نیشانەی زانین
لە کتێبی:
دیوانی زێوەر
بەرهەمی:
زێوەر (1875-1948)
1 خولەک
775 بینین
بۆ کرداری جوان بۆ عیلم و ئەدەب
مناڵی خۆتان بنێرنە مەکتەب
مناڵتان ئەگەر کچ بێ یاخو کوڕ
بە خوێندن ئەبێ بە دانەیی دوڕ
لەناو دنیادا ئەوەی نایابە
عیلم چاکتری هەموو ئەسبابە
عیلم سەرمایەی فەقیرە ئەگەر
بچێتە غوربەت بەبێ سیم و زەر
جاهیل و نەزان بێ فیکر و تەدبیر
وەکوو شەڕکەرە بەبێ شیر و تیر
سەیری میللەتان بکە سەراسەر
وەختە بگەنە لای کوورەی قەمەر
سواری با ئەبن بۆ گەشت و گوزار
بە ئارەزوویان ئەیهێننە کار
بە سەنعەت کەشتی ئەکەن وەکوو شاخ
بەناو دەریادا ئەڕوا بەدەماخ
دۆزییانەوە ماددەی کارەبا
غەواسە ئەڕوا تا بنی دەریا
دار و ئاسنی بێ گوێ و بێ زوبان
ئەخاتە قسە هەروەکوو ئینسان
فائیدەی زانین تەعریف ناکرێ
ئاسار ئەمێنێ زانا نامرێ
هەر نەزانینە واسیتەی پەستی
هەر عیلمە مایەی بەرزی و سەربەستی