بۆ گوڵی لاولاو
لە کتێبی:
سروشت و دەروون
بەرهەمی:
گۆران (1904-1962)
1 خولەک
2042 بینین
بە کوڵ گریان لە چاوم دێ، گوڵی لاولاوی ڕەنگاوڕەنگ!
لە بەرچی سیس ئەبی وا زوو؟ چییە ئەسبابی ژاکانت؟
هەموو تاوێکە ڕۆژ هەڵهاتووە، بۆ چی وەها بێ دەنگ
ئەژاکێی؟ تۆخوا، ئەی گوڵ، سەبر، دەستم بە دامانت!
***
سەبر تۆبی خوا! تاوێکیتر ڕاوەستە، تا عومرم
وەکوو ڕۆژی چلەی زستان لە هەوری مەینەت ئاوا بێ؛
منیش هاوڕێی سەفەرتم، ئەی گوڵی لاولاو منیش ئەمرم!
منیش خیلقەت وەکوو تۆ، وا نەبێ زۆرم لەگەڵ چا بێ!
***
منیش، وەک تۆ بەقام کورتە و بەهارم تیژ و کەم فرسەت،
گەشەم مەیلە و زەوالە چەشنی تۆ، چەشنی هەموو دنیا؛
وەکوو بارانی هاوین زوو فەنایە عومری بێ مروەت؛
تەبەخخور مایەیە، هەیهات، بە چەشنی شەونمی سەرگیا!