سیاسی نیم

لە کتێبی:
دیوانی زێوەر
بەرهەمی:
زێوەر (1875-1948)
 1 خولەک  825 بینین
سیاسی نیم و عەسکەر نیم، بەڵام دیارە بە ئاساری
کە هیتلەر لەڕ بووە نەیماوە هەڵپەی پار و پێراری
لە بەڕ کەڵبە و بڕەی ورد کردووە ورچێکی کوێستانی
لە ئاویشا بەجارێ دوو نەهەنگ داویە پەلاماری
ڕەفیقیشی کە مۆسۆلێنیکەسیە مەعلوومە لای عالەم
لە دەست یۆنان گەیشتە ئاسمان فریاد و هاواری
ڕەفیقی حیزە، خۆی بێ هێزە، مانەندی کەری دێزە
بەتۆپینیش ڕەزایە مەرگی هاوەڵ بوو بەسەرباری
بەتوند و تیژی هاتە پێشەوە هیتلەرکەس بەڵام دوایی
پەتی پچڕا و، هیوای بڕڕا، دەفی دڕڕا، نەما چاری
دەخیل ئەی خێڵی ئینگلیزی سەقالیا پڕ لە ئیسلامە
ئەبێ چاودێری بکرێ چ دێهاتیی و چ ناوشاری
سەداکەی فاتیکان فتوای جیهادی دابوو بۆ سەر ڕووس
منیش فتوا ئەدەم «پاپا» بەپایەک بێننە یاری