تاکوو دڵ مابێ مەکۆشە قەت لە ئابڕوو بردنم

لە کتێبی:
دیوانی کوردی
بەرهەمی:
کوردی (1809-1850)
 1 خولەک  1058 بینین
تاکوو دڵ مابێ مەکۆشە قەت لە ئابڕوو بردنم
عیشق تا خۆش بێ مەکێشە ڕەنجی ڕیسوا کردنم
پێشەوای کاروانی بێ ڕەحمی هەتا ماوی ئەتۆی
هەڵگری باری جەفا و هیجران هەتا دەمرم منم
هەر ئەتۆم دیوە لە خۆم دڵسۆز و موشفیق تر بە خۆم
چونکە وا ساعی و عەجوول و تالبی بۆ مردنم
خۆ نواندن بەس بێ بە خوا ڕووی جیهان زانی کە تۆ
قادری بۆ کوژتن و تاڵان و زەجر و گرتنم
نازە یا خۆ مەیلە یا نەشئەت تلووعی کردووە؟
یا بە هوشیاری وەکی مەستی بەهانەی کوژتنم
تینوویی نەزعی فیراق و یادی جوللابی لەبت
جوبڕەئیل یارم بێ باز ئیشکالە ڕۆح دەربردنم
بەخت یەک هیجرەت دوو و غوربەت سیان و دڵ چوار
من یەکم، چوار تەوقی ناحەق بۆ چی چۆتە گەردنم؟!
گەر لە عیشقی سادەڕوویان دڵ بگۆڕم بێ گومان
موڕتەدم؛ یەعنی ئەسیری زولف و پوستانی ژنم
دڵ دەڵێ کوردیناسناوی ئەدەبی ڕەقیب دوژمنتە کۆنە لۆتییە
بۆیە وای کوت تا نەزانم کێیە دۆست و دوژمنم