ڕێگای لەنین

لە کتێبی:
لە کۆڕی خەباتا
بەرهەمی:
گۆران (1904-1962)
 2 خولەک  1162 بینین
لەگەڵ کۆتر شوێن ڕووناکیی ڕۆژ کەوتم
نە ڕۆژ، نە شەو، نەخەوتم
چیا و چیا، دەشتاودەشت، دەریا و دەریا
پێوانەم کرد بەرەو باکوور ڕووی دنیا
فڕیم بەناو هەوری بەرزی ئاسمانا
بەسەر هەزار هەزار دیمەنی جوانا...
تا گەییشتمە بەر دەروازەی کرەملین
ژێر سێبەری پەیکەری بەرزی لەنین!
ڕووی سرنجم کردە هەرکوێ لەنین بوو،
هەر خۆی باوک، سەرۆک، مامۆستای چین بوو...
دیم: نە بە ڕەنگ، دیم: نە بە دەنگ، نە بە بیر
لەکیس چووە، بۆ ئینسان، لەنینی ژیر!
ئێستایش دەستی درێژ ئەکا و بە ئەموست
شەقامی ڕاست پێشان ئەدا بست بە بست،
لە تاریکیی دنیای پڕ ئارەق و خوێن،
دنیای شەڕ و دنیای جەور و دنیای جوێن
پەلکێش ئەکا ئینسان بۆ دنیای تازە،
ئەو دنیایەی هەر خۆشییە و هەر نازە!...
لەو گەلانەی کە شوێن بڕوای ڕاست کەوتن،
وەک گەلانی دواکەوتووی تر نەخەوتن!
«ئازەری» بوو، ئازەربایجان وڵاتی،
ڕێگای لەنین کەوتە فریای نەجاتی!
دۆینێ کەڵبەی گورگی قەیسەر ئەیکرۆشت،
وەک تاڵانی بە تێڵا و شەق ئەیفرۆشت،
شاری وێران وەک شاری تۆ و دێهاتی
ژاوەی ئەهات لە نەخۆشیی و لە قاتی،
لە نەزانیی و ڕووتیی و قووتیی و هەژاریی،
ترس و لەرزی ماڵ وێرانی و بێکاریی...
بەڵام ئەمڕۆ خاکی ئازەربایجانی،
کە دوو ڕۆژە هاتووین بووین بە میوانی،
وا لە تیژگی ڕۆژی لەنینا نوقمە،
ئەڵێی لە بەر خۆرا گوڵی ئاوریشمە!
«باکۆ»ی کچی لەسەر دەریاچەی قەزوێن،
شانە ئەدا لە قژی زەردی خاوێن
لەگەڵ شانە کردنی بەر ئاوێنە،
سەری گەرمە بە گۆرانیی بێ وێنە
غەزەل غەزەل عەشقی «فزوولی» و «مەجنوون»
بە دەنگی سۆز ئەخاتە بەستەی مەحزوون
تا هونەری ڕۆژهەڵاتی ئیسلامی
گەشە بکا و بژی دیسان «نیزامی»!