گۆرەوی

لە کتێبی:
ئاوێنە بچکۆلەکان
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  536 بینین
لە دەرەوە
سەرمای کانوون
دەمی «با»ی لە گۆ خستووە.
لە ژوورەوە
خۆی بە تەنیا دانیشتووە.
لاڵوپاڵ وەک بەرخ و کاوڕ
منداڵ نووستوون.
مێردیش ئەوە چەند ساڵێکە
زریانێکە و
شوێن عەشقی چیا کەوتووە.
خۆی بە تەنیا دانیشتووە
ئەڵێی شۆڕەبیی پاییزە و
سەری بۆ کۆش داخستووە.
هەر ئەچنێت و ئەچنێ
ڕاسپاردەی
گۆرەوییە پووزەوانەکەی
نیوەشەوێ تەواو ئەبێ
داخ! نازانێ، ئاخ! نازانێ
کاتێ گۆرەوی ئەگاتێ
ئەو هەر تاکی چەپی ئەوێ!.