فەلسەفە

لە کتێبی:
دیوانی زێوەر
بەرهەمی:
زێوەر (1875-1948)
 1 خولەک  924 بینین
بێ فائیدە سەودازەدەیی پارە و پوولی
بێ سوودە کە بەسراوی خەمی پەرچەمی لوولی
ڕێی ڕاستی قەت ناگری، هەر چەوتییە ڕێگات
لەم عەرسەی دنیایە وەکوو هاودەمی کوولی
نوستووی لە بەرابەر سەنەمی عیففەت و ئەخلاق
بۆ زەوق و سەفا و ڕاهی سەفاهەت چ عەجوولی
مەحروومی لە دەرگاهی هەموو ئەهلی سەعادەت
خۆشیت چییە لای ئەهلی هەوەس ئێستە قوبووڵی
ئەمڕۆ بە فەرەح ڕادەبوێری لە هەموو جێ
وەڵڵاهی سبەی قوڕ بەسەر و مات و مەلوولی
ڕۆژ و شەوت ئەڕوا بەعەبەس دوور لە ئیتاعەت
شەرمەندەی دەرگاهی خوداوەند و ڕەسوولی
هاومەجلیس و هەم پیاڵەی سوڵتان و خەلیفەی
بۆ حیرس و تەمەع پێشڕەوی هۆردوویی مەغوولی
هەرچەندە جگەر گۆشەی گەورەی شوهەدابێ
گەر بێ عەمەلی لەککەی بەرچاوی بەتوولی
بەهلوولی بە دینداری و زەغلوولی بە گوفتار
حەققەن نە ئەوی، نەئەمی بێ دین و جەهوولی
ئەی غافڵی بێ کردەوە بێ ئاوی و بێ زاد
وریابە سەفەر کردەی سەحرای بەتوولی