بۆ گۆڤاری گەلاوێژ
لە کتێبی:
دیوانی زێوەر
بەرهەمی:
زێوەر (1875-1948)
1 خولەک
899 بینین
گەلاوێژم ئەوێ وەک مانگی چواردە
کە شەوقی ڕوو بکاتە شاخ و هەردە
گەلاوێژم ئەوێ وەک مانگی تابان
کە ئاوازەی بگاتە غەرب و یابان
گەلاوێژم ئەوێ کانی ئەدەب بێ
لە بۆ ئەهلی ئەدەب مایەی تەرەب بێ
ببێتە فێنکی بەخشی دڵی گەرم
لەسەر ڕێگای حەقیقەتدا نەکا شەرم
گەلاوێژم ئەوێ هەروەک موحامی
بە قووەت بێ، بە قیمەت بێ کەلامی
گەلاوێژم ئەوێ بۆ میللەتی خۆی
وەها نەدوێ کە ببڕێ نان لەگەڵ دۆی
لەبۆ پێشکەوتنی ئەهلی وڵاتی
زەرەر ناکا بکا سەرفی حەیاتی
ببێتە باخچەیەکی عیلم و ئەخلاق
بڵاو کا بۆنی خۆشی بۆ سەر ئافاق
ئەگەر وابێ ئەمینم من لە دوایی
ئەبێتە ڕەهبەری، تەوفیفی خوایی