چیڕۆک - سێ هاوڕێی چاوبرسی

لە کتێبی:
دیوانی زێوەر
بەرهەمی:
زێوەر (1875-1948)
 4 خولەک  915 بینین
سێ ڕەفیق هەبوون برادەری گیانی
وەیس و ئەلیاس و نالە بۆکانی
هەر سێ بێ کار و ناتەواو و فەقیر
وەیس و نالە جوان و ئەلیاس پیر
نانی گاڵیان لەلا شەکرلەمە بوو
چای شیرینیان بەگوێز لەمە بوو
ڕووت و قووت و بێ نەواو و بێ جلوبەرگ
هەر سێ ئاواتە خوازی ساعەتی مەرگ
ڕۆژێ کۆبوونەوە بە پەنهانی
تا بکەن چاری دەردی بێ نانی
وەیس وتی: چاری ئەم خەم و دەردە
کە ببینە دز و سەگ و جەردە
وتیان پێی فیکرەکەت بە نانەلەتێ
دایکی دز سینگ ئەخوات و سینگ ئەکوتێ
لای نەسارا و جوولەکە و ئیسلام
پیاوی دز حورمەتی نییە و بەدنام
مامە پیرە وتی: لە ماڵەو ماڵ
دەوڵەتێکی بێ ئەزییەتە، سواڵ
وتیان عەیب و عارە سواڵکردن
سەد کەڕەت خۆشترە، لە سواڵ مردن
نالە هاتە زمان وتی: یاران
لازمە ڕوو بکەینە ڕێی شاران
ئێمە لەم شارە بام بکەین هیجرەت
حەرەکەت قەت نەبووە بێ بەرەکەت
فیکری نالە قبووڵ کرا دەردەم
کەوتنە ڕێگە سێ کەسی هاوخەم
پاش دوو ساعەت گەیشتنە هەوراز
شاخی زۆر سەختی پڕ لە ورچ و بەراز
پارچە هەورێ لە ئاسمان دەرکەوت
وتیان: بام بچینە ناو ئەشکەوت
هەورەکە زیادی کرد برووسکەی دا
لە پڕا قەترە قەترەیەک دای دا
زیادی کرد قەترە قەترەی باران
شەقە شەق کەوتە ناو گەڵای داران
کەوتنە گێژی میحنەت و سەرما
لە هەموو وشکی یا ددانیان ما
بە هەزار دەرد چوونە دەم غارێ
سەیریان کرد لە ناویە ڕەش مارێ
ماریان دی گەڕانەوە پڕ خۆف
دەستیان کرد بە ئاهـ و ئاخ و ئۆف
وتیان: ئەی خوای زەمین و زەمان
عالمی خۆت بە کاری ڕاز و نیهان
برسیەتی و بارش و هەوای سەرما
ئەژدەهایشمان ئەهێنییە سەر ڕێگا
یا ئیلاهی چییە قەباحەتمان
دەم بەدەم زیادە ئەکا موسیبەتمان
لەم موناجاتەدا بەدڵ گریان
لوتفی حەق کەوتە زاهیری بۆیان
ئەژدەهاکە کشایەوە ناو کونی خۆی
لەو مەکانە کە بوو بەبێ دەنگ ڕۆی
چوونە ژوورێ ڕەفیقەکانی سەفەر
هەموو دڵ پڕ لە ئاگر و لەشی تەڕ
نیو سەعاتێ لە پاش وچان، هەستان
بۆ مڵ و مووش بەغاردا ئەگەڕان
سەیریان کرد لە تاریکیی ئەشکەوت
یەک هەمانە لە جێگە مار دەرکەوت
هەر بەغار چوونە سەر هەمانە ڕزیو
سەیریان کرد پڕە لە زێڕ و لە زیو
شوکری حەقیان بەجێ هێنا یەک یەک
وتیان یا ئیلاهی «حمداً لكعەرەبی»
مامە پیرە وتی: قسەی ناوێ
جارێ وەیس با بداتە شار تاوێ
دوور نەکەوتووینەوە تەواویی لە شار
نان و پێخۆر لەوێوە بینێ بەغار
وەیسە زوو کەوتە ڕێ دراوی برد
بە دڵی خۆش نیازی شاری کرد
جار بەجار ڕای ئەکرد و جارێ ڕەوت
هۆشی دابووە هەمانەکەی ئەشکەوت
وتی: بۆچی هەمانەیەک ئاڵتوون
بیدەمە دوو ڕەفیقی خوار و زەبوون
زەهریان بۆ ئەنێمە ناو پێخۆر
هەردوو بمرن بەبێ هەرا و شەڕ و شۆڕ
خۆم بەجارێ ئەبم بەخاوەن ماڵ
خاوەنی کۆشک و باخ و جاهـ و جەلال
ڕۆیی تەرتیبی زەهر و نانی کرد
ڕووی لە یارانی ناتەوانی کرد
بێینە سەر باسی نالە و ئەلیاس
کەوتنە بەحری غائیلە و وەسواس
نووری ئیمانیان لە دڵ لابرد
قەسدی قەتلی ڕەفیقی خۆیان کرد
نالە هاتە زمان وتی ئەی یار
ئەم هەموو زێڕە بۆ چ بکەین بە نیسار
ئەم هەمانە بکەین بە دوو تەقسیم
وەیسی سەگباب بچێتە ناری جەحیم
پیرە پێی خۆش بوو فیکرەکەی نالە
زۆر بەچاک هاتە قەلبی ئەم فالە
ئەم قسانە تەواو نەبوو وەیسی
هاتەوە ماندوو و مردوو و زک برسی
نان و پێخۆرەکەی لە شان لابرد
وەکوو سەگ نالە حەملەی بۆ برد
دای بەئەرزا سواری سینگی بوو
مامە پیرەیش بە یاریدەدانی چوو
وەیسی ماندوو هیلاک و بێ قووەت
کەوتە ژێر چنگی دوو سەگی پێ پەت
هەر بەدوو سێ دەقیقە خنکانیان
زوو فرۆشتیان بەپارە ئیمانیان
نالە نەیهێشت کە پیرە بگرێ وچان
زوو بەزوو مامە پیرەشی خنکان
کە لەمانە نەجاتی بوو نالە
وتی بۆ من زەمانی ئیقبالە
نانی خۆم با بخۆم بەکەیف و سەفا
وا نەجات بوو لە فەقر و ڕەنج و جەفا
قۆڵی هەڵکرد و نانەکەی هێنا
ڕووبەڕووی خۆی هەمانەکەی دانا
تاکوو توانی لە نان و گۆشتی خوارد
ئارەزووکەی چووە سەر ئاوی سارد
هاتە سەرپێ کەوا بچێ بۆ ئاو
بە لەپا کەوتە سەر هەمانە دڕاو
زەهرەکە کاری کردە ناو جەرگی
تیژڕەویی دا بە هاتنی مەرگی
نالە زوو بوو بە فاسقی مەحرووم
کەوتە شوێن دوو ڕەفیقەکەی مەشئووم
ئەمەیە ئاخریی تەمەعکاری
لە تەمەع لادە گەر تۆ هۆشیاری