هەڵبەستی دەروون

لە کتێبی:
فرمێسک و هونەر
بەرهەمی:
گۆران (1904-1962)
 1 خولەک  2482 بینین
هەرچەن ئەکەم ئەو خەیاڵەی پێی مەستم،
بۆم ناخرێتە ناو چوارچێوەی هەڵبەستم!
لێکدانەوەی دەروون، قسەی زمانم:
بۆ چی وەها دوورن لە یەک؟ نازانم!
ئەمویست دەروون بکرایەوە وەک تۆمار
دەرکەوتایە دنیای جوانتر لە بەهار،
دەرکەوتایە: ئاوات، هیوا، خەوبینین...
پرشنگدارتر لە ئەستێرەی قوبەی شین!
دەرکەوتایە: مانای مەنگی دەریایی،
کە نەرمەبا لە ڕووی ئەدا ئەسپایی
دەرکەوتایە ئەو دنیایە کە شیعری
بێ فرمێسکە و زۆرتر لە فرمێسک ئەگری
زەردەخەنەی بێ ئاوێنەی دەم و چاو
تیژگێک ئەدا ڕووناکترە لە هەتاو!...
بەڵام ئەفسووس! کە ئەو شیعرە جوانانە
باڵدارێکن جێ ناهێڵن هێلانە،
لە ناوەوە ئەجریوێنن، ئەخوێنن
هەرگیز قەڵەم بە کاغەزا ناهێنن!