەبەت
من وام پێ خۆشە هەتا قیامەت
لەگەڵ یەکتری ببین بەخزم
بەرز بینەوە لە جێگای نزم
کچێکم هەیە زۆر جوان و نازدار
لە دڵی خۆما داومە بە سەردار
بۆ کوڕەکەی من ئەگەر گوڵبەهار
ئەتۆش بیبەخشی زۆر جوان ئەبی کار
مام سەلیم وتی ئەی یاری هەمدەم
فکرەکەت جوانە پەسندی ئەکەم
بە شەرتێ سەردار لێم نەکا گلە
من ڕەزامەندم بەم معامەلە
لەوکاتە سەردار هاتە ژوورەوە
دانیشت لەلایان بەسروورەوە
لەلای سەرداریش ئیش ئاشکرابوو
سەردار لە وەزعی خۆی هیچ تێک نەچوو
وتی مەمنوونم بەئیشی وا باش
خزمایەتیمان بێ لەمەو پاش
سەلیم و کەریم ببن بە بابم
هەروەک شازادەی عالی جەنابم
گەر ئەتانەوێ ئیش چاک ڕێک خرێ
من وام پێ خۆشە بەم ڕەنگە بکرێ
گوڵ بەهار بەشی مامە کەریم بێ
سەرداریش جارێ بەشی سەلیم بێ
یەعنی ئێستاکە من ژن ناهێنم
شووشەی ئازادی خۆم ناشکێنم
ئەمما من ڕەزام خوشکم گوڵ بەهار
لە ڕێی سۆفیا بکرێ نسار
لەسەر ئەم قەولە هەر سێ ڕازی بوون
با خسۆس سەردار دڵشاد و مەمنوون
چونکە بەداوی خونچە گیرابوو
بەبۆنی خونچە مەست و شەیدا بوو
گوڵبەهاری کرد بە فیدای خۆی
تا دڵی نەشکێ خونچەی عەتر بۆی
گواستنەوەی گوڵبەهار
مودەی سێ چوار مانگ ڕۆیی هاوین هات
سۆفی کەوتە خۆی بۆ تدارەکات
هەرچی پێویستە بۆ ئەسپابی بووک
چوو هەمووی کڕی لە بەغداشوێن و کەرکووکشوێن
لەگەڵ چەند سوارێ لە خزمی خۆیان
بەرەو کوێستان بوون لە ناو گەرمیان
ڕۆیشتن هەتا ماڵی مام سەلیم
دابەزین لەوێ بە قەدر و تەعزیم
حورمەتیان گیرا بە میوانداری
کچیان مارە کرد بە ئەمری باری
ئەمجا بەجارێ ڕووەو گەرمیان
خستیانە ڕێگا بووک و بەربووکیان
بەشادی و خۆشی نزیک بوون لەماڵ
زاواش لەولاوە هات بۆ ئیستیقبال
بووکیان گەیاندە ناو دیو ئاوایی
دەهۆڵ و زوڕنا حازر بۆ شایی
سێ شەو و سێ ڕۆژ هەر هەڵپەڕین بوو
بەرگی ژن و پیاو سوور و ڕەنگین بوو
لە پاش سێ ڕۆژە شایی بڕاوە
خەڵکی و دێ و ئەتراف کەوتە بڵاوە
گوڵبەهار لە ماڵ کەوتە ئیش کردن
بوو بەئاغاژن بۆ کردە و بردن
مودەتی سێ ساڵ لە گەرمیان بوو
دوور لە باوک و قەوم و خۆیشان بوو
بوو بەخاوەن کوڕ خوا کوڕی دایێ
هەر ئەیوت بۆچی کاکیشم نایێ
زۆر ئارەزووی بوو ئیزن وەرگرێ
باوەخوون بکرێ کوڕیشی بەرێ
نەشەو خەوی بوو نە ڕۆژ ئارام
هەر ئەیوت لە کوێن باوک و برام
باوەخوون کردنی گوڵبەهار
لەلای مێردەکەی لەلای خەزووری
گوڵبەهار ئەیکرد شەکوا لە دووری
دووری لە باوک و برا و کەسوکار
گڕی خستە دڵ هیچ نەیبوو قەرار
ڕۆژێ خەزووری وتی کچی خۆم
تۆ خۆت نایزانی من خەمت ئەخۆم
ئێستا هاوینە وادەی خەرمانان
دەستمان ڕایی بێ لە کار و فرمان
شەرتە ئارەزووت بەجێ بهێنم
