چیڕۆک
لە کتێبی:
دیوانی زێوەر
بەرهەمی:
زێوەر (1875-1948)
2 خولەک
1381 بینین
پیاوێ بوو زۆر فەقیر بوو
سەرەڕای فەقیریی پیر بوو
خاوەنی ماڵ و منداڵ
نەیبوو نانێ لەناو ماڵ
بە ئارەقی ناو چەوان
بە قووەتی بازووان
لە شاخ چیلکەی ئەهانی
بۆ نانی منداڵانی
چیلکەی ئەدا بە پارە
ئەیدا بە نان بێ چارە
هەموو ڕۆژێ بەیانیان
ئەچوو بۆ شاخ و کێوان
ئەوەندەی خۆی ئەیتوانی
چیلکەی ئەنا لە شانی
ڕۆژێ لەژێر کۆڵەدار
لە گیانی بوو بوو بێزار
لەشی پڕ بوو لە ئارەق
دوو چاوی بووبوو ئەبڵەق
داری دا بەسەر بەردا
بەردی دا بەسەر عەردا
کۆڵەکەی کەوتە عەردی
زاهیر بوو ئاوی سەردی
بانگی کرد یا عیزرائیلکەس
تۆ وەرە لام بە تەعجیل
ڕۆحم ناوێ بەم حاڵە
چی بکەم لەم عومرە تاڵە
قسەی لەناو دەما بوو
عیزرائیل لێی پەیدا بوو
وتی: منت بۆ چییە
ئەم هاوارەت لە چییە
پیرە لە ترسی گیانی
جوابی قسەی نەزانی
لەپاش نەختێ مامەی پیر
وتی: هەر تۆی دەستگیر
لەژێر کۆڵی گرانام
لەناو ئاهـ و فوغانام
بۆیە هاواری تۆم کرد
فریام کەوی دەستوبرد
هەتا هەڵدەسمە سەرپێیان
لەنگەری بگرە قوربان
عیزرائیلی بەهەشتی
کۆڵی نایە سەرپشتی
ئەمجا پیرە بەیەک غار
کۆڵی فڕاندە ناو شار