جوانترین گوڵ

لە کتێبی:
ئاوێنە بچکۆلەکان
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 2 خولەک  640 بینین
لەبەر هەیوانی هەورەوە
کە خۆر دەرکەوت و پێکەنی
ئیتر پایتەختەکەی بەفر لە خۆشیاندا
بە سەر شەقامی هەتاودا بە پێی پەتی
ڕایئەکرد و پارچە پارچە
بەرگی بەری دائەکەنی!
لەو ڕۆژەدا پێشبڕکێ بوو
پێشبڕکێی جوانترین گوڵ بوو
ستۆکهۆڵمشوێن
بۆ ئەم ئاهەنگی هەتاوە.
کام گوڵەیان هەڵئەبژێرێ و
لەبەر ئاوێنەی ڕووباردا
ئەیدا لە ئەگریجە و قژی؟!
کام گوڵەیان؟
هی کام باخچە؟! هی کام دوورگە؟!
هی کام کۆگا؟! هی کام ماڵ و
کام پێشانگە؟!
دوورگە وتی: گوڵی کەنار ئاوی زۆرم
ئەو یەکەمە!
مەیدان وتی: گوڵی بەر پرشەی فوارەکەم
ئەو یەکەمە!
نهۆم وتی: گوڵی ئینجانەی باڵقۆنی هەرە بەرزم
ئەو یەکەمە!
لەبەر بەرۆچکەی هەتاوا
پێشبڕکێ بوو
پێشبڕکێی جوانترین گوڵ بوو
ئەی کێ ئەبێتە سەرپشکی هەڵبژاردن؟!
جووتێ کۆتر
دوو دارزەیتوون و دوو منداڵ
لە داڵانێکی نارنجیی خۆرنشیندا ‌
کۆبوونەوە و بڕیاریان دا و ڕایانگەیان
ئەو گوڵانەی لە باوەشی ئەم شارەدا
لەوان جوانتر هەرگیز نەبێ
ئەو گوڵانەن
لەسەر شۆسەی «سڤێ ڤێگن»
خراونەتە
سەر خوێنەکەی «ئۆڵف پاڵمێکەس»!