بە مەخسودی تۆ ئیش ڕاپەڕێنم
ئیتر گوڵبەهار بە وەعدەی خەزوور
هیوای پەیدا کرد بۆ دڵی ڕەنجوور
کە هاوین نەما خەرمان هەڵگیرا
بۆ تۆوی تازە جووتیش بەسترا
شنەی بای پایز دنیای فێنک کرد
گوڵاڵە سوورەی سەری دەرهاورد
گەڵای زەرد و سوور لەناو ڕەزانا
زەینەتی بەخشی بەسەر خەزانا
پەڵێ پایزیش هەروەک بەهارە
شاخ و دەشت و باخ هەمووی گوڵزارە
بە وەعدەی خەزوور گوڵبەهار دیسان
ماڵ و مێردەکەی خۆی کرد هەراسان
لە پایزیش ڕۆیی مانگێکی تەواو
شەوێ دانیشتن کۆمەڵی ژن و پیاو
مێردەکەی وتی لەبەر مەڕ و جووت
لەبەر تێکۆشین بۆ ئیدارە و قووت
لەگەڵ گوڵبەهار بچم بۆ سەفەر
چوونی من بابە زەرەرە و خەتەر
ڕەنجبەرەکەمان یەکجار بەکارە
خانە زەمانە، تەواو هۆشیارە
با هەر ئەو بچێ چونکە ئەمینە
بۆ سەرما و سەختی ڕێگای بەتینە
باوکیش ڕەزا بوو بە قسەی کوڕی
هاتە جواب و قسەکەی بڕی
وتی زۆر باشە بۆ ئەم سەفەرە
چونکە مەحرەمە ئیشی ڕەنجبەرە
کەوتنە ڕێگای گوڵبەهار و ڕەنجبەر
بارانی پەڵە لە هەر لا باری
گوڵبەهار ئینجا ڕێک خرا کاری
توێشووی ڕێگای کرد کولێرە بەڕۆن
قەراری وا دا کە بەیان بڕۆن
خۆی و ڕەنجبەری و کوڕی نازداری
سەری ڕێیان گرت بەهۆشیاری
ڕەنجبەریش کە کوڕی ئەگرتەکول
جارجار گۆرانی جارجار بۆڵەبۆڵ
هیچ مەحرەم نەبوو ئەو حەرامزادە
بۆ خیانەتی دائم ئامادە
سەگی نائەمین دڵ پیس و مەلعوون
بە سووڕەت ئینسان بە سیرەت مەیموون
دێ بەدێ هاتن بەسواری و بەپێیان
هەتا کوێستان خۆی دەرخست بۆیان
شەوێ مانەوە لە یەک ئاوایی
ئەو شەوە گۆڕڕا هەوای دنیایی
بەفر و بای سەخت شاخانی پڕ کرد
بوو بەیەک پارچە دەشت و تەپە و گرد
سێ ڕۆژ مانەوە لە ترسی سەرما
ڕۆژی چوارەمین کەوتنە ڕێگا
ئەو ڕۆژەش ڕۆیین بەدڵ و بەگیان
سێ چوار سەعاتی مابوو مەنزلیان
هەواکەی گۆڕی هەورێکی هێنا
با، بوو هاودەمی بەفری دەهێنا
سەعاتێ ڕۆیین بەفر هەر باری
کەسیرە کەوتن، کەوتنە زاری
گوڵبەهار وتی ئەشکەوتێ بەردێ
ئەمن شارەزام بابچین بۆ ئەوێ
ڕەنجبەری مەلعوون منداڵی هەڵگرت
گوڵبەهار ڕێگای ناو ئەشکەوتی گرت
بە هەر حاڵێ بوو گەیشتنە ناو غار
دەسو پێی تەزی و لەشیان پڕ ئازار
کوڕیش لە باوەش دایکی نووستبوو
یا ماری ئەجەل لەشی گەستبوو
ڕەنجبەر برسی بوو وتی ئەی خانم
کولێرە و خورما لە کوێیە گیانم
گوڵبەهار نان و خورمای بۆ دانا
وتی تۆ بیخۆ هەتا توانا
دەسی بەخواردن کرد ئەو بێ دینە
دەمی لێ بادا هەروەک ماکینە
کە ورگی پڕ بوو لە خواردەمەنی
سڕی دەروونی کرد بەعەلەنی
وتی ئەی خانم ئەمن ڕسوای تۆم
لەو ساتەی دیومیت شێت و شەیدای تۆم
ئەگەرم تەسلیمم ئەبی لێرانە
