لە بیرەوەرییەکانی دارمێوێکەوە

لە کتێبی:
ئاوێنە بچکۆلەکان
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 2 خولەک  338 بینین
لەناو دەفتەری ڕەزێکدا
دارمێوێ ئەم یادداشتانەی نووسیبۆوە:
- وا هەڵئەدەم!
ئەمڕۆ من بووم بە بەرسیلە.
هەر سەعاتێ بەر لە ئیستە
بە دزەدزە و ماتەمات
دوو منداڵی چەتوون هاتن
دایانمە بەر گڵمتک و بەرد.
ئاخ! چەندم لێ هەڵوەریە عەرد!
منداڵەکان، بە خوێی سەر لەپی دەستەوە
بە مڵچەمڵچ لێیان خواردم
هەتاکوو دانیان ئاڵ بۆوە.
بەڵام ئاخر خۆ من ناهەقیشیان ناگرم!
من ترشم و، ئاو زانە دەم،
لەو دوورەوە
سوێ ئەکاتە ناو دڵەوە.
عافێتیان بم!
- ئیستە من قژم پڕترە و بووم بە ترێ
ئەمڕۆ لە نزیک منەوە
بوو بە شەڕێ نەبێتەوە!
لە عەسرەوە تا ئێوارێ، شەڕ خایاندی
لە دوای شەڕیش پێشمەرگەیەکی زامدارم
لەژێر گەڵامدا شاردەوە.
لە ژێریشەوە دەستم برد
یەک دوو هێشووم لە سنگی خۆم بۆ کردەوە و
دامە دەستی!.
- ڕنیویانم، بەڵام لەناو کونە بەردا
چەندین هێشووی فلیقاوەم
بوون بە بادە.
دوێ ئێوارە، شاهۆیەک بوو بە میوانم
لە ئاوی ئاڵی خواردمەوە
هێندەی نەبرد شاهۆ مەست بوو
سەرخۆش، سەرخۆش
نە لەسەر قاچ، نە لەسەر کلک خۆی نەئەگرت!
ئیتر بە دەم خواردنەوەوە، تا درەنگان
هەتاکوو نووست
«شاهۆ» هەر شیعری «بێکەسکەس»ی
بۆ من و ڕەز ئەخوێندەوە!.
- بەفر ئەبارێ و بووم بە مێوژ
کراومەتە ناو قاپەوە و
لەبەردەمدا دانراوم.
داپیرەیەکی قژ سپی
زارۆکانیش بە چوار دەورا.
وەک تامی من
حیکایەتی ئەمشەو خۆشە.
کە داپیرەیش گەیشتە سەر:
«هاتمەوە هیچیان نەدامێ»
لەناو بنی توورەکەدا
منیش هیچی وام نەمابوو
هەتا بخورێ!.