پشیلەی ڕیاکار

لە کتێبی:
دیوانی زێوەر
بەرهەمی:
زێوەر (1875-1948)
 1 خولەک  336 بینین
بە زەردەخەنە برزو هات بەتاو
بەدەستیەوە بۆ دەورەیەک پڵاو
بەدەستەکەی تر کولێرەیەک بوو
لە هەردوو دیوی ڕوون تێ هەڵسوواو
بۆنی چێشتەکە و کولێرە چەورە
پشیلەی کێشا وەک ماسی ناو ئاو
لەبەردەم برزو و پشیلە بەڵەک
نەختێ یاریی کرد لەگەڵ میاوە میاو
کلکی بڵند کرد پشتی دانەواند
وەک مەراییکەر دەستی لەسەرچاو
برزو و زیرەک بوو سەری بۆ گوێی برد
وتی ئەی ڕەفیق سەد جار لێت سەڵاو
ئەم مەرایییە ئەم مەحەببەتە
من لێت ناگرم بەنانی سووتاو