گیانی شیرینم بۆ تۆ قوربانە
گوڵبەهار وتی توو ویژدانت بی
یادی نیعمەت و ئاو و نانت بی
بە نان و نیعمەت گەورە کراوی
سەگ مەبە و سپڵە ئەگەر تۆ پیاوی
وتی ئەمانە هیچیان نازانم
ئەتکەم بەفیدای تیغی دەبانم
خۆت و کوڕەکەت یەک یەک ئەکوژم
لە پاش کوشتنتان خوێنتان ئەمژم
بە ئاگری عیشق تۆ منت سووتاند
بۆ جێیەکی وا تالع تۆی گەیاند
ئینجا گوڵبەهار زۆر پاڕایەوە
ئەو هەر بەتوندی جوابی دایەوە
پەردەی بێ شەرمیی بەجارێ دڕاند
پەلاماری دا کوڕەکەی فڕاند
خەنجەری کێشا زوو سەری بڕی
سەری بۆ هاوێشت خەنجەری سڕی
وتی لە پاش ئەم نۆبەتی تۆیە
وەقتی تەسلیمە نەک هی ڕۆڕۆیە
خانم بەدڵی پڕ لە ئێشەوە
بە عەقڵ و تەدبیر هاتە پێشەوە
وتی عەزیزم بۆ بێ ئارامی
من زوو زانیومە کە تۆ شەیدامی
منیش لە دڵدا بوومە بریانت
هەزار مێرد ئەکەم هەر بەقوربانت
با کوڕیش نەبێ من هەر تۆم ئەوێ
دەستت لەملان و لە ئەستۆم ئەوێ
بۆ هەر کوێ ئەچی منیش بەچاوان
شەرتە نەچمەوە بۆ ماڵی باوان
بەقسەی میچکە میچکەی ژنانە
لەکەل دای بەزاند ئەو سەگ شەیتانە
هاتەوە سەر خۆی مەلعوونی غەدار
بەخەندە وتی بەخوا گوڵبەهار
ئەگەر ئینکاریت هەر بکردایە
تۆشم شەق ئەکرد هەر لەم جێگایە
چووە پێشەوە بۆ لای گوڵبەهار
بەشێوەی عاشق بەڕەنگی دڵدار
گوڵبەهار دەستی خستە ناو دەستی
دەسبازیی ئەکرد بەڵام بەسستی
وەهای خەڵەتان هیچ نەیما خەبەر
گوڵبەهار لە پڕ فڕاندی خەنجەر
مەردانە کێشای خەنجەر لە کاڵان
دای لەسەر دڵی کوشتی بێ ئامان
لە شاخ و لە دەشت دەنگی ئافەرین
بەرز ئەبوەوە تا چەرخی بەرین
ئەنجا بەتەنیا و لەو غارە دابوو
لەگەڵ جەنازەی کەوتووی دوو مردوو
ترسی دڕندە غائیلەی دەروون
خەوی لێ زڕان تا ڕۆژ ئەبێ ڕوون
گرەوکردنی کوێخا لەگەڵ سەردار
هەموو شەو بۆ نوێژ ئەهلی جەماعەت
کۆ ئەبوونەوە بۆ زکر و تاعەت
لە پاش نوێژکردن بە درشت و ورد
لە گوێ کوورەکە خەیاڵیان ئەکرد
قسەی ڕابردوو ئەگێڕایەوە
مەردی و نامەردی ئەبێژرایەوە
یەکێکیان هەستا چووە دەرەوە
گورج هاتە ژوورێ هاتە بەرەوە
وتی شەوی وا نەبووە لە دنیا
بەفر ئەبارێ لەگەڵ کزەی با
ئەمشەو شەوی کوڕی ئازایە
شەوی دڕندە و ورچی سارایە
ئەمشەو با هەموو لێرە دانیشین
شەوچەرە بخۆین سیغار بکێشین
لەم خەبەردانە کوێخاش بۆی هەستا
چووە دەرەوە لە هەیوان وەستا
لە پاش زەمانێ هاتەوە ناویان
وتی کوڕینە ئەی هەرزەکاران
هەر کەس لە ئێوە ئازایە بەشەو
بێ لەگەڵ منا بکا یەک گرەو
ئەمشەو بگاتە ئەشکەوتی بەردێ
لەوێ نیشانەی گەیشتنی دانێ
شەرتە ئەو کوڕە بکەم بە زاوام
بۆ جلوبەرگیش هیچ نەبێ دەعوام
لەناو کۆمەڵێ کوڕ و هەرزەکار
چاپوک ڕاپەڕی شێرانە سەردار
وتی شاهێد بن خوێنم لەسەر خۆم
بۆ ئەم گرەوە شەرتە من ئەڕۆم
مام سەلیم وتی ڕۆڵە دانیشە
جەرگم لەت مەکە ئەتۆ بەم ئیشە
وتی بابەگیان عەرد و عاسمان
گەر لەیەک بدەن ئەڕۆم ئەلئان
ڕووی کردە ماڵێ کاڵەی داپێچا
خۆی پێچایەوە چەکی لە خۆی دا
بەعەشقی خونچە دنیای بەهار بوو
لەبەر چاوی هەر لالەزار بوو
وتی سەر لەڕێی جانانا دانان
یەکجار بەجێیە زۆر سەهل و ئاسان
هەرچەند شەوی سەخت بەفر و سەرما بوو
بەشەوی زفاف قەرار درابوو
ئەم دڕندە بوو؛ بۆ ورچ و بەراز
لە داوێنیەوە ڕووی کردە هەوراز
مەردانە بەناو بەفردا سەرکەوت
دوو سەد هەنگاوی مابوو بۆ ئەشکەوت
گوڵبەهار فەرقی بە تەقەی پا کرد
خەنجەری هەڵگرت خۆی مهەییا کرد
سەری ڕەنجبەری بڕی دەسبەجێ
وتی دڕندە پێوە خەریک بێ
لە ئەشکەوتەوە فڕێی دایە خوار
نەختێ ڕاوەستا لەو جێی سەردار
کە ڕوانی سەری بڕاوی تازە
بۆی فڕێ درا هات لەو هەورازە
هیچ گوێی نەدایە هەر تەکانی دا
نەترسی هەبوو نە وچانی دا
گوڵبەهار کە دی هەر دێ بەزشتی
دەستی ڕەنجبەری بڕی هاویشتی
سەرداریش ئەمجا وەکوو شێری ڕاو
ڕوانی وا بۆی هات دەستێکی بڕاو
بانگی کرد دێوی خێوی لە ئەشکەوت
شەرتە بە قەمە بتکەم لەت لەت
گوڵبەهار دەنگی برای خۆی ناسی
بانگی کرد ئەمجار زۆر بە کەساسی
کاکە گیان بەخوا نە دێوم نە خێو
من خوشکی خۆتم گیراوم لە کێو
سەردار لەم قسە هەر واقی وڕما
نەیما غائیلەی دڕندە و سەرما
دووبارە وتی شەیتانی یا جن
بۆ نووکی خەنجەر ئەتکەم بە هەرزن
وتی کاکە گیان من گوڵبەهارم
جنن و شەیتان نیم خوشکی نازدارم
بۆ ماڵ ئەهاتم وا لێم قەوماوە
زوو فریام کەوە جەرگم بڕاوە
ئەمجار سەرداریش وتی خوشکی خۆم
هیچ ترست نەبێ پشتیوانی تۆم
چووە پێشەوە مەردانە سەردار
دەس لەملان بوون لەگەڵ گوڵبەهار
لە پاش دانیشتن لە ئیش گەیشتن
ئینجا هاتنە سەر باسی ڕۆیشتن
وتی خوشکی خۆم لای پیاوی مزگەوت
گرەوم کردووە کە بێمە ئەشکەوت
هەستە با بڕۆین زوو بۆ ئاوایی
لێرەبی ئەشیا هەتا دوایی
خوشکی دایە پێش هات وەک ئەژدیها
نە پرسی لە کێو لە بەفر و سەرما
خۆی و خوشکەکەی چوونە ناو مزگەوت
ئەهلی جەماعەت کە چاویان پێ کەوت
هەموو شپرزان لەم وەزعە دییان
بەجارێ کردیان ماندوو نەبوونیان
لە پاش زەمانێ زانییان هەموو
حاڵی برا و خوشک کاری ڕابردوو
کوێخا کە زانی لە حاڵ و ئەحواڵ
ناردی مەلایان دەرهێنا لە ماڵ
کچی مارە کرد لە سەرداری شێر
وتی لە دنیا هەروا ئەبێ نێر
کردیان بە شایی و بەزم و ڕەشبەڵەک
دەنگی هەلهەلە گەیشتە فەلەک
ئاوازەی سەردار کەوتە دنیاوە
هەر ئافەرین بوو لە هەموو لاوە
ڕۆڵە مەترسە کچم مەلەرزە
ئینسانی ئازا حورمەتی بەرزە