پردی وەتەن

لە کتێبی:
دیوانی زێوەر
بەرهەمی:
زێوەر (1875-1948)
 1 خولەک  606 بینین
وا تەواومان کرد پردی «تەگەران»
بەسەریا بڕۆن گەلی هاوسەران
پردێکی تریش بۆ «قەڵاچوالان»
نۆرە دێتە سەر «سیوەیل و ئالان»
پۆستەی شارباژێڕ ئیتر ئاو نایبا
ڕەنجی مەلەوان دراوە بە با
زستان و بەهار ڕێگا بەندان بوو
مەئمووری چوارتا ئەهلی زیندان بوو
ئێستا وا ڕێیان بۆ کرایەوە
تەنها پردێکی سیوەیل مایەوە
ئەویش بەخێرێ دێتە کایەوە
مسکێن زاڵمی لێ تەکایەوە
بەفری سەر «گمۆشوێن» وا توایەوە
هەژار لە بێگار وا حەسایەوە
«ئەدهەم» لەم دەشتە لەبەر هەتاوە
ئەچەوسێتەوە هێزی نەماوە
قەی ناکا با ئەو بسووتێ خاوە
بەڵام خزمەتی هەر لە پێش چاوە
با ئەو وێران بێ وەتەن ئاوا بێ
فیکری هەموومان وا چاکە وابێ