خەنجەری قانع و تاقی کیسرا

لە کتێبی:
دەشتی گەرمیان
بەرهەمی:
قانع (1898-1965)
 6 خولەک  924 بینین
ڕۆژێک لە بەغدا دەرچووم بۆ گەڕان
ڕووەو ڕۆژهەڵات بە ناوی سەیران
لە پاش ماوەیەک ڕۆییم بە ڕێدا
مانوو بووم تۆزێک وێسام لە جێدا
کاتی بەهار بوو ڕوانیم ئەو دەشتە
بە گوڵ چنرابوو، ئەتوت بەهەشتە
مێرگی پڕ چیمەن، گوڵی سەوز و سوور
ڕیزی گۆڵاڵان ئەدرەوشا لە دوور
ڕوانیم لە دوورۆ گردێ دیارە
تۆزێ تێفکرام بینیم ئاسارە
هەروا ڕۆیشتم تا گەییمە پاڵی
نەختێک تێفکرام لە شێوە و حاڵی
زانیم پاشماوەی دەوری دەورانە
خاپووری دەستی جەوری زەمانە
دوو تاقی گەورەم لەوێ پێش چاو کەوت
کۆنە و داڕووخاو بە وێنەی ئەشکەوت
بە چاوێکی ورد خەیلێ تێفکرام
لەو جێگەی خۆما وێسام بە سەرسام
وتم ئەی گەردوون پڕ زوڵم و ستەم
پڕ مەینەت و ئێش، پڕ دەرد و ئەلەم
ئەم یادگارە هی کام دەورەیە؟
جێگەنشینی کام شای گەورەیە؟
کێ پێی دڵ‌خۆش بوو؟ کێ کردی بە ماڵ؟
کێ ئیشی تیا کرد؟ کێ پێی بوو خۆشحاڵ؟
کێ دیواری کرد؟ کێ ڕشتی ڕەنگی؟
کێ جێی هێشت پاش خۆی زۆر بە دڵتەنگی؟
کێ کوورەی گەچی بۆ هێنایە تاو؟
کێ تیا دروست کرد باغ و حەوزی ئاو؟
کێ دەوری شاهی تێدا بە سەر برد؟
کێ تیا دائەنیشت؟ کێ خزمەتی کرد؟
ئاخۆ چەن هەژار بێ سەروسامان
بۆ محاکمە هاتنە دیوان؟
ئاخۆ چەن گەنجی بێ‌کەسی هەژار
لەسەر خۆڕایی تیا درابێ لە دار؟
ئاخۆ چەن هەتیو بێ داک و بابان
تیا هەڵتووتابن بۆ پارچەیەک نان؟
خۆزگە ئەمزانی جێگەی کێ بووە
فەوتی کردووە و بەجێی هێشتووە
ئەمزانی جێگەی کام شەهریارە
عەدڵ پەروەرە، یا ستەمکارە!
وەتەن پەروەر و ڕوو لە زەحمەت بوو
یا وەک هێندێ شا، گورگی میللەت بوو
خۆزگە ئەمزانی ئەم کەلاوەیە
نیشانەی عەدڵی هیچ بە لاوەیە!؟
ناگاە لەو گردە دەنگێ پەیدا بوو
بە زمانی حاڵ کەوتە گفتوگوو
وتی: ئەی خەنجەر! هەژاری بێکەس
لە من خرابتر بەبێ فەریادڕەس
ئەم تاقە کۆنە وا داڕووخاوە
ئاساری کۆنی عەدڵە جێ ماوە
پاشماوەی دەوری نەوەی ساسانە
یادگاری کۆن، نەوەی شاهانە
وەختی خۆی جێگەی شەهریاران بوو
تاقانەی دایکی چەرخی دەوران بوو
چەن گرێی دڵی هەژاری کردۆ
لە ڕووی مەیدانا گۆی عەدڵی بردۆ
ئەم تاقە کەوا ئەترافی بۆشە
کۆنە و داڕووخاو، رەنگی نەخۆشە
ئەمە سەرچاوەی عەدڵی دنیا بوو
بێ‌وێنە و نایاب تاقی تەنیا بوو
کانگای دادگا و عیلم و زانین بوو
بۆ باخچەی گەلی هەژار پەرژین بوو
جێی گوشادبوونی دڵەی پڕ خەم بوو
جێی دەرکردنی جەور و ستەم بوو
جێگەی شایانی عەدڵنەوا بوو
جێی زانایان و دەستەی مەلا بوو
جێگەی شانازی نەتەوەی کورد بوو
جێگەی شێرانی بەدەستوبرد بوو
جێی دڵخۆشکردن نەوەی مەغوور بوو
جێی پێکەنین و شادی و سروور بوو
جێی پێکهێنانی ئاواتی کز بوو
دوور لە ئینسانی ڕووڕەش و دز بوو
مەنواڕە برا ئێستە خامۆشە
ناوی لە بازاڕ حەق فەرامۆشە
ئەنەوشیرەوان، نەوەی ساسانی
بۆ دادگای خۆی ئەمیە پێکهانی
کیسرا نەتەوەی ساسانیان بوو
شاهی دەنگدلێر، مەردی مەیدان بوو
ساسانیەکانیش کوردی تەواون
لە ناو مێژوودا بە کورد ناسراون
پەخش بوو عەدڵی بە ڕووی دنیاوە
ناوی مەشوور بوو لە هەر چوار لاوە
لە دەوری کیسرا پێکۆ گورگ و مەڕ
ژینیان سەر ئەچوو، بێ هەرا و بێ شەڕ
تەرازووی ستەم پەتی چڕابوو
گڵۆپی عەدڵی، تیا هەڵکرابوو
هەتاکوو دەورەی نەوشیرەوان بوو
یەگانەی دەستی دەوری دەوران بوو
ئەمە دەسکردی شاهی کیسرایە
مەنواڕە بەوا وا بێنمایە
ئەزانی بۆچی وا داتەپیوم!؟
ئێستە ئازیەتبار هەر وەک هەتیوم!؟
من فەخر ئەکەم بەم وێرانەیە
چونکە پاشماوەی ئەو زەمانەیە
من چەندە ئاڵای ڕەنگاوڕەنگم دی
چەن دەوری ژینی بە بێدەنگم دی
چەن میللەت‌پەروەر چەن پادشاهان
چەن ئازادیخوا، چەن پاڵەوانان
چەن وەزیری باش، خەمخۆری هەژار
دەستەی نائیبان هەزاران هەزار
چەن ئەدیبان و عالمانی چاک
لای من کۆچیان کرد بۆ ژێر پەردەی خاک
ئەم دەشتە گەورە ئەبینن بە چاو
سوار ڕیز ئەبون بۆ سەفەری ڕاو
هەژار و کوێخا و وەزیر و پاشا
هیچ فەرقی نەبوو لەو دەورە، حاشا
کەس زۆردار نەبوو، هەموو وەکوو یەک
لە شێخ و ئاغا و ئاسنگەر و بەگ
کەس ماڵی کەسی بە زۆر نەئەبرد
گڵۆپی عەدڵ دنیای ڕوون ئەکرد
هەموو بە دڵ‌خۆش، دەم بە پێکەنین
دەوریان ڕابورد لە ڕووی سەرزەمین
مەنواڕە بە وا کە ئێستە چۆڵم
وێرانە و ڕووخاو، جێماوی پۆلم
ڕیزی سوارە و پێشمەرگەی دلێر
لەم دەشتە گەورە ئەوێسان وەک شێر
ئێوارەوەختە بۆ سەلامی شا
زۆر بە موحتەرەم ئەوێسا سپا
دەنگی کەڕەنا و موزیقەی هۆردوو
لە هەر چوار لاوە، نەوەک یەک و دوو
هەموو بەیانێ تەعلیمی عەسکەر
تەدریبی شمشێر، گورز و بەرکەمەر
بۆ جەژنی نەورۆز ئەبوو بە هەرا
لە هەر چوار لاوە ئاڵا هەڵئەکرا
بۆ داوا کردن دەوری ئاسایش
دەرئەچوو سپا ڕۆژی نمایش
ئەم گۆڕستانە کەوا دیارە
مەنزڵگای کۆچی لاوانی شارە
چەن لاو، چەن گەنجی زیرەک و دلێر
ژیر و هونەرمەند، وەکوو بێچووەشێر
چەندە ئەدیب و چەن سنعەتکاران
چەن چاونەترساو، چەن کاسبکاران
چەن پیاوی گەورە، چەن مناڵی ورد
لە تورک و عەرەب، لە فارس و لە کورد
لەم گۆڕستانە بوون بە میوانی
جێگەیان خۆش کرد بە جاویدانی
ئەو دەورە خەو بوو، بینیم و دەرچوو
سەد هەزار خۆزگەم بە زەمانی زوو
خەنجەر! بزانە دنیا هەر وایە
بۆ هەموو کەسێ هەر بێوەفایە
من بەلای خۆمۆ کانگای عەدڵ بووم
ئێستە ئەبینی کە بەم دەردە چووم
ئەو جێگە، جێگەی ستەمکارانە
ئاخۆ چی لێ کا دەستی زەمانە؟
بڕوانە لە حاڵ لوئیس و زوحاک
بە چ ئەحواڵێ چوونە پەردەی خاک!؟
من ناوی چاکەم خستە دنیاوە
ئەوان لەعنەتیان لە شوێن جێماوە
مادام کە دنیا هەر ئاخربوونە
باش بێ و خراپ بێ، لە دەس دەرچوونە
چەن خۆشە گشت کەس ناوی بە چاکە
مێژوو بینووسێ لە ڕووی ئەم خاکە