هۆنەری ئەم زەمانە

لە کتێبی:
دەشتی گەرمیان
بەرهەمی:
قانع (1898-1965)
 1 خولەک  825 بینین
هۆنەری ئەم زەمانە بێ دەنگن
بۆیە میللەت لە پاش و پێ لەنگن
تەزحیە لازمە لەسەر شاعیر
چونکە ڕۆحی ڕەوانی فەرهەنگن
خوێندنە، وا برایی هێنا پێش
دوور لە تاڵان و کوشتن و جەنگن
ئەو کچانە کە ئیستە ئەیبینی
چەندە نازدار و نازک و شەنگن
حەیفە وا پۆل بە پۆل لە بێگارا
زەرد و ژاکاو و زیز و بێ ڕەنگن
پاڵەوانی بەهێزی کاریگەر
بۆچی وا گشت مەلوول و دڵ تەنگن
سەیری پیرانی تێگەیشتوو کەن
هەر ئەڵێی گێژ و لێوەیی بەنگن
بۆچی هەندێ لە زنجەدا خنکاو
هەندێ دڵخۆش لە کۆشک و ئەوڕەنگن
گەر تەماشای دەس و دەم و چاو کەی
ئادەمیزادە پاکی یەک ڕەنگن
بۆ لە ژینا گەلێ بە مەیل و مراد؟!
دەستەیێ گیری ڕۆزیی تەنگن
بۆچی نادانی دەوڵەمەن، ژیرن؟!
بۆچی زانای بێ نەوا نەنگن؟!
ئەی دەسەی خوێندەوار و پاشکەوتوو
کۆ بنۆ، یەک گرن وەکوو هەنگن
شان ئەکەن، شار ئەکەن، ئەگەن بە مراد
بۆچی ئیتر زەعیف و بێ ڕەنگن