تەختەبەند

لە کتێبی:
ئاوێنە بچکۆلەکان
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  264 بینین
ئەو تریفەی مانگەشەوەی
کە شیعرێکم دابووی لە قژی درێژت
دەستم برد و
بەهێواشی لێم کردەوە.
ئەو شەپۆلەی کە چیرۆکێکی زۆر کورتم
وەکوو پشتێن لە کەمەرتی ئاڵاندبوو
دەستم برد و
بەهێواشی لێم کردەوە
ئەو کراسی ئاودامانەی ڕۆمانێکم
کردیە بەرت
دەستم برد و
هێدی هێدی
ئەویشم لەبەر داکەندی.
شاژنی جوان!
بە تەنها هەر ئەو تەختەبەندەم هێشتەوە
کە شانۆیەکم کردبووی
بە چرپای خەوی هەردووکمان.