پێڵوو

لە کتێبی:
ئاوێنە بچکۆلەکان
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  415 بینین
کە مانگ هەڵهات
یەکەم چەپکە تریفەی خۆی
پێشکەش بە لووتکەی بەرز کرد
لەپەناوە
کانییەک چاوی تێ بڕی و
داوای یەک ماچی لێ ئەکرد
لەبەر پەنجەرەی ژوورێکدا
نامەی دڵدارێکی بێدار
تکای مانەوەی لێ ئەکرد
لەپڕێکدا کە ئاوا بوو
چوون بۆی گەڕان
سەیریان کرد مانگ
لەناو شیعرێکدا نووستووە
خەمی کانی و نامە و لووتکەی
لە پێڵوویدا هەڵگرتووە.