پاش وەخت

لە کتێبی:
ئاوێنە بچکۆلەکان
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  642 بینین
درەنگ، درەنگ تێگەیشتم
من دەمێک بوو وەک «کاربۆن»ی
ژێر قسەکانی تۆ وا بووم
هەر - دەر کردنەوە -م لەسەر بوو!
درەنگ، درەنگ ئەوەم زانی
ئەو ڕووەی تۆ ئەتدا بە من
وەک پولی پۆستەیەک وا بوو
لە خەڵکی کەت ئەکردەوە و
ئەدنا لە من
درەنگ، درەنگ تێگەیشتم!