چیرۆکی جزدانێ!

لە کتێبی:
ئاوێنە بچکۆلەکان
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 2 خولەک  321 بینین
جزدانێکی ڕەشتاڵە وای گێڕایەوە:
هەبووم، نەبووم
من وەختی خۆی
پێستی تەوێڵی شێرێ بووم.
ڕۆژێ فیشەکێ سمیمی و شێرم کوژرا!
دوو دەست، چوار دەست
دە دەست هاتن
گوروویانم
خۆشیان کردم
ڕەنگیان کردم.
سەفتە سەفتە
لەگەڵ هەزار پێستەی تردا
وچان وچان
هەڵتەک هەڵتەک
سواری پاپۆڕ و
واگۆن و
لۆریی بارهەڵگریان کردم.
هەتا لەناو گرمەگرمی کارگەیەکدا دایانگرتم
دواتر کردیانم بە جزدان.
دوور بردیانم
هەر دوای لەدایکبوون یەکسەر
فرۆشتیانم.
من بەر وڵاتی کورد کەوتم
لە شارێکدا
کە شاخ سەر و درەخت لەش و
چەم قاچی بوو
ڕەفەی دووکانێکی بچووک بوو بە ماڵم.
ڕۆژێ پیاوێکی گردەڵەی دەموچاو کونج
بانگیان ئەکرد: «فایەق بێکەسکەس»!.
لای دایە لام
منی کڕی و هەڵیگرتم
هەتا نزیکەی دە ساڵێ من لە باخەڵیا ژیام و
من لە باخەڵیا ئەنووستم.
من جزدانێکی لاواز بووم
بێ غەبغەبە
بەتاڵ
بەتاڵ
هەر چوار ژوورەکەی گیرفانم.
ڕۆژێ نەمدی قەڵەو بم و ورگم هەبێ
ڕۆژێ نەمدی وەک جزدانەکەی دراوسێ
بە دەم مۆڵە دینارەوە پێبکەنم!
بەڵام دوو جار
لەسەر پێستی ئەم تەمەنە
شێر پەنجەمۆری بۆ کردم
یەکەم شێرم یادی نەڕە و
زامی بێشە و
دووەمیشیان دوای خۆی تەنها
تەنها تەنها
شەش پەنجایی و
دوا هەڵبەستی بۆ ئازادی
تیا جێهێشتم!