چاوپێکەوتنێکی ئەدەبی

لە کتێبی:
ئاوێنە بچکۆلەکان
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  311 بینین
ئەم بەیانییە بە پەلە
«کڵاوکووڕە»ی ڕۆژنامەنووس
کڵاوەکەی کردە سەری و
چوو چنارێکی شاعیری هاوسێی بینی.
کڵاوکووڕەی ڕۆژنامەنووس
تەنها یەک پرسیاری لێ کرد:
- چۆن و کەی و بۆ ئەنووسی؟
چنار وەک خۆی ڕابژەنێ وا بوو.
تۆزێ مات بوو، لە دواییدا کەمێ جووڵا و
ئینجا وتی:
- زستانان بیر ئەکەمەوە و هیچ نانووسم!.
لە سەرەتای بەهارەوە وشەکانم
گۆپکە، گۆپکە، سەر هەڵئەدەن،
هەتا ئەبن بە هەڵبەستی چڵ و گەڵا.
لە هاویندا بیرکردنەوەم باڵا ئەکات.
وەک ئەزانن لە کۆتاییی پاییزیشدا
چاپ ئەکرێن و خەزانیش دابەشیان ئەکات!.
بە قەڵەمی سەوزیش نەبێ، من نانووسم.
بە دەم «سەما»یشەوە نەبێ
هیچ شیعرێکم ناخوێنمەوە!.
بۆ ئەنووسم؟!
ئەوەی ڕاستی بێ بۆ ئەوەی
دنیای ئەوین ڕووناکتر بێ و ئاو زۆرتر بێ
هەرچی باڵندەی عاشقە خۆشیان بوێم
ئەم دار و بەردەیش تێم بگەن!