پرسیار و وەرام

لە کتێبی:
ئاوێنە بچکۆلەکان
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  460 بینین
- تۆ بینیوتە درەخت بگری و هاوار بکا؟
- من بینیومە چونکە لەتەنیشت منەوە
چەمێکیان کوشت
چونکە لە نزیک منەوە
گڕیان لە یاڵی «با»ش بەردا!
- ئەی بینیوتە وشە ببێ بە خەڵووز و
کتێب سەری بپژێت و
تەباشیریش خۆی ڕەشپۆش کا؟
- من بینیومە چونکە لەتەنیشت منەوە
قوتابخانەی گوندێکیان کوشت
چونکە لە نزیک منەوە
قەڵەمێکیان کرد بە پەتا!
- ئەی بینیوتە بەرد پێکەنێ؟
لە خۆشییاندا کەژ هەڵپەڕێ؟
شەقام بڕوات و بگەڕێ و
لەناو شارا سەما بکا؟!
- ئەی چۆن، هەموو بینیومانە
وەختێ قەندیلشوێن
یەکەم کوڕی پێشمەرگەی بوو
وەختێ باڵای چەک داگیرسا!.