کۆست

لە کتێبی:
ئاوێنە بچکۆلەکان
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  582 بینین
لە بەیانیی ئەو کۆستەدا
دەست و مەچەک و بازوومان
وەک خۆی مابوو
بەڵام سارد، سارد
بەڵام سڕ، سڕ
وەکوو پێمانەوە نەبێ وا بوو.
لە بەیانیی ئەو کۆستەدا
قوڕگ و مەڵاشوومان مابوو
بەڵام دەنگمان وەکوو گوللەی چەکەکانمان
ئەویش هاواری چرووک و
ژێی پسا بوو!
دەسمان، دەنگمان، لە چی ئەچوو؟!
من خوێنی خۆم گرتبوومی
نەمزانی بڵێم وەکوو چی؟!
دایکم وتی:
- وەکوو لوولەی یەخسیر و زنجیرکراوی
تۆپەکانی وەستا ڕەجەب!