کوردێکم ئەوێ
لە کتێبی:
دیوانی زێوەر
بەرهەمی:
زێوەر (1875-1948)
1 خولەک
1063 بینین
کوردێکم ئەوێ زرنگ و چالاک
بۆ موددەعی چوست و بێ باک
کوردێکم ئەوێ کە ڕۆژی ئەمڕۆ
جێ خەنجەرەکەی نەکا بە سیواک
کوردێکم ئەوێ بە هۆش و دانش
بۆ وەزعی زەمانە خاوەن ئیدراک
کوردێکم ئەوێ نەکا مەرایی
بۆ خاوەنی فلس و مولک و ئەملاک
کوردێکم ئەوێ کە خواش بناسێ
ئیمانی ببێ بەشاهی «لولاک»
کوردێکم ئەوێ نەبێ بەدایم
مەشغولی خەو و خەیاڵ و خۆراک
کوردێکم ئەوێ کەمال و فیکری
لای میللەتەکەی بگاتە ئەفلاک
کوردێکم ئەوێ کەوا نەترسێ
هەرگیز لە وەزیر و میری سەفاک
کوردێکم ئەوێ کە هێزی وابێ
بێگانە بخاتە سەر زەوی و خاک
کوردێکم ئەوێ لە ڕێی وەتەندا
بێ غەش بکەوێتە خزمەتی چاک
کوردێکم ئەوێ هەموو برابن
هیچ فەرقی نەکا نەباب و نەداک
گەورە بەبچووک بڵێ برالە
چوکەش کە بەگەورەکەی بڵێ کاک
بەم ڕەنگە ئەگەر دەستم کەوێ کورد
بێ گیانی ئەکەم هەزار زوحاککەس