من ئەڵێم

لە کتێبی:
دیوانی زێوەر
بەرهەمی:
زێوەر (1875-1948)
 1 خولەک  945 بینین
من ئەڵێم: لازم نییە فێر بم لە دنیادا حیساب
پێم ئەڵێن: ئەی چۆن نەجاتی خۆت ئەدەی ڕۆژی حیساب؟
من ئەڵێم: مەهدیکەس لە دنیادا نییە و زیندوو نییە
شاهـ ئیسماعیلکەس ئەڵێ: ئەتهێنمە بەر داری عەزاب
من ئەڵێم: هیچ حەوسەڵەی سەیری کیتابم لا نییە
پێم ئەڵێن: مەجبوور ئەبێ بگری بە دەستێکت کیتاب
من ئەڵێم: هەر باری عەشقی ئالی حەیدەر کافییە
ئەهلی سوننەت پێم ئەڵێن: سەربارییە حوببی سەحاب
ئێوە مەهدین یا نەبی یاخۆ لە بابی پرس ئەکەم
ئەم سوئالەی من لە ئاخردا دەمێنێ بۆ جەواب
من ئەڵێم: کەی میللەتی خۆت خۆش ئەوێ غەمیان ئەخۆی؟
پێم دەڵێ: وەختی شەرابێکم ببی گۆشت و کەباب
من ئەڵێم: کەی یادی حەشر و دۆزەخ و ئاگر ئەکەی
پێم ئەڵێ، وەختێ ببینم سووفیی و مەللای خەراب