ئەم شاخە

لە کتێبی:
ئاوێنە بچکۆلەکان
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  304 بینین
ئا ئەو شاخە
پیرەمێردە مل باریکە
بەم ڕۆژگارە، بەو سەرەوە، هەر خەریکی
خوێندنەوەی: گرد و ڕووبار و کێڵگە و دەشتە!
هەورێ وتی:
- من ئەزانم ئەم سەر ڕووتاوەی ڕیشنە
چەند شیعری بەفر و باران و زریان و خۆری لەبەرە.
من ئەزانم چەند کورتەچیرۆکی جۆگە و
چەند ڕۆمانی ڕووباری دوورودرێژی خوێندۆتەوە
ئا ئەم شاخە پیرەمێردە مل باریکە
مەیبینە وا کزۆڵەیە، بیری تیژە.
لە بیرێتی بە چ ڕۆژێ ئاو ژانی گرت
بە ڕووباری نۆبەرەوە!
لە بیرێتی وەختێ ئاگر پێڕەوکە بوو.
ئا ئەم شاخە پیرەمێردە مل باریکە
من ئەزانم چەند دارستانی قامووس و
چەند پەڵکەگیای وشەی هەیە
ئا ئەم شاخە پیرەمێردە مل باریکە